▪ دوێنى بە ئەنفال و ئەمڕۆش بە دادگاى نادەستوورى ئازاردانى کوردستان
رێبوار حەمەلاو شوانى
وشەی ئەنفال ، وشەیەکى عەرەبییە بە واتاى دەستکەوت بەکاردێت ئەویش نەک بەو واتایەکى کە ڕژێمە ڕووخاوەکەى بەعس بەکارهێنا بۆ زیندە بەچاڵکردنى زیاتر لە 200 هەزار منداڵ و ژن و گەنج و پیر وەک بیانوپاساوێک بۆ ڕێشەکێشکردنى مۆڕکى نەتەوایەتى گەلى کورد و وێرانکردنى زیاتر لە 5000 گوند و کانیاو دارستانەکانى کوردستان خەونى گۆڕینى دیموگرافیا و جوگرافیا و دەست بەسەرداگرتنى سەروەت و ساماننى کوردستان .
پرۆسەى بەدناوى ئەنفال پرۆسەى سڕینەوەى نەتەوەی کورد بوو کە لەلایەن دڕندەترین ڕژێمى ئەوکاتە ئەنجامدرا کە بەناجۆرترین شێوە لە جیهاندا گەیشتە پۆپەى دەسەڵات و بەسەر لاشەى قوربانییەکاندا سەرکەوت و ئەو تاوانەى کە پێى هەستا بەشێکە لە تۆڵەسەندنەوەى لەمێژوو . هەروەها ناولێنانى پرۆشسەکە بە ( ئەنفال)، کە سورەتێکى قورئانى پیرۆزە خۆى لەخۆیدا مەستێک هەڵدەگرێت .
ئەو هۆکارەى کە بووە هۆى ئەوەى ڕژێمى بەعسى رووخاو بە شێوەیەکى زۆر فاشیزمانە و دڕندانە ، پرۆسەى ئەنفال لە دژى گەلى کورد ئەنجام بدات ، بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە کە تەنها عەرەب نەتەوەیی شایستە و پلەیەکە و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانى تر کافر و ئاگرپەرستن و بەتایبەت بۆ نەتەوەیی کورد کە دووەم گەورە نەتەوە بوو لە عێراقدا بە نەتەوەیەکى لادەر و دەرچوو باس دەکرد ، هەر ئەوەش بوو بەو زێهنیتەتە دڕندانەیە و بەناوى سوورەتى ئەنفالەوە ، بە چەند قۆناغێک پرۆسەى بەدناوى ئەنفالیان دژ بە کوردو کوردستان ئەنجامدا و شەرعییەتیان پێبەخشى ، مێژوویش گەواهیدەرە کە حکوومەتەکانى عێراق زۆربەى هێرش و پەڵاماردانەکانیان بۆ سەر کورد وکوردستان بەناو زارواەى ئاینی ناودەنا ئەوە لە پێناو بەدەستهێنانى هەست و سۆزى گەلانى موسلمان لەلایەک و لەلایەکى تریش جێبەجێکردنى نەخشەى دڕندانەى فاشیزمەکان و هەموو کاتێکیش خەسڵەتى شەڕخوازى و تێکدەیان دەخستە پاڵ کەسایەتى کورد و هەمیشە بەهەڵگیرسێنەرى شەڕ و پاڵنەرى شەڕ دادەنا و تا لەو ڕێگەیەوە رەوایی بە کوشتن و تاڵانکردنى سەروماڵ و وێرانکردنى کوردستان ببەخشن ، هەر ئەوەش بوو کە دواى شەڕى 8 ساڵەى عێراق و ئێران ،دەستیکرد بە وێرانکردن و کۆمەڵکوژکردننى لادێ و خەڵکەکەى .
مەستى ڕژێمى بەعسى رووخان لە سڕینەوەى مۆڕکى نەتەوەیەک بوو تا جگە لە عەرەبى فاشیزمى هیچ نەتەوەیەکى تر لە عێراقدا بوونى نەبێت و ئەگەریش هەبێت ئەوا پلە دوو یانیش پلە سێ بن ، ئەوەش جگە لە خەیاڵێکى سیاسى شکستخواردوو و وەک نەتەوەیەکى پێشڕەو یەکێتى نەتەوەیی جگە لە وێرانکارى و شکستیان هیچى لێ بەرهەم نەهات ،
“ڕژێمى بەعس چەندین سیناریۆ و شێوازى مەترسیدارى بۆ شێواندنى مێژوو و کەلتوورى کوردستان گڕتەبەر”
چونکە ئەوان هەمیشە بەچاوى عەرەبى دەیانڕوانییە خاکى کوردستان و کوردیان بە میوان دەزانى و هەر ئەوەش بوو کە کاریان بۆ شێواندنى کومەڵگەى کوردستان لە ڕووى دیموگرافى یاخود لە رووى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتیی کرد ، گرنگترین ئەو خەونە نەزۆکانەى کە لە پشت پرۆسەى بەدناوى ئەنفال بوون بریتین لە :
یەکەم ،، لە ناوبردنى شۆڕشى سیاسى و چەکدارى گەلى کورد کە چەندین ساڵ بوو بە گەلەکۆمەکى و پیلانگێرى و تیرۆر نەیتوانى خامۆش ولەناوى ببات
دووەم ،، کەمکردنەوەى ژمارەى دانیشتیوانى کورد لە کوردستاندا بە شێوازى جۆراجۆر بەتایبەتى کە خەونى هەموو ڕژێمەیەک لەدواى یەکەکانى عێراق بوو بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى دانیشتیوانى کوردستان بگۆڕن .
سێیەم ،، ئەنفالى بەدناو پرۆسیەکى ڕژێمى بەعسى رووخاو بوو بۆ بەعەرەبکردنى ناوچەکەکانى کوردستان وبەتایبەتى ناوچەى کەرکووک و گەرمیان و بوونى ئەو نەوتە زۆرەى ژێر خاکەکەى بوو هەروەها دەیانزانى کە لە پارێزگاى کەرکووک زۆرینەى دانیشتیوانەکەى لە کورد پێکهاتوون و یەکەم نەتەوەن لە کەرکووک .
چوارەم ،، ڕژێمى بەعس چەندین سیناریۆ و شێوازى مەترسیدارى بۆ شێواندنى مێژوو و کەلتوورى کوردستان گڕتەبەر ، دوا ڕێگەی ئەوە بوو کە بە ڕێگەى پرۆسە و شاڵاویی بەدناوى ئەنفاڵ بە هەموو گەلانى ناوچەکە و جیهان بڵێت کە نەتەوەى کورد دژى ئاڕامى و سەقامگیرین لە عێراقدا .
پێنجەم ،، هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەى کەسایەتیی نەتەوەی کورد لێکترازانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نێوان هۆز و خێزانە جیاجیاکانى کوردستان
شەشەم ،، هەوڵدان بۆ تواندنەوەى داب و نەرینى ڕەسەنى کورد و نیشتەجێکردنیان لە سەر کۆمەڵگە زۆرە ملێ کاندا ، بەو پێیەى کە ئەوە ژیانێکى مودێرن و پێشکەوتووە ، لە هەماکاتیشدا زیان گەیاندن بوو بە ئابوورى کوردستان و پیادەکردنى سووتاندنى زەوى کشتوکاڵى و چوڵکردنى ناوچە نەوتییەکان و شێواندنى دیموگرافیایی ئەو ناوچانەى کە کوردى تێیدا نیشتەجێن و دەستەمۆکردن و پەکخستنى شۆڕشى کورد .
دەتوانین بڵێن کە لە پاش جەنگى جیهانى دووەمەوە ،ئەنفال بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆڤایەتیەکان کە تێیدا زۆرترین قوربانى لێکەوت بێتەوە و لە سەردەستى ڕژێمى بەعسى فاشیزمى ئەنجام درا بێت کە ئامانجى تێکدان و شێواندنى رەوشى دیموگرافى کورد و، سڕینەوە لەناوبەردنى گەلى کوردبوو لە باشوورى کوردستان هەژمار دەکرێت و تا ئێستاش بڕین و ئاسەوارەکانى لە رووى سیاسى و کۆمەڵایەتى و جوگرافی و ئابوورییەوە سارێژنەکراوە و زێهینیەتى ئەنفالکردن و ئازاردانى گەلى کورد لە نێو مێشکى فاشیزمەکانى عێراق دەخوڵێتەوە و ئەگەر دوێنى بەناوى ئەنفاڵەوە هەوڵى سڕینەوە و لەناوبردنی کوردوکوردستانیان دەدا ئەوەتا ئەمڕۆ بە چەکى دادگاى نادەستوورى وبڕینى مافە رەواکانى کوردستان دڕێژە بەو پرۆسە قێزەوەنە دەدەن، بەڵام خەڵکى کوردستان بە خۆڕاگرى و ئیرادەى پۆڵاینیەوە رووبەڕوویان وەستاتەوە و خۆیان بۆ ناچەمێنێتەوە تا گەیشتن بە ئامانج و گشت مافەرەواکانى .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.