▪ سیماکانى شکستی سیستەمی فیدڕاڵی لەعێراق
رێبوار حەمەلاو شوانى
زۆرگرنگە کە دواى 21 ساڵ حکوومڕانى عێراقى فیدڕاڵى ئاماژە بەو راستییە بکەین نەک هەر بنەماکانى فیدڕاڵى نەچووەنە بوارى جێبەجێکردنەوە بەڵکو رۆژ بە رۆژ بەرەو سیستەمێکى تەقلیدى وڵاتێکى دراوسێى بەناوى مەزهەبى و تایفى لە پاشەکشێ دایە و لە جیاتى سەرەوەرى یاسا و دەستوور تەنها هەژموونى گروپ ومیلیشیاکان باڵیان بە سەر عێراقدا کێشاوە .
یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکانى دەوڵەتێکى فیدڕاڵى بریتین لە سەربەخۆیی هەرێمەکان و بەشداریکردنیان لە پرۆسەى حکوومەتى فیدڕاڵ، لەوەشدا گرنگە و دەبێ دەسەلاتەکانى ڕێک بخرێن لە نێو حکوومەتى فیدڕاڵى و هەرێمەکاندا ، نموونەى هەرە بەرچاوەیش ، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکایە کە دواى زیاتر لە دوو سەدە بەردەوام ئەو وڵاتە لە پێشکەوتنى بەردەوام دایە ، چونکە یەکەم دەوڵەت بووە کەبووەتە خاوەن دەستوورى تایبەتى خۆى ، سیستەمى فیدڕاڵیان داهێنا.
بۆ گەلى کورد و هەرێمى کوردستان کە لە نێودەستوورى هەمیشەیی عێراقدا سنوورێکى دیاریکراوى نییە و تاکە هەرێمیشە لە نێو عێراقدا ، بەڵام وەک بەکردەوە دەبینرێت شتێک بەناوى دیموکراسى لە عێراقدا بوونى نییە ،ئەوەش بووەتە ئاڵنگارى زۆر لە بەردەم هەرێمى کوردستان وهەموو ئەو گوشارانەى ئەو گروپ ولایەنە مەزهەبى و تایفیانە نەک تەنها بۆ هەرێمى کوردستان هەڕەشە و کۆسپن بەڵکو بۆ داهاتووى عێراقى فیدڕاڵیی کۆس و مەترسى گەورەن .
یەکێکى تر لە پرسە هەرە گرنگەکانى بەردەمى عێراقى فیدڕاڵى ، جێبەجێ کردنى دەستوورى هەمیشەیى عێراقە کە تێیدا مافەکانى گەلى کوردى تێیدا جێگراوە ، بەڵام دواى 19 ساڵ تا کو ئێستا هیچ نییەتێک نییە بۆ جێبەجێکردنى ، هەر ئەوەشە کە بەردەوام کێشە وئاستەنگ دروست دەبێت ، ئەوەش وایکردووە کە ئەو گروپ ولایەنانە دادگاى بەناو فیدڕاڵى بە سوودوقازانجى خۆیان و لەجیاتى دەستوور بەکار بێنن چونکە ئەو دادگایە نەک هەر بێ لایەن نییە ، بەڵکو بە سوودوبەرژوەندى ئەو گروپ ولایەنە مەزهەبى تایفیانە کە وەک حکوومەتێکى سێبەر باڵیان بە سەر عێراقى فیدڕاڵدا کێشاوە دەشکێتەوە .
یەکێکى تر لەو هەرەشانەى کە بەردەوامەکانى بەردەم عێراقى فیدڕاڵى بوونى تاقە قەوارەى فیدڕاڵى ئەویش هەرێمى کوردستانە ، ئەوەش وایکردووە کە ئەو گروپ و لایەنە میلیشیایی و تایفیانە وەک مەترسیەک بۆ سەر پارچە پارچەبوونى عێراق ببینن ، بۆیە، ئەگەر هاتبایە هەرێمى باشوورى و ناوەڕاستى عێراق دروست ببووایە ، عێراق چەند هەرێمێکى هەبووایە ، ئەو کاتە وەک وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و سویسرا ئەوا ژینگەى دیموکراسى خێراتر و باشتر گەشەى دەکرد .
هەروەها یەکێکى تر لە کێشەکان و پرسە هەڵواستراوەکانى نێو هەرێمى کوردستان و عێراقى فیداڵى بوونى کێشەى خاکى کوردستان لە نێو سنوورى جوگرافیای موسڵ ، کەرکووک ، دیالە ، کە خاکى و سنوورى جوگرافیایی هەرێمى کوردستان و ئەوەش وایکردوە کە دەسەڵاتدارانى بەغدا لە ماوەى چەند ساڵى رابردوو خۆیان لە جێبەجێکردنى ماددەى ( 140)، دەستوورى بدزنەوە وپاشگەز ببنەوە .
ئەوەى لە ئێستادا دەبینرێت فشارى رۆژانەى ئەو وگروپ میلیشیایانە بۆ سەر حکوومەتى عێراقى فیدڕاڵى بۆ دەرکردنى ( یۆنامى ) و ( هێزەکانى ئەمەریکاوهاپەیمانان)، لە عێراق بۆ ئەوەى زیاتر هەژموونى خۆیان بسەپێنن و ئەو خەونەى کە دروستکردنى کۆمارێکى ترى ئیسلامى هاوشێوەى ئێرانە لە عێراق دروست بکەن ، کە ئەوە خۆى لە خوێیدا ئاماژەیە بە شکستهپێنانى عێراق لە رووى جێبەجێکردنى دیموکراسى و دەستوور، لە کاتێکدا ئەو گڕێبەستە پێشتر و دەنگى گەلان و پێکهاتەکان ئامادە و دەنگى لە سەر دراوە ، دواتریش جێبەجێ نەکراو و پێشێڵیشکراوە و رۆژانەش لەلایەن گروپ ولایەنە شیعیەکانەوە سووکایەتیی پێدەکرێت و هەوڵى ئەوە دەدرێت تا وەک و ویست و حەزەکانیان جارێکى تر هەموار بکرێتەوە و پێیان وایە کە بە شێوەیەکى نایاسایی و پەلەکراوە لە نووسینەوەى دەستوور ، ئەوەش پاساوێکى مەترسیدارە .
ئەوەى لە رابردوو و ئێستاشدا ، زەمینەى مەترسیدارى دروستکردووە و گەورەتریش دەبێت ، کۆتایی پێهێنانى بە ئەرکى ( یۆنامى و هێزەکانى هاوپەیمانانە)، بەتایبەتى بۆ گەلى کورد و مافەدەستوورییەکانى لە نێو عێراقێکى فیدڕاڵى کە رەنگە لە داهاتووشدا ئەوەش نەمێنێت ، چونکە لەمەودا دەستى ئەو گروپ و میلیشیا کراوەتر دەکات بۆ هێرش و پەڵاماردان و چڕکردنەوەى گەمارۆکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان گەلى کورد ، لە هەمانکاتیشدا ڕێگەبەخۆیان دەدەن تا بە هەر ڕێگەیەک بیێت تا دەستوور بە ویستى خۆیان هەمووار بکەنەوە و شتێک بەناوى فیدڕاڵى و قەوارەى هەرێمى کوردستان و ماددەى 140ى و سیستەمى فیدڕاڵى بوونى نەمێنێت ، ئەوەش زیانگەیاندنە بەهەموو گەل و پێکهاتەکان و مافەرەواکانیان ، کە هەمووى ئاماژەن بە شکستى سیستەمى فیدڕاڵى لە عێراق پیشان دەدەن .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.