▪ ” دەم دەمەی بەهارێکی زووهاتوو بوو “

ئازاد نەسرەت

بەدەم خەیاڵێکی مێژووی تاڵی لەناوچوونی پەپوولەکان
نەك تەنها خۆم بگرە پێنووسەکەشم پڕ قوڕگی گریانە و پێکەوە لاپەڕە بەلاپەڕەی ڕووداوەکان دەنووسینەوە لەلایەك هەستێکی خەماوی پڕاوپڕ لە کارەسات لەلایەکیتر سۆزێك بۆ نەتەوەو نیشتمان و پێناسەکردنێك بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوومان .
بەهار لای نەتەوەکانی جیهان وەرزی گوڵ و سەوزاییە وەرزی خۆشەویستی و هەموو خۆشییەکانی ژیانە ، بەڵام لای من
لەم وەرزە وەڕسەدا ، هەرکە بۆنی بەهاردێت و نزیک دەبمەوە لێی کانی بەبزەوە سەمای ژیانەوە بە سەوزایی دەبەخشێ . شەنگە ژنی شۆڕەبی ئاویزانی خەیاڵ و چەم دەبێت . کەسەرێکی نامۆ دەست دەخاتە باخەڵی دڵ . هەموو سروشت دەبێتە سێوێکی بۆنكردووی کڕمۆل. ئەوکات من لە بەهار ڕادەکەم و هەموو بوونم دەبێتە هەڵەبجە .
من کە چرۆی چاوم کرایەوە و کراسی پێڕەوکەییم لەبەرکرد، هەر گوێم لە وێرانکردنی کوردستان و شەهید کردنی ڕۆڵەکانی بوو . خەمی کەسان و ئازیزان ، . ساتێك تەوسی زێد و چرکەیەك بیرهاتنەوەی بەژنی دایك ، بۆنی هەموو میهرەبانییە لەبیرنەکراوەکانی، مەحشەری هەست و قیامەتی سووتانی مرۆڤ و بوونیەتی. کسپە و قرچەی شکانی و بەژنی ئەوینێ کە ساباتی هەموو خەم و ئاوارەیی و کەسەرە نەبڕاوەکانمە. هەڵوەرین و هەرەسی مرۆڤە لەوپەڕی بێ دەرەتانی و ناچاریدا. کە گیژەڵووکەی کارەسات ڕامدەماڵێ و زریانی بێ تاقەتی دەست دەخاتە باخەڵی دڵم . جگە پارچە هەڵوەریوەکانی جەرگ، شتێك بەدەستەوە نایەت. من کە تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵیم ، لە ئامێزی گەڕەکی ئازادی و لە سای سێبەری کەرکوك و لە نزاری چیای حەمرین و چیای بۆر بەسەر دەبرد. دەستی غەوارەی قەدەر، ئاوێزانی بەژنی ئاوارەییەکی هەرگیز نەبڕاوەی کردم . لەناکاو لە دەشتی نامۆییدا خۆم بینییەوە. هەر لە زاگرۆس و نەکەرۆز و قەندیل و هەکاری و سەفینەوە ، تا دەشتی هەولێر ، قەڵای باوەنوور و کوچکە ڕەشی چیای بۆری کەرکوك و لوتکەی زمناکۆ و دەربەند پێلولە و تونەکەی بابا و تافەکانی هەورامان و قۆپیەکەی قەراخ و شەخسکەی گڵەزەردە و کوڕەداوێی ماوەت و وشکەناوی هەورامان شارباژێرە ڕازاوەکەم و داوە مەنزیلم گۆڵێی پێنجوێن بوو کە بوونە بەشێك لە بوونم .
ساتێك بەدەم گریانەوە بۆ شار
گرێی ئەم ئازارە چۆن بكەمەوە.؟ ئەستەمە مرۆڤ بێ سڵەمینەوە و تەوسێكی نوچ هێن ، دەست بۆ بوخچەی ئازارەكانی تەمەنی بەرێ. هەڵەبجە بۆ من هەم ئازارە و هەم تەمەن لە مانا تراژیكەكەیدا . چۆن بتوانم و بۆ هەڵدانەوەی كام یاد، كارەسات ، مێژوو، ئەم چیرۆكە تراژیكە بە دیار سێبەرەكانی زەمەن و لە بەرژەوەندی دییەی شارەوە بخوێنمەوە. كاتێ شەپۆلی كارەسات لە هەڵەبجە دایبڕیم . چرۆی ئاوەز و درەختی ڕۆژگارم ، هێندە كراوە و هەڵكشاو نەبوون، ئاراستەی ڕوودا و ئامانجی دیاردەكان بخوێننەوە. تامی خاوی عومرێكی تەماوی . هەندێك یادەوەری مێژووبەزێنی كاڵ، دەیانبەستمەوە بەهەڵەبجەوە . بەشێوەیەكی سەیر ئەم شارە تامی دایكمی دەدا. ئەوانەی ئەژنۆیان زریانی غوربەت نەیلەرزاندبێ ، نازان كۆستی زێد كەوتن و گەڕیدەی دیاری دوور ونامۆ چیە.
لێرەدا تەنیا مەبەستم بوو لەو دیو دیوارەکانی ئەقڵی بەئامڕازبووی ئێستاوە و لە گوڵدانی دڵەوە چێرۆکێك بە چیرۆكی نەهامەتیەکان و شەهیدەکان بگێڕمەوە بۆ نەوە لە دوای نەوەکانی ئەم سەردەمە و داهاتوو . بەدەنگێکی بەرز بڵێم دەم دەمەی بەهارێکی زووهاتوو بوو .
زۆر زووبوو بۆ لەناوچوونی ڕۆحی پەپوولەکان .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.