▪ رێژەی ژنانی دەرچووی ئەنجومەنی پارێزگاکان
شانیا محەمەد
پەیڕەوکردنی سیستمی سانت لیگۆ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق دەرفەتی ژنانی کەمترکردۆتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنە خۆجێییەکان.
سستمی سانت لیگۆ بریتییە لەوەی هەر لایەنێکی بەشدار لە هەڵبژاردن، ئەو دەنگەی هێناوییەتی دابەش دەکرێت بەسەر رێژەیەکدا بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان، بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردن کە سیستەمی (سانت لێگۆ) بە پێی رێژەی هەڵبژاردن 1.7 کە ئەنجومەنی نوێنەران لە ئازاری ساڵی رابردوودا دەنگی لەسەر داوە هەر پارێزگایەک یەک ناوچەی هەڵبژاردن دەبێت، دەرفەتی ژنانی کەمکردۆتەوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە دەرەوەی ژمارەی کاندیدی ژن بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، چونکە یاسا نوێیەکە دابەشکردنی کورسییەکانی لەسەر لیستەکان داناوە، ئەوەش کۆسپ لە بەردەم سەرهەڵدانی حزبە تازەپێگەیشتووەکان و هاتنە پێشەوەی کەسایەتییە سەربەخۆکان و لە نێوانیشیاندا کۆسپی بۆ ژنانی کاندید دروست کردووە.
بەشداری کاندیدە ژنەکان بە پێی یاسای هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، بەپێی یاساکە دەبێت (25 %)ی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە بۆ ژنان بن، بەو پێیە لە (275) کورسی گشتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق (75) کورسی بۆ کۆتای ژنان دەبێت، هاوکات لە ریزبەندی کاندیدەکانیش دەبێت لە دوای سێ كاندیدی پیاو لە لیستەكەدا، ناوی كاندیدێكی ژن دابنرێت، هەروەها لە کۆی (5 هەزار و 904) کاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، (هەزار و 662)یان ژنن، کە دەکاتە (28.1 %)ی کۆی گشتی کاندیدەکان و کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسیان کرد، هەروەها لە حزبە کوردییەکان لەم هەڵبژاردنە لە بەشێک لە پارێزگاکان کاندیدیان هەبووە، لە هەندێک پارێزگا بە هاوپەیمانی و لە هەندێک پارێزگاش بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوون.
بە نموونە لە پارێزگای کەرکوک حزبە کوردییەکان (66) کاندیدیان هەبووە لەو ژمارەیەش (22)یان ژنن، لە پارێزگای نەینەواش سێ لە حزبە کوردییەکان بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد، بەکۆی گشتی (108) کاندیدیان هەبووە لەو ژمارەیەش (26) یان ژنن.
“پەیڕەوکردنی سیستمی سانت لیگۆ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق دەرفەتی ژنانی کەمترکردۆتەوە”
لە 28/12/2023 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند، دەرکەوت کە ژنانی براوە 75 کاندید سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکان بوون، لەوانەش 10 بەربژێر زۆرترین دەنگیان هێناوە کە دوو دانەیان بەربژێری لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە و پارتی دیموکراتی کوردستانن، هەروەها لە کۆی 75 کاندید 17 کاندید بە بێ کۆتا بوونەتە براوە، بەپێی ئەنجامەکان لەنێو کۆی ئەو ژنانەی خۆیان بەربژێر کردبوو، لەیال محەممەد عەتۆ، لە لیستی حەدبای وەتەنی لە نەینەوا زۆرترین دەنگی هێناوە، کە 9 هەزار و 981 دەنگ بووە
رێژەی ژنانی دەرچووی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان
لە کۆی هەزار و 662 کاندیدی ژن تەنها 75 کاندید توانیان ببن بە براوەی هەڵبژاردنەکان، لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەغدا 13کاندید، پاریزگای کەرکوک 5 کاندید، پارێزگای نەینەوا 7 کاندید، پارێزگای واسیت 4 کاندید، پارێزگای ئەنبار 4 کاندید، پارێزگای دیالە 4 کاندید، پارێزگای بابل 5 کاندید، پاریزگای کەربەلا 4 کاندید، پارێزگای موسەنا 3 کاندید، پاریزگای نەجەف 4 کاندید، پارێزگای زیقار 5 کاندید، پارێزگای قادسیە 4 کاندید، پارێزگای میسان 4 کاندید، پارێزگای بەسرە 6 کاندید.
کۆتای ژنان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
پارێزگای بەغدا لەکۆی (49) کورسی (13)ی بۆ ژنان دەبێت، پارێزگای نەینەوا لەکۆی (26) کورسی (7)ی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای بەسرە لەکۆی (22) کورسی (6)ی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای زیقار لەکۆی (18) کورسی (5)ی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای بابل لەکۆی (18) کورسی (5)ی بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای ئەنبار لەکۆی (16) کورسی (4) بۆ ژنان دەبێت. پارێزگای نەینەوا لەکۆی (26) کورسی (7) بۆ ژنان دەبێت. هەریەک لە پارێزگاکانی (کەرکوک، نەجەف، دیالە و سەڵاحەدین)، لەکۆی (15) کورسی (4) کورسیان بۆ ژنان دەبێت. پارێزگاکانی دیوانیە و واستیش لەکۆی (14) کورسی (4)یان بۆ ژنان دەبێت. پارێزگاکانی کەربەلا و میسانیش لەکۆی (13) کورسی (4)یان بۆ ژنان دەبێت و پارێزگای موسەناش لەکۆی (12) کورسی (3)ی بۆ ژنان دەبێت.
هۆکارەکانی کەمی ڕێژەی دەرچووی ژنان
ئەوە لە کاتێکدایە لە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2020دا ژنان توانیویانە 97 کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 2021 بەدەستبهێنن، چونکە یاساکە عیراقی بەسەر 83 ناوچەی هەڵبژاردندا دابەشکرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگ، بەبێ گوێدانە رەگەز، چ ژن بێت یان پیاو، هەندێک بازنەی هەڵبژاردن رێگەیان بە زیاتر لە ژنێک دەدا دەنگەکانیان بەدەستبهێنن، ئەمەش وایکرد ژمارەکە زیاد بکات، بەڵام لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکاندا سیستەمی هەموارکراوی “سانت لێگۆ” کە رێژەی 1.7 حیساب دەکات، رێژەی براوەی ژنان تێیدا بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کەمیکردووە
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.