▪ جەنابی سەرۆک بارزانی، لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی دا
سارا دلشاد
جەنابی سەرۆک بارزانی، لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی دا، هەمیشە دەستپێشخەری و نەرمی نواندن و پێلێنان لە مافی خۆی کردووە. هەمیشە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتی خستووەتە پێش بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانی.
ئەو پەیامەی ئەمڕۆی، نامۆ نییە بە هەڵوێست و قوربانیدانی خۆی و بنەماڵەکەی لە پێناو وڵات. پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان، بە گەرمی بە پیر داواکارییەکەی سەرۆک بارزانی بچن. بەرژەوەندی و خواستی تەسکی حزبیان بەلاوە بنێن، لەپێناو بەرژەوەندی باڵای وڵات، کۆک بن و لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێکبکەون. هەموو لایەنەکان بەیەکەوە و لە یەک سەنگەر بن، بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و چەسپاندنی زیاتری مافەکان.
خواستەکەی جەنابی سەرۆک و روانگە و روانینی ئەو، روانگەیەکی مرۆڤدۆستانە و ئاشتیخوازانە و نەتەوەییانەیە. ئەو خواستە درێژکراوەی خەباتی جەنابیانە لەپێناو خەڵکی کوردستان. بەو پەیامەی ئومێدی بۆ هەموو خەڵک گێڕایەوە، هەموو خەڵکی دڵگەرم کردەوە بۆ وەلاوەنامی ناکۆکییەکان و چەسپاندنی یەکڕیزی. پێویستە هەموو لایەنەکان، بەبێ جیاوازی ئایدیا و بۆچوونی سیاسیی لە دەوری پەیامەکە کۆببنەوە، هەنگاو بە ئاراستەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بنێن. نە زوڵم لە جەنابی سەرۆک بکرێت، نە زوڵم لە خەبات و خواستی خەڵکی کوردستان بکرێت و جارێکی دیکە نائومێد بکرێنەوە.
داوکارم لە هەموو لایەنەکان بە زووی کۆببنەوە و خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێن و بۆ بەرژەوەندی کاتی، بەرژەوەندی باڵای ولآت ژێر پێ نەخەن و لەیەکنزیکبوونەوە و کەشی ئاشتیانە و ئارامی ئەو رۆژانە، بەردەوام پێ بدەن و دڵی سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان، بە رێککەوتن خۆشحاڵ بکەن. جەنابیان لە پەیامەکەیان زۆر روون بوو، کە بەهێزی خەڵکی کوردستان لە یەکبوون و یەکڕیزیی خەڵک و هێزە سیاسییەکانییەتی، پێویستە یەکگرتوو و یەکڕیز بین، بۆ ئەوەی هێز و توانامان زیاتر بێت. خەڵکی کوردستان هەرگیز شایستەی دڵەڕاوکێی و نا ئارامی نییە، شایستەی رێزگرتن و خزمەتکردن و قوربانی بۆ دانە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.