▪ سەرۆک بارزانی لە دیدی کۆمەڵگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا
فرسەت سەید شکور
پێشکەوتن و ئاوەدانی ھەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی گەورەو جیاوازی ناوچەکە، بە سەرۆکایەتی و ڕابەرایەتی “سەرۆک بارزانی” بەس نەبوو بۆ ئەوەی وەک سەرۆکێکی کاریزمی و دونیابین و تێگەیشتوو بۆ تەواوی بابەتەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە بیرو ڕاکان و جیاوازیی ئاین و ئاینزاکان وێنای بکرێت بەڵکو، سەردەمی شەڕی داعشی ھاتە سەر، ئەو کاتە “سەرۆک بارزانی” وەک پێشمەرگەیەک و ڕابەرێکی نەتەوەیی چووە سەنگەری پاراستنی نیشتمان و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگە ھێنایە سەر ھێڵ.
شکاندنی ئەفسانەی داعش و خەباتی سیاسیی و چەکداریی مێژوویی “سەرۆک بارزانی” وایکردووە، کە ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپاو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەش وەک مەرجەع و بڕیاربەدەستی یەکەمی ھەرێمی کوردستان و ھەتا پارچەکانی دیکەی کوردستانیش چاوی لێوە بکەن،
بەھۆی پێگەی سەرۆک بارزانییەوە، ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2006 وە پەیوەندییەکی پتەو و بەھێزی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا دروستکرد، ئەوە بووە زەمینەیەکی لەباری سیاسیی و ئابووری تاوەکو کابینەکانی حکوومەتی ھەرێم توانای ئەوەیان ھەبێت، پەیوەندییەکی فراوان لەگەڵ وڵاتان بەدی بھێنن و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان پەرە بسێنن.
میوانداریی دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە لە ڕۆژی شەممە 18ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین گەواھیدەر و دووپاتکەرەوەی ئەو ڕاستییە کە ئەوەی سەرۆک بارزانی کردووەتە ڕابەر و مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان کەسێتی و مێژوو و خەبات و ڕۆڵەکانیەتی لەناوچەکە و جیھان، سەرۆک بارزانی لە پەراوێزی ئەو میواندارییەدا، ئەوەی خستووەتە ڕوو،
كە هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەیە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان. پەیوەست بە مافی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە نابێ هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت و، ئیرادە و سیغەیەكی دیاریكراوە بەسەر پێكهاتەكانی هەرێم بسەپێندرێت.
خاڵێکی دیکە کە جێگە سەرنجی کۆمەڵگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییشە ئەو ئایدیا فیکرییەی سەرۆک بارزانییە کە پێیوایە و بە کردار کاری بۆ کردووە ئەویش ڕێزگرتن لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان و خودی پێكهاتەكان و بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە کایەی سیاسیی و بەڕێوەبردندا.
ھەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی؛ پێگەی سەرۆک بارزانی لەپلە و پۆست و پێگە سیاسییەکان گەورەترە، لەسەر ئاستی دونیا سەرۆکی دەوڵەتە زلھێزەکانی جیھان لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتانی ھاوشێوە مامەڵە دەکەن، بەڵام ئەم بەھێزیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی ناوچەکە ھۆکاری سەرەکی گەورەیی پێگەی سەرۆک بارزانییە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.