▪ تابوری پێنجەم .. ..
نەوزاد محەمەد
تابوری پێنجەم دەستەواژەیەکە لە چوارچێوەی زانستە سیاسیەکاندا بەکار دەهێندرێت.
سەرەتای پەیدا بوونی ئەم دەستەواژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٦ لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو هاووڵاتیە سڤیلانەی لە ناوخۆیەوە هاوکاری لەشکری دوژمنیان دەکرد بە پلاوکردنەوەی پروپاگندە و هەواڵی ناراست لە پێناو دابەزاندنی مۆڕال و پەیدا کردنی کاریکەری دەرونی بۆ سەر هاووڵاتیان.
لەسەردەمی جەنکی سارد دا، ئەم دەستەواژەیە بەکارهێندرا بۆ ناساندنی سیخورەکان، ئەوانەی لە ناوخۆیەوە کار بۆ دوژمن دەکەن.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دا دەبیندرێت، تاقمێکی فراوانی تابوری پێنجەم پەیدا بووە، کە بە شێوازی جۆراوجۆری سەردەمیانە، بگرە لە ناو سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندن و تا دەگاتە کەسانی سیاسی و پەرلەمانتار و بونەتە ماکینەیەکی سیخوری بەسەر هەرێمی کوردستانەوە.
هەر لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و بە دواوە ئەم تاقمە ئەرکی تابوری پێنجەمی وەرگرتووە و شاراوەش نیە کە زەرەر و زیانی زۆریان بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، شەڕی ناوخۆیی و شەڕی ماف و شایستەکانی هەرێم لەگەڵ و دژایەتی کردنی حکومەت هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی لە بواری خزمەتکردن و چاکسازی، تا دەگاتە هاوکاری کردنی لەشکری دەوژمن و هێنانی دەستی دەرەکی بۆ ناوخۆی هەرێم.
ئەم تاقمە سوودی لە ئەو کەش و هەوایە ئازاد و دیموکراسیەی لە ناوخۆی هەرێم هەیە وەرگرتووە و بە بەرکی جیاواز و بە شێوازی جیاوازەوە لە دژی سەروەری و پێگەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و بونەتە دارو دەستەی دوژمنان.
لەگەڵ دەست پێکردنی گفتوگۆکان لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ رێکەوتن لەسەر دارشتنی میکانزمێک سەباەرت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پشکی هەرێم لە بودجە و لە ژێر رۆشنایی بنەما دستوری و رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.
کە بۆ ئەم مەبەستەش وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عیراق دەکات لەم بارەیەوە و تا ئێستا بە تەواوی پرسەکە یەکلا نەکراوەتەوە.
هەر لە سەرەتاوە، ئەم بەرەیە بە ڕێگای میدیا و جاش قەلەمەکان کەوتنە هونینەوەی درۆ و چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی نا ڕاست لە پێناو دروست کردنی پشێوی و تێکدانی دەرونی خەڵکی کوردستان و پەیدا کردنی کاریگەری لەسەر گفتوگۆکان.
ئەوەی پێویستە لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، دەبێ ئاگاداری ئەم جۆرە تاقمە بن و ئەوە بزانن کە هەرچی لە زاری ئەوانەوە دەگوترێت هیچ ئەسل و ئەساسی بۆ نیە و تەنها هەوڵی چەواشەکاری دەدەن و خزمەت بە دوژمنانی گەلی کورد دەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر حەکیمانە لە پرسەکان دەڕوانێت و بە پێی بنەماکانی دستوری فیدڕاڵی رێکەوتنیان لەسەر کراوە، چ سەبارەت بە شێوازی پەیوەندی و هەماهەنگی یان دەستهەڵاتەکانی هەرێم و یان ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و بابەتەکە تەنها کاتە و هەموو شتێک دەکەوێتە قالبی گونجاوی خۆی.
دەبێ ئەوەش بزانرێت کە هەرێمی کوردستان لە پێکەی بەهێزی خۆیەتی و بۆ هەر قۆناغێک پلان و رێکاری خۆی هەیە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێم نابێت و سازشیان لەسەر ناکات.
زۆری تێپەڕیوە و کەمی ماوە، ئەم قۆناغەش سەبر و تحملی دەوێت، هەروەها پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی ئەخلاقی و نشتیمان پەروەرانەیە کە دەبێ خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو ئەرکە دابێت و پردی متمانە بەهێزتر بکرێت تا گەیشتن بە ئامانجەکان.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.