▪ دوای 125 ساڵ لە ڕۆژنامەگەری کوردی، ھەڵوەستەی چەند سەرنجێک

فرسەت سەید شکور

مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی

ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی ڕۆژنامەی کوردستان، کە لەلایەن (میقداد میدحەد بەدرخان) لە قاھیرە لە ساڵی 1898.
دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی كوردی، بووە هەوێنی لەدایكبوونی سەدان ڕۆژنامە و كەناڵی ڕاگەیاندن لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بەشێوەیەک ھاوکات گەلی كوردی لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابووریی و زانستەوە هۆشیارکردەوە”
یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کاتێک لە قاھیرەی پایتەختی میسری یاخیبوو لە دەوڵەتی عووسمانی، دەردەچێت، بێگومان بێ گرفت و سەرکووت و ئارێشە نابێت، دەسەڵاتی عووسمانییەکان بیانووی بەردەوامی پێدەگرن سەربای فشارەکان تا 19ی نیسانی 1909 بەردەوامی دەبێت.

(كردلی ایقاێ وتحێیل ێنایعە تشویق هانی، ایچون شدمیلك) واتە (كوردان راپەڕین بەرپابكەن ‌و هونەر‌و زانست فێر بن) دروشمی ڕۆژنامەی کوردستان بوو.

ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی ڕۆژنامەوانی

مالكوم ئێكس لەبارەی ڕۆژنامەوانییەوە دەڵێت: “ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەهێزترین قەوارەن لەسەر زەوی و توانایەکی بێسنووریان هەیە لە نیشاندانی کاری خراپ وەک باش و کاری باش وەک خراپ، ئەمەش بەو دەسەڵاتەی، کە یاریی بە بیر و هۆشی جەماوەر دەکات”.
ڕۆژنامەوانی بە گشتی لە سەرانسەری دونیا ڕۆڵی باڵا لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بە باشی و خراپییەکانەوە دەبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری بەسەر، بە داڕشتنی سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیدارەداندا دەبینێت، ھەر خۆی بەکارھێنانی ڕۆژنامە و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتێکی کارا و کاریگەر دەمانگەیەنێتە ئەوەی باوەڕەی کە چۆن فیکر و ھزری کۆمەڵگە چ ئاراستەیەک وەردەگرێت.

وەکوو مومارەسەی پرۆسەی دیموکراسی و ئەوەی بە دیاریکراوی پێی دەگوترێت ڕۆژنامەوانی ئازاد، لە تەواوی دونیادا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بۆچوونی زۆرینەیان بە ئاراستەی ئازادبوونی میدیایە بە ھەموو شێوەیەک، بەڵام بەشێکی دیکە لە ئایدیاکان، ئازادکردنی ڕەهای میدیا ڕەت دەکەنەوە، پێیان وایە دەبێت (سانسۆر)ێک بۆ ھەندێک ھەواڵی نادروست ھەبێت، کە بە ھەواڵە چەواشەکار و بێبنەماکان وێنا دەکرێن.

ئازادیی ڕەھا بۆ ڕۆژنامەوانی دروستە؟

چۆنیەتیی ئیدارەدانی (ئازادی) بۆ خۆی ڕا و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، چ جای ئەوەی بە رۆژنامەگەرییەوە بلکێت! لەڕاستیدا ئەمە جیا لەوەی سەکۆیەکی گرنگە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دونیای نوێ و پێشکەوتنە جیھانییەکان لە ھەموو سێکتەرەکان، بەڵام بەھەمان شێوە لایەنی نەرێنیشی ھەیە، 
ھەرێمی کوردستان، 32 ساڵە بە ھەندێک ئازادیی سیاسی و ئیداری و ئابووریی خۆی گەیشتووە، ئەزموونێکی باشی لەگەڵ چۆنیەتیی ئیدارەدانی ھۆیەکانی ڕاگەیاندا نییە، بەشێوەیەک، لەم قەوارە 6 ملیۆن كەسیەدا، دەیان گۆڤار و میدیا و ڕۆژنامەی جۆربەجۆر ھەن، کە زۆرینەیان لەلایەن حزبەکانەوە ئاراستە دەکرێن، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە، لە ئەمریکا و وڵاتانی پێشکەوتووی دیموکراسیی ئەوروپاش ئەوە ھەر ھەیە، بەڵام بەدروستی ھۆیەکانی میدیا دەبێت لە خزمەتی بیری تاک بە تاکی نیشتماندا بێت و سەربەخۆیی لەدەست نەدات.
بەڵام بەدروستی دەتوانین بگەینە ئەو بڕوایەی، کە دۆخی ڕۆژنامەوانی بە ھەموو شێوە و فۆرمەکانییەوە، لە ھەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاردایە، و پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ورد ھەیە.
ھۆیەکانی ڕاگەیاندن پێوستی بە ئیتیک ھەیە، ئیتیكێک، کە ھاوسەنگ و یەکگرەوە بێت لەگەڵ بنەما دروستەکانی ڕۆژنامەوانی، نەک سەرپێچیی بەھا کۆمەڵایەتییەکان بقۆزێتەوە و بە ئارەزووی دڵی خۆی ھەواڵ بھۆنێتەوە.

ئیتیک لە ڕۆژنامەوانیدا

ڕاستە ئیتیک لە ڕاگەیاندن وابەستەیە لەگەڵ کولتوور و نەریت، بەڵام بەسوودوەرگرتن لە میدیا پێشکەوتووەکانی دونیا، بێ شک کاریگەریی گەورەی گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبینێت.
دواجار ھەرێمی کوردستان پێویستی بە بەگەڕخستنی میدیا و ڕۆژنامەوانی ھەیە، بەشێوەیەک، خۆی لەو قاڵبە ھەڕەمەکییە لە کارکردنە دابماڵێت و لە چوارچێوەی كاركردنیدا ڕەچاوی بنەما ئیتیكییەكان بكات. هەرچەندە ئێمە ئێستا خاوەنی میدیای نیشتمانیی نین، بەڵام دەتوانرێت ھەر لە چوارچێوەی کاری ڕۆژنامەوانیدا و لە چوارچێوەی ئاشتەوایی و یەکگرتوویی و دووركەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی ڕک و دووبەرەكی و هەواڵی گواستنەوەی هەژموونی تاڵ و بێ ئیرادەیی بەخشینەوە كار بۆ گوتاری نیشتمانیی بكرێت.
لەدوای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بەجیهانیبوون، ڕۆڵی ڕۆژنامەوانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا بەهێزتر بوو، ئەمەش وای کرد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزتر بێت و توانایەکی بێ سنووری لە باوەڕپێهێنانی جەماوەردا هەبێت.

کۆبەند 
بۆیە دەتوانین بڵێین، دەسەڵاتی چوارەم بەرهەمی سیستەمی دیموکراتیەتە، کە ئەرکی سەرەکییان چاودێریکردنی دەسەڵاتە و نوێنەرایەتیی هاووڵاتی دەکات، هەروەک بەکارهێنانی سیستەمی دیموکراتی بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسانێک بەكار دێت، بێ گومان دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش بۆ هەمان مەبەست بۆ بەرژەوەندی و چەواشەکاریی دژ بەیەک بەکار دێن.
لەکۆتاییدا، گرنگە ڕۆژنامە بەشێوەیەکی گشتی ڕۆڵێکی بەرپرسیارانە بگێڕێت، بەتایبەت لەو دۆخە سەختانەی دێنە ڕێ، وەک ھەر ھەڕەشەیەک، یان مەترسییەک لەسەر خاک و نەتەوە، گرنگە میدیا ڕۆڵی نیشتمانییانەی خۆی ببینێت. ناکرێ میدیا، وەک ھەواڵنێری نەیار و دوژمن مامەڵە بکات، ئاخر ئەم مۆدێلە لە ڕاگەیاندن، کە ڕۆژنامەکەی دەخاتە خزمەتی سوپای داگیرکەر، لە تەواوی دونیادا نییە. بەکورتی، ڕۆژنامەوانی دەبێت ڕۆڵی کارا لە ھوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ھەموو ئەو کێشە و گرفتانە ببینێت، کە ڕووبەڕووی نیشتمان دەبنەوە و خستنەڕووی چارەسەرییەکان بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئێستا لە تەواوی سێکتەرەکان بەرۆکی وڵاتیان گرتووە، بەمە دەتوانین بگەین بە پێشکەوتنە جیھانییەکان و لەم ژاوەژاوە ناتەندروست و ناعەقڵانییەی ئێستا دوور بکەوینەوە.
(بەگەڕخستنی ڕۆژنامەوانی و ھۆیەکانی ڕاگەیاندن بەشێوەی عەقڵانی و لۆژیک، ھاوکاتە لەگەڵ بەرھەمھێنانی نەوەیەکی ھوشیار و بەئاگا لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان)

شایانی باسە؛ دەستپێكی دەرکەوتنی ڕۆژنامەی كوردستان لەلایەن ھەموو میدیا كوردییەكان و حكوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە وەکو سەرەتای ڕۆژنامەگەریی كوردی قبوڵ كراوە و بە شانازییەوە یادی دەكرێتەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.