▪ تکایە رێزمانەکە مەشێوێنن
ئاورنگ بەرزنجی
بەداخەوە ئەوەی لەم سالانەی دوایدا تێبینی دەکرێت و جێگای نیگەرانی خەمخۆرانی زمان وڕێزمانەکەمانە ، هەرکەس یاخود روونتر بڵێم ، هەرشارەو بەشێوە زاری خۆی دەنوسێت و، نابەرپرسانە بەرامبەر ڕێزمانی کوردی بابەت ونوسین بلاو دەکەنەوە
ئەوەی لێرە دەیبینم ، لەناو هیچ میللەت وقەومێکی تر نەمبینیوە
ئاخر زمان کۆڵەکەی مانەوەتە وەک نەتەوە ، بە چ حەقێک ڕێگا بەخۆت دەدەی ، لەکاتێکدا ڕێزمانێکی جوانی کوردیت هەیە ، بەشێوەزارەکانی سلێمانی ، هەولێری یا بادینی بنوسیت.. کێ ڕێگای ئەمەی پێ داوی ؟
لەبری (لۆ) بنوسە (بۆ)
لەبری(ئەڕۆم یا ئەنوسم ) بنوسە(دەڕۆم یا دەنوسم)
لەبری (لەوێندەرێ) بنوسە( لەوێ)….. زۆر وشەو دەستەواژەی ترمان هەیە بەهیممەتی خەمخۆرانی ڕێزمانی کوردی ، لەکۆندا یەکلایی کراونەتەوەو ئەزموونێکی جوان بوە
٢٧ دەوڵەتی عەرەبی هەن ، بە جیاوازی زۆری شێوە زاریانەوە، کە دێنە سەرنوسین وقسەکردنی فەرمی وئەدەبی و گشتی ، هەموویان بە ڕێزمانێکی یەکگرتووی عەرەبی دەنوسن و داخڤن
بەجۆرێک کەس کێشەی تیگەیشتنی نابێت..
لەزۆربەی ووڵاتانی دونیا هەروایە ، کەچی ئێمە بەهۆی تەفرەقەو شارچێتیەوە ، خەریکە زمان و ڕێزمان وکۆڵەکەی مانەوەمان هەڵدەتەکێنین وشارچێتیمان خستۆتە پێش کوردایەتیەوە
لەسۆنگەی هەستکردنم بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر زمان وکلتورو مێژووی نەتەوەکەم ، داوا لە خەمخۆرانی زمان دەکەم ، بەئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن ، هەرکەس ولایەنێک ویستی بەئارەزووی خۆی ڕێزمانی کوردی وەلانێت ، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت ولێی قبوڵ نەکرێت
چونکە میللەت ، وزمان ، وکوردایەتی ، لەهەموو کەسێک و شتیک لەپێشترو گەورەترە
ئەگەرچی داخەکەم زمانێکی ستانداردو یەکگرتووی هەرچوارپارچەمان نیە
بەلام خۆشبەختانە لەباشووری کوردستان ، ڕێزمانێکی جوان ، وڕوون ، وبەپێزمان هەیە ،
کە دەیەها ساڵە نووسەرو ، ڕۆشنبیران ، وشاعیران پێ ی دەنوسن و دەخوێننەوەو داخڤن
چەندین نەوەی پێ پەروەردەکراوە ، ئەلف وبێ ی کوردی پێ نوسراوەتەوە، لەکۆتاییدا دەپرسم :
بە چ هەقێک بەزمانی لۆکاڵی شارەکەی خۆت دەنوسی
لەکاتێکدا ڕێزمانێکی جوانی کوردیت هەیە؟
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.