▪  راپەڕینی كوردستان بەردەوامە


رێبوار حەمەلاو شوانی

ئەمساڵ 33 ساڵ بە سەر راپەڕینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991ی خەڵكی کوردستاندا تێپەڕدەبێت کە لە ڕانیەی دەروازەی راپەڕینەوە دەستی پێکردو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەرجەم ناوچەکانی گرتەوە و لە کەرکوکی دڵی کوردستان گیرسایەوە.راپەڕین گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە خەباتی سیاسیدا و هاووڵاتی و پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا بوون، دەستکەوتێکی پرشنگدار بوو بۆ گەلێک کە ساڵەهای ساڵ خەونی بە ئازادییەوە دەبینی ، گەلێک کە ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی بەعس نەیتوانی ئیرادەی بشکێنێت . مێژوو گەواهیدەرە كە .سوپای دڕندەكەی ڕژێمی سەدام، پێنجەمین سوپای بەهێزی جیهان بوو.گەلی كورد لە باشوور هەژارترین گەلی سەر رووی زەوی بوو.
ئەگەر ئامانجی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان، ئازادی و فرەیی و سەروەریی یاسا بووبێت وەك ڕێزدار سەرۆك مسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو كاتی بەرەی كوردستانی لەكۆیەوە بەهەمووانی ڕاگەیاند، ئەوا ئەم ئامانجەش بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە بوو كە جارێكی دیكە مانای بەئامانجە سەرەكیەكەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دایەوە، هەر ئەم هۆكارەش بوو، جەماوەری ڕاپەڕیووی كوردستان لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ شارو شارۆچكەكانی كوردستان جڵەوی ڕاپەڕینی تەسلیم كردن و لەمەش گرنگتر لەو شوێنانەشی كە هێشتا مابوون ڕزگار بكرێن، بەتایبەتی لەشارە گەورەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك، جەماوەری ڕاپەریوو دوای هێزی پێشمەرگە كەوت، بۆئەوەی بەرەی كوردستانی بەئازاد كردنی كەركووك تاجی سەركەوتن لەسەری ڕاپەڕین بنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتیی رێزدار سەرۆك بارزانی و بە پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە چەكی سووك و بە ورەیەكی پۆڵایینەوە لە چیا و دۆڵەكانی كوردستان ، دژ بە داگیركاری ئەو سوپا بەهێزە دەجەنگان، بەڵام هەمیشە هەق، سەنگی مەحەكە، چونكە گەلی كورد شەڕی مافەكانی دەكرد و بندەستیی ڕەت دەكردەوە.لە ڕاپەرینی ساڵی نەوەد و یەك بە شەو و رۆژێك گەلی كورد بە دەستی بەتاڵ سوپای تانك و فڕۆكە و هێلكۆپتەر و تۆپی راونا و بە هەزارەهای لە ئەفسەر و سەربازی بە دیل گرت .هەمیشە گەلی كورد ڕاپەڕیوە و خۆی لە بندەستی رزگار كردووە. هیچ هێزێك نەیتوانیوە بەرگەی ئیرادەی بگرێ.
ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست هاتوون، بەرهەمی خۆڕاگری و خەباتی هەزاران پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان و خەباتی بێ وچانی رۆڵەی خەباتگێری گەلەكەمانن، كە ساڵەها ساڵە دەجەنگن دژ بە زۆرداری و چەوساندنەوە و گۆڕینی نەژاد و دیموگرافیای ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بەدەستی رژێمە یەك بە دوا یەكەكانی عێراق .ڕاپەڕین دەرەنجامی تووڕەیی و تۆڵەكردنەوەی گەلی كورد بوو لە سوپای سەدامی دیكتاتۆر، دەرەنجامی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهید بوو . بەڵام بەداخەوە هەندێ جار بە گەلەكۆمەی وڵاتانی زلهێز و هەندێ جاریش ناڕێكی و ناتەبایی ناوماڵی كورد، بووەتە هۆی لە دەستچوونی دەستكەوتەكانی ڕاپەڕینی جەماوەر.ئەوەی دەكرێ بگوترێ، ئەوەیە كە راپەڕین هێشتا تەواو نەبووە، بەتایبەت لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم،
ئەوەی لە رەوشی ئێستا و چۆنێتی مامەڵەكردنی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق دەبینرێت ، ئەو راستییەیە كە زێهنیەتی دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و ئازاردانی خەڵكی كوردستان درێژەی هەیە ، جارێ پێشێڵكردنی مافەرەواكانی بەردەوامە ، جارێكی بە بیری داگیركاری و ڕەتكردنەوەی دیموكراسی و پێكەوەژیان و هاوبەشی درێژەی هەیە ، جارێكی بیری شۆڤێنیزمی مووشەكباران و درۆنبارانكردنی كوردستان بەردەوامی هەیە ، جارێ نیوەی خاكی كوردستان كە بەهۆی خۆسەپێنی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقەوە لە ژێر هەرەشەی بەعەرەبكردن و راگواستن دایە ، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە جارێ ئامانجەكانی راپەڕین بەردەوامن لە دژی بەكرێگیراو و دوژمنانی كوردستان و گرنگە لە ئێستادا پارێزەری ئەو دەستکەوتانە بین کە لە سایەی راپەڕین و خوێنی سەدان شەهیدو ئازایەتی گەلێکەوە بەرهەم هات و بەرەو ئاسۆیەكی رووناكتر و بەدیهێنانی گشت ئامانج و مافەرەواكانی كوردوكوردستان .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.