▪ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی مانگی رەمەزان و شۆفێریکردنەوە چەند رێنوێنییەکی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی مانگی رەمەزان و شۆفێریکردنەوە چەند رێنوێنییەکی بڵاوکردەوە. لە خاڵێکدا بە شۆفێرانی بارهەڵگر و تاکسییەکانی هێڵی دەرەوەی شار دەڵێت، پێویستە دوای تەراویح بخەون ئەگەر بەنیازبوون دوای نوێژی بەیانی بچنە سەر کار نەوەک تاوەک پارشێوە بەخەبەربن و دوای نوێژی بەیانی بچنە سەرکار، “چونکە لەو کاتەدا خەو لە پشتی سووکانی ئۆتۆمبێل تەواو دەکەن و رووبەڕووی کارەسات دەبنەوە”.

لە راگەیێندراوەکەی هاتووچۆی هەولێردا کە رۆژی 24ـی ئاداری 2023 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، پێویستە لێخوڕین بەو خێراییە بێت دیاریکراوە نەوەک زێدەڕۆیی، “چونکە رێگە هەمان رێگەی جارانە، ئۆتۆمبێلەکەشتان هەمان ئۆتۆمبێلە، ئەوەی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە جەستەی ئێوەیە کە بەهۆی رۆژووەوە شەکر و فشاری خوێنتان دادەبەزێت و دەبێتە هۆی بێتاقەتی و توانای شوفێریتان کەمتر دەبێتەوە؛ ئەگەر تیژڕۆبن، ئەوەندەی دیکە تواناکانتان کەم دەبێتەوە”.

راگەیێندراوەکەی هاتووچۆی هەولێر کە شەش خاڵی وەکو رێنوێنی بڵاوکردووەتەوە لە خاڵی دووەمدا هاتووە، پێویستە پێش سواربوونی ئۆتۆمبێل تەماشایەکی خۆتان بکەن و گوێ لە زمانی جەستەتان بگرن، ئەگەر هەستتان کرد بێتاقەتن یان زیاد لە ئاسایی تووڕەن یان خەوتان دێت، شوفێری نەکەن.

هاتووچۆی هەولێر بە شۆفێران دەڵێت: “پێویستە پێداویستییەکانی رۆژووشکاندن وەکو (پاقلاوە، ترشیات، شەربەت و خورما) بەر لە کاژێر 04:00ـی ئێوارە کڕدرابێت بۆ ئەوەی لەوکاتە بەدواوە کە بێتاقەتی لە لووتکەدایە ناچار نەبن بچنە بازاڕ بۆ شت کڕین، چونکە لە گەڕانەوەدا دۆخێکی نالەبار دێتە رێگەتان و ناچار دەبن تیژڕۆیی بکەن”.

پۆلیسی هاتووچۆ بە پێویستیشی زانیوە کە شۆفێران بەردەوام چاویان لەسەر رێگە و دەوروبەر و پیادەکانیش بێت، چونکە پیادەکانیش بەهۆی بە رۆژووبوونەوە سەرنجیان کەم دەبێتەوە و رەنگە بەبێ ئاگایی بپەڕنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە شۆفێرانی بارهەڵگر و تاکسییەکانی هێڵی دەرەوەی شار دەڵێت، پێویستە دوای تەراویح بخەون ئەگەر بەنیازن دوای نوێژی بەیانی بچنە سەر کار، نەوەک تاوەکو پارشێو نەخەون و دوای نوێژی بەیانی بچنە سەرکار، “چونکە لەو کاتەدا خەو لە پشتی سووکانی ئۆتۆمبێلەکان تەواو دەکەن و رووبەڕووی کارەسات دەبنەوە”.

لە خاڵی شەشەم و کۆتاییدا هاوتووچۆی هەولێر یەکتربڕی شەقامەکانی بە مەترسیدارترین شوێنی شەقام ناوهێناوە و رایگەیاندووە: “پێویستە زۆر بە ئاگاییەوە لە یەکتربڕەکان نزیک ببنەوە، ئەگەر رێگەکان چۆڵیش بن”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.