▪  جگە لە شکست وگەندەڵکارى وستەمکارى چی لە عێراقى فیدڕاڵى بینراوە؟


رێبوار حەمەلاو شوانى

ئەگەر چى هیواکان لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003 بەهۆى هاوپەیمانانەوە لە پێناو بونیاتنانى عێراقێک کە تێیدا مافى هەموو نەتەوە وپێکهاتەکانى تێیدا بگەڕێنرێتەوە و کۆتایی بە ستەمکارى و زۆردارى و کوشتن و بڕین بێت و شوێنى دیموکراسى و ئاشتى و پێکەوەژیان و هاوبەشى پر بکاتەوە ، بەڵام دواى 21 ساڵ لە حکومڕانى حکوومەتەکان لە بەغدا ، ئەوەى بەکردەوە بینراوە و بە رژدیش کارى لە سەر کراوە بێجگە لە شکستى فیدڕاڵى و هاوبەشى و دیموکراسى و بێ متمانەیی و رۆژ بە رۆژ بێ ئومێدى هیچى ترى لێ بەرهەم نەهاتووە
ئەوەش هۆکارى سەڕەکیی بووە بۆ ناسەقامگیرى سیاسى ، کێشە وئاستەنى ئەمنى ، گەندەڵکارى وقۆرخکارى لە هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى عێراق و ئینجا ئابوورییەکى شپرزە ، قەرزى دەرەکى ، بەردەوامى ناکۆکی تایفى و مەزهەبى ، دەستوەردانى وڵاتانى ناوچەکە و پابەندنەبوون بە بنەماکانى دەستوورى هەمیشەیی و فیدڕاڵى و زێهنیەتى پەراوێزخستن و زۆرینەى دیکتاتۆرى ، هەموو ئەمانە وایانکردووە ئەرک و کارەکانى حکوومەتى فیدڕاڵى بەغدا نەک هەر قورستتر بێت بەڵکو دەرفەتى بونیانتانەى عێراق لەو بابەتانەى کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە بەسەر یەکەوە کەلەکە ببن و عێراق بگەڕێتەوە خاڵى سفر.
ئەوە هۆکارانەى کە وایانکردووە کە عێراقى فیدڕاڵى هەرگیز سەقامگیرى ومتمانە وپێشکەوتن بەخۆیەوە نەبینێت بریتین لە :
یەکەم ،، دڕێژەکێشانى گرژییە تایفى و مەزهەبییەکان و بەرژوەندییە تایبەتییەکانى ئەو گروپ و میلیشیاکان وایانکردووە کە تا بە ئەمڕۆشەوە عێراق بە ناسەقامگیرى بمێنێتەوە .
دووەم ،، بوونى دەیان گروپ و میلیشیایی جیاواز و بەردەوامى ڕووبەڕووبوونەوەکان و تیرۆر و ڕفاندن و نەبوونى سەروەرى یاسا وایکردووە کە کەشێکى ناسەقامگیرى ئەمنى بێتە ئاڕاوە کە کاریگەرى نەرێنى زۆرى لە سەر بونیاتنان و ئاوەدانى ئەو ناوچانە و ژێرخانى عێراق دروست ببێت .
سێیەم ،، کارى گەندڵى و قۆرخکارى لە نێو گشت دامودەزگەکانى عێراق و دەستبەسەرداگرتنى جومگە سەڕەکییەکان لەلایەن هەندێک لایەن و میلیشیایی لە یاسادەرچوون ، نەک هەر بووەتە هۆى ڕێگریکردن لە گەشەسەندنى ئابوورى و بەڵکو رۆژ بە رۆژ حکوومڕانى عێراقى فیدڕاڵى گەیاندۆتە لاوازترین قۆناغ و ترس و پاشگوێ خستن و یانیش نەبوونى لێپچینەوە لە گەندەڵکاران وایکردووە کە پایەکانى حکوومەتى فیدڕاڵى لەرزۆک و بەرەو پووکانەوە بچن.
چوارەم ،، گرنگی نەدان بە کەرتى ئابوورى هەمەچەشن و پشت بەستن بە نەوت وەک سەرچاوەى داهاتى سەڕەکى ، کورتهێنانى ژێرخانى ئابوورى ، بێ توانایی لە دابیکردنى مووچە و بودجە و بەفیرۆچوونى سەروەت و سامانى عێراق بۆ نێو گیرفانى هەندێک گروپى میلیشیایی و لایەنى ترى لە یاسا دەرچوو و شکستى دارایی و زیادبوونى ڕێژەى گەندەڵى و کۆنتڕۆڵ نەکردنى وەک خراپترین دەوڵەت لە رووى گەندەڵییەوە عێراقى گەیاندۆتە دۆخێکى خراپ وهەرەسهێنان.
پێنجەم ،، لاوازى کارگێرى و ئیدارى و دامەزراوەیی وایانکردووە کە سەرەتایترین خزمەتگوزارییەکان و پرۆژەکان پێشکەش بەخەڵک نەکردێت ، ئەوەش بەهۆى دەستوەردانى هەندێک گروپ ولایەنى سیاسى و قۆرخکردنى هەندێک پۆستى گرنگ و کاریگەر کە ئەمەش وایکردووە کە عێراقى فیدڕاڵ بەرەو خراپترین دۆخ هەنگاو بنێت .
شەشەم ،، شەڕوململانێى دەیان ساڵەى مەزهەبى و تایفى وئینجا مامەڵەکردن لە سەر زێهنیەتى زۆرینە و تاکڕەوى لە حکوومڕانى و سیاسەتى پەراوێزخستن بەتایبەتى بە گەلى کوردیش وەک دووەم گەورە نەتەوە وپێشێڵکردنى گشت مافەرەواکانى وایانکردووە کە گشت بنەماکانى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى بوونى نەمێنێت و بگەڕێتەوە خاڵى سفر.
حەوتەم ،، یەکێکى تر لەو هۆکارانەى کە عێراقى تووشى ئاستەنگ و کێشەى گەورە کردۆتەوە ، دەستوەردانى ناوچەیی و نێودەوڵەتییە ئەوەش وایکردووە کە نەک هەر رەوشى سیاسى و ئەمنى ئاڵۆزتر بێت ، بەڵکو هەر حکوومەتێک بێتە سەر کار هیچ جۆرە کاریگەرى و دەسەڵاتێکى نەبێت و پابەندییەکان بە بنەما دەستوورى و هاوبەشى نەهێڵێتەوە .
هەشتەم ،، یەکێک لە بنەماکانى سەقامگیرى ومتمانە و فەراهەمبوونى کەشێکى ئەمنى و ئاشتى جێبەجێکردنى دەستوورى هەمیشەیی عێراقە کە دەروازەى چارەسەرى کێشە وئاستەنگەکان بەتایبەتى ماددەى 140ى دەستوور و یاسایی نەوت و غاز وفیدڕاڵى .
بۆیە، عێراقى فیدڕاڵى تەنها بە پابەندبوون بەدەستوور و بنەماکانى هاوبەشى و دەستبەرداربوون لە سیاسەتى زۆرینە و پەراوێزخستن و سەروەرى یاسا و ڕێگریکردن لە دەستوەردانى دەرەکى و دیموکراسى و فیدڕاڵى متمانە وسەقامگیرى دەگەڕێتەوە ، پێچەوانەکەشى شکست و پووکانەوە و گرژى زیاترى لێدەکەوێتەوە، وەک چۆن 21 ساڵە جگە لە نەهامەتى و خوڵانەوە بە دەورى بازنەیەکى بەتاڵدا هیچى تر نەبینراوە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.