▪ دیموکراسیەت لە عێراقدا لە ژێر هەڕەشەی بیری شۆڤینیزم دایە
ڕاژان عەبدولڕەحمان ستوونی
عێراق لە سەرەتای ساڵانی بیستی سەدەی پێشوودا دامەزرێندرا و کرا بە دەوڵەت لە لایەن کوڵونی ئینگلیزەوە لە سەر بنەمای دیکتاتۆریەت وە هەر لەوکاتەوە تاکو ئەمڕۆ هزری تاکڕەوی و خۆسەپێن زاڵە بەسەر حوکمڕانی ئەم وڵاتەدا .
دیموکراسیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کات ویستی نۆخبەی سیاسی دەستەڵاتدار نەبووە، بۆیە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە چونکە هەم لەنێوخۆی عێراقدا و هەم لە دەوروبەریدا بە گشتی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی سەردەست زاڵە، دەستەڵاتی سیاسی لە ژێر کونتڕۆلی بیری ناسیۆنالیستی دایە و دیموکراسیەت کەم تا زۆر لەکوێی ناوچەکە سەرهەڵبدات بە هەموو هێزێکیانەوە پەلاماریان داوە و ڕێگری لە تەشەنەکردنی کولتوری دیموکراسێخوازیان کردووە.
ترس لە دیموکراسیەت واتە ترس لە دەستەڵاتی گەل، حوکمرانی خۆسەپێن و دەستەڵاتی گەلیش دوو شتی جیاواز و دژی یەکدین، بۆیە بە نامۆ نابینم کاتێک بەغدا دژایەتی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیار دژی پرەنسیپی دیموکراسی دەردەکات و هەوڵی نەهێشتنی فیدڕاڵیەتی هەرێمی کوردستان دەدات کە دەستوری هەمیشەیی عێراق دانی پێداناوە. ئەزمونی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان هەرگیز سازشی لەسەر ناکرێت بە خوێنی هەزاران شەهید هاتوتە کایەوە و قەوارەیەکی دەستوریە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق دادگایەکی نادەستوریە و بڕیارەکانی بەشێوەیەکی زۆر ناعادیلانە دەردەکات و دژی هەرێمی کوردستانن چونکە لەژێر کاریگەری دەرەکیدایە و ئەجندای سیاسی دەرەوەی عێراق جێبەجێ دەکات؛ ئەمەش خۆی لە خۆیدا مەترسییەکی گەورەیە نەک تەنها بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ عێراق بە گشتی؛
لە کۆتایی ئەم باسەماندا دەگەینە ئەم ڕاستیە
ئەویش ئەوەیە، کە تاکۆ ملیشیاکانی سەربە ئەجندای سیاسی دەرەکی باڵادەست بن لەم وڵاتەدا ئەمە حاڵی عێراق دەبێت و عێراق نابێتە خاوەن ئیڕادەیەکی سیاسی سەربەخۆ بە خۆی و قەیرانەکانیش لەم وڵاتەدا کۆتایی نایەن.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.