▪ سوکایەتی بە ناوی ئازادیەوە..

پەری محەمەد

ئەوەی بە ناوی ئازادییەوە لە کوردستان دەگوزەرێت ڕەخنەگرتن نییە، سوکایەتی و جنێوی بازاڕییە، کە تەواو نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردی. گۆڕانکاری و باشکردنی حوکمرانی بە شکاندنی یەکتری یان جنیودان و لەسەر بنەمای ڕق و کینە ناکرێت، بەڵکوو بە پلان و ئەدەبێکی باش دەکرێت. من لەگەڵ ئەوەدام ڕەخنە بگیرێت کەس پیرۆز نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیم، کە سوکایەتی و یەکتر شکاندن هەبێت بە شێوەیەک، کە پێشێلی یاسا و ڕێسا گشتییەکان و ئازادی کەسانی تر نەکات و زیانیان پێ نەگەیەنێت.

سارتەر دەڵیت (مرۆڤ دەبێت ئازادبێت، چونکە بە بێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە ناو دونیاوە، بەڵام بەرپرسیارە لە هەموو کارێک، کە دەیکات) کۆمەڵێ خەڵک لە ژێر ناوی ڕۆژنامەوانییەوە کولتووری سوکایەتی و جنێویان هێناوەتە ناو ئەو پیشەیەوە و تەواو ناشیرینیان کردوە بەوپەڕی توندی و خراپییەوە هێرش دەکەنە سەر هەموو شتێک چی ناشیرینە دەیڵین و وتویانە، بەڵام کاردانەوەی بەرانبەر بە ناحەق و هەڵسوکەوتی پۆلیسی دەزانن، تۆ کە چەکی دەستت سوکایەتی بێت بێ گومان دەبێ چاوەڕێی هەمان هەڵوێست لە لایەنی بەرانبەرت بکەیت، کاتێک ڕقێکت لە بەرانبەرەکەت هەیە تۆش دێیت و سەدەها قسەی نەشیاوی پێ دەڵێیت دەی ئەمە لە هیچ جێیەکدا پێی ناوترێ ڕای ئازاد و بیروڕای جیاواز، ئەوە جنێوی بازاڕییە و دەبێت چاوەڕێی کاردانەوەی بەرانبەر بکەیت، کە بەرانبەرەکەت داوای مافی خۆی کرد، کە تۆ پێشلت کردوە نابێت بکەویتە هاتوهاوار و پاڕانەوە، کە یاسای ئازادییەکانی تۆ پێشل کراوە و ستەمت لێ دەکرێت ئازادی بەرپرسیارێتییە نەوەک ئەو بەرەڵایییەی ئیستا لە سۆشیال میدیا بە ناوی ئازادییەوە پێشێلی مافی کەسانی تر دەکات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.