▪ شازە: ئامانجمە گروپێکی دەف ژەنی کچانمان هەبێت

خانمێکی دەفژەنی شارە جوانەکەی هەڵەبجە لە نسێ_وە باس لەدەستپێک و کاری هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: ” هەر کەسێک بیەوێت موزیک بژەنێت ئەو ئامیرە هەڵدەبژێرێت کەلێێەوە نزیکە و دەتوانێت لەگەڵی بگونجێت، منیش خۆم زۆر پڕجوڵەم و دەف زۆر لێمەوە نزیکە، هونەری موزیک لە شاری هەڵەبجە فێربون و دەرکەوتن تێیدا قورس بوو لە رابردوودا بەتایبەت کاتێک من دەستم پێکرد کچ کەم دەهاتە ئەو بوارەوەو ئەمەش کێشەی دروست دەکرد بەتایبەت زۆرینەی ژەنیارەکانی ئەم سنورە کوڕ بوون، بەڵام ئێستا کچانێکی باش و بەتوانا هاتونەتە دنیاکەوەو رێچکەمان شکاندوە”.

شازە دەڵێت: ” ئامانجی گەورەی من ئەوەیە گروپێکی دەفی کچانەمان هەبێت و دڵخۆشم کە ئێستا ژمارەیەک کچ بونەتە فێرخوازی دەف و منیش چەند فێرخوازێکم هەیە، بەوهیوایەم رۆژێک وەک فستیڤاڵەکانی ئێران کۆمەڵێک ژەنیاری دەف پێکەوە کارێکی هونەری گەورە بکەین، چونکە کاری پێکەوەیی رۆحیەتێکی زۆر جوانی هەیە، بەو هیوایەی وەک گروپی کیژانی سلێمانی بتوانین گروپی کیژانی هەڵەبجە دابمەزرێنین”.

ئەوەش دەڵێت: ” من لە دوو شوێن لە هەڵەبجە وانە دەڵێمەوەو نزیکەی 25 فێرخوازم هەیە، هەموو هەوڵی من ئەوەیە ئەوەی پێمە بیگەیەنمە فێرخوازەکان و تا بتوانن بگەنە پلەیەکی باش لە فێربون و بۆخۆشم بەردەوام لە تەمرین کردن و فێربونی شتی نوێم، بەداخەوە لێرە هیچ پاڵپشتییەک نییە تەنها ئەتوانین لەگەڵ گروپەکان خۆمان کار بۆخۆمان دەستەبەر بکەین”.

ئیمان قادر ناسراو بە شازە خەڵکی شاری هەڵەبجەیە و دەرچوی بەشی شێوەکاری پەیمانگای هونەرەجوانەکانە، لە ساڵی 2010 ەوە دەستی بە فێربونی ئامێری دەف کردووە لەسەنتەری گەنجانی هەڵەبجە و لە 2014 ئەوە یەکەم چالاکی هونەری ئەنجام داوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.