▪ دەمی هوشیاربوونەوە

فرسەت سەید شکور

“وودرۆو وێڵسن” لەبارەی خۆجیاکردنەوە لەپێناو بەرژەوەندییەکاندا دەڵێت (ئەگەر بمانەوێت پێکەوە تا کۆتایی بووەستین، دەبێت لەپێناو لە بەرژەوەندی و ئامانجی کەسیدا لێک جیانەبینەوە)

ڕەنگە ئەم قۆناغەی کە ئێستا کورد و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان پێیدا گوزەر دەکات، یەکێک بێت لە سەختترین ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەماوەی دەیان یاخود سەدان ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووبێتەوە، قۆناغێک کە کە هەوڵی سڕینەوە و پاکتاوی میللەتێک دەدرێت، خاوەنی ڕەسەنی جوگرافیای ناوچەکەیە و لە مێژوو و زمان و کلتور و فەرهەنگی خۆیدا، هیچی لە دەوڵەتانی زلهێزی ئێستای جیهان کەمتر نییە، بەڵام چاوهەڵنەهاتن بە پێشکەوتن و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی ئەم نەتەوەیە لە سەر ئاستی جیهان وایکردووە کە دەوڵەتانی ناوچەکە هەموو ڕێگەیەک لەپێناو دروستکردنی بەربەست و تەحەددیاتی جۆراوجۆر بگرنە بەر.

سیاسەتی دوولەتکردن

یەکێک لە خراپترین ئەو ڕێگەیانەی کە وڵاتانی دژبەر بە هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد، دەیگرنە بەر سیاسەتی دوولەتکردنی هێزەکانە لە ناوخۆ، کەوتنە ژێر ئەم پیلانە تۆکمەیەی نەیارانی کورد، هۆکاری سەرەکی تێکچوونی هاوسەنگی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەڵکو دابەشبوونێکە
لەپێناو مەرام و خواستەکانی ئەوان، ئەگەر خوێنەرێکی باشی مێژوویی نەتەوەکەمان بین، زۆر بە ڕوونی هۆکاری سەرەکی کۆتایهاتنی بزووتنەوە سیاسیی و شۆڕشگێرییەکانمان بۆ ئاشکرا دەبێت. بەشێوەیەک هەر دەمێک کورد گەیشتووەتە ڕاددەی بەهێزی و دۆزینەوەی نۆرم و داخوازییە نەتەوەییەکانی، هێزێکی شاراوەی هەلپەرست کاروانەکەی سەد هێندە گەڕاندووەتە دواوە، ئەوەی شایستەی هەڵوەستەیە کورد سەڕەرای ئەزموونی درێژخایەنی لەگەڵ ئەم شێوازە لە بەرنامە و پیلانی هەلپەرستانەدا، کەچی هەندێک لایەنی سیاسیی هێشتا بە هەمان عەقڵیەتی سەدان ساڵی پێشوو بەکارهێنراوی دەستی هێزی بێگانەن.

گەڕانەوە بۆ یەکڕیزی

باشترین ڕێگەچارەی چارەسەر بۆ هەموو ئەو گرفتانەی کە سەردەمانێکە پێوەی دەناڵێنین، ڕووکردنە یەکدەنگییە، کۆبوونەوە و خۆڕێکخستنەوە لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا، بە دڵنیاییەوە نەیارانی ئەم میللەتە کەمێک بە هۆشدا دەهێنێتەوە کە هوشیارانەتر
مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد بکەن، نەک ئەوەی هەر جارە و بە بیانوویەک ڕک و کینەی لەمێژینە و هەمیشەییان بەسەر کورددا بڕژێنن، هەروەکو ماتەر لۆتەر کینگ دەڵێت؛ (یان دەبێت فێربین وەک برا پێکەوە بژین یان پێکەوە یەکتری لە ناو ببەین)

کۆبەند

ئەوەی گرنگە هەر لایەنێک، کە ڕۆڵی نەرێنیی لە شێواندنی کۆدەنگیی نیشتمانییدا بینیوە، بەخۆیدا بچێتەوە، هەروەها چیدیکە بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دوا نەخرێت یەکڕیزیی ببێتە خاڵی وەرچەرخان و تێپەڕاندنی هەموو گرژی و ناکۆکی و ئەو تەنگژانەی لە ماوەی ڕابردوودا هەبوون، چونکە قۆناغی دروشم و کات كوشتن بەسەر چووە.
ئێستا گرنگە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بخرێتە پایەی سەرەکیی کۆکبوون و یەکدەنگی، بۆ ئەوەی دەرهاوێشتەکانی داهاتووی ناوچەکە لە بەرژوەندیی گەلی کوردستان بێت و لێکەوتە نەرێنییەکان بەرپەرچ بدرێنەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.