▪ دادگای فیدرالی عیراقی شەرعیەتی یاسایی و دستوری خۆی لە دەست داوە

نەوزاد محەمەد

دەستهەڵاتی دادوەری بە گرنگترین و هەستیارترین دەستهەڵات دەژمێرێت لە هەر وڵاتێک دا، بە تایبەت لە وڵاتە دیموکراسیەکان کە سەروەری یاسا و مافە گشتیەکان لە سەروی پڕەنسیبەکانی دوەڵەتن.

چ لەسەر بنەما شەرعیەکان یان مەدەنیەکان بێت، دادگا پێگە و هەیبەتی خۆی هەیە، هەر بۆیە لەسەر ئاستی وڵاتان دەست نابردرێتە ناو کاروباری دادگاوە و سەروەری دادگا پارێزراوە.

لە هەمان کاتدا دادوەران لە کاتی سوێند خواردن، دەکەونە بەرامبەر بەرپرسیارتیەکی ئەخلاقی و یاسایی و شەرعی زۆر گەوەرە لە جێ بە جێ کردنی یاسا و دادپەروەری لە بڕیاردان، سوێند خواردنی دادوەران وەکو ئەوە وایە ملی خۆیان بدەنە بەر چەقو، لەبەر قورسی ئەرکەکەیان.

ئەوەی لەم ماوەی دواییدا و لە عیراقی فیدڕاڵی دا بینیمان و توشی شۆکی کردنی، بەکار هێنانی دادگا و دەستهەڵاتی دادوەریە یە لە پرسی سیاسی دا، کە دوورە لە ئەرک و دەستهەڵاتی دادگا و لادانە لە بنەما دستوری و یاساییەکان.

وەکو بینیمان بۆ چەند جارێک دادگای فیدڕاڵی عیراقی کە بەرزترین دەستهەڵاتی یاسایی یە لە وڵات دا، لە لایەن هەندێک لایەنی شیعی یەوە بەکارهێندرا بۆ بریار دان لە دژی هەرێمی کوردستان و مافەکانی، ئەمەش دەرچوون و دوور کەوتنەوەی دادگایە لە ئەرکی سەرەکی و ڕاستەقینەی خۆی.

بەڵام کە سەرۆکی دادگا و زۆرینەی دەستەی دادوەری، مەیلداری لایەنێکی سیاسی بوون و لە دژی لایەنێکی تر و پێچەوانەی سوێند خورادنیان و بە ناحەق بڕیار بدەن، لەو کاتە ئەو دادگایە شەرعیەت یاسایی و دستوری خۆی لە دەست دەدات و پرۆسەی یاسایی بە گشتی دەخاتە بەر مەترسیەوە و لەکەداری دەکات.

کۆتا پیلانی سیاسی بە رێگای دادگای فیدڕاڵی عیراقیەوە، بڕیار دان بوو بە ڕاگڕتنی ناردنی بەشە شایستە داراییەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر رێکەوتنی لەسەر کراوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقی.

هەرچەندە لە سەرەتاوە هەوڵیان دا بیخەنە قالبێکی یاسایی یەوە، بەڵام پیلانەکە زۆر روون و ئاشکرایە و ئەم جۆرە پرسانە لە دەستهەڵاتی دادگای فیدڕاڵی نیە، بەڵکو بە فیتی هەندێک لایەنی سیاسی شیعی و هەبوونی پالپشتی دەرەکی ئەنجامدراوە لە چوارچێوەی سیاسەتی دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان.

ئەوەی مایەی نیگەرانی یە، زۆرینەی دەستەی دادوەری دەستیان لەو پیلانەدا هەبووە و مەیلداری لا یەنێکی سیاسی و لە بەرژەوەندی ئەو لایەنە بڕیاریان داوە.

وەکو بە عەرەبی دەڵێن ( الاعتراف سيد الادلة )، ئەوەتا سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عیراقی دەڵێت ” ئێمە قەرزداری حەشدی شیعین و چاکەیان لەسەر ئێمە هەیە و دەبێ چاکەیان لە بیر نەکەین ” !،

ئەمەیان ئاماژەیەکی روون و ئاشکرایە کە دادگای فیدڕاڵی عیراقی لە ئەرک و بەرپرسیارەتی یاسایی خۆی دوور کەوتووە و بونەتە دارودەستەی لایەنێک و دەستهەڵاتی دادوەری بۆ پرسێکی سیاسی یان بە کارهێناوە و خودی سەرۆکی دادگا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستی تێدا هەبووە.

ئەم جۆرە کارە مەرسیدارانە، دۆخی یاسایی و سیاسی عیراق بە گشتی دەخاتە مەترسیەوە، بە تایبەت کە بڕیارەکانیان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و مەبەستیان روون و ئاشکرایە.

ئەوەی پێویستە لەسەر سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا، کاری جدی یە لە رەتکردنەوەی ئەم جۆرە بڕیارانەیە، تانە لێدان لە شەرعیەتی دستوری دادگای فیدڕاڵی، کشاندنەوەی داوەرە کوردەکان، فشار خستنە سەر حکومەتی عیراقی و بیرهێنانەوەیان لە رێکەوتنەکان لە پێناو هەڵوێست وەرگرتن و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگا لە دژی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی کەناڵە دیبلوماسیەکان لەگەل وڵاتانی جیهان و بە تایبەت ئەمریکا و هاوپەیمانان لە پێناو روون کردنەوەی دۆخەکە و مەزلومیەتی هەرێمی کوردستان و پیلانی لایەنە شیعیەکان.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.