▪ شۆڕشی گوڵان، ھیوای بۆ کورد گەڕاندەوە و فکر و ھێزی بەعسی ھەڵتەکاند
فرسەت سەیدشکور
26ی گوڵانیی 1976، بڵێسەی شۆڕشی گوڵان گوند و شار و چیا و دۆڵ بە دۆڵی كوردستانی گرتەوە، بەوەش پێشمەرگە و فەرماندە و سەركردایەتی شۆرشی ئەیلوول بەتایبەتیش سەرۆک مەسعود بارزانی و کاکە ئیدریسی هەردەم لەیاد و یاوەرانی نەیانهێشت خەونی دوژمنان بێتەدی كە بەنیاز بوون شۆڕشی كورد بۆ هەتاهەتایی لەناوببەن.
نسكۆی 1975 دەرەنجامی گەلەكۆمەكییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بوو بەڵام، بەرپا كردنەوەی شۆڕش هیوایەكی نوێی بە گەلی كوردستان بەخشییەوە.
شۆڕشی 26ی گوڵانى نیشتیمانی پێشكەوتنخواز، لە قۆناخێکی زۆر سەخت و دژواردا درێژەپێدەر و هەڵگری پەیام و ئامانجە پیرۆزەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو. شێوازێكی نوێی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆییی کورد و کوردستان.
لە هەلوو مەرجێكی قورسی سەربازی و سیاسیی و بەرێنمایی “بارزانی نەمر” تەنیا پشتی سێ رۆژ لە پیلانی «جەزائیر» سەركردایەتی بیری لەسەر لە نوێ بەرپاكردنەوەی شۆڕش كردەوە و چەندین كادر و پێشمەرگەو فەرماندەی بۆ گوندو شارو ئاواییەكانی کوردستان ناردەوە، مەفرەزەی بچوكی پارتیزانی دروست كردەوەو هەنگاوە یەكەمینەكانی شۆڕشێكی جەماوەری پێشكەوتنخوازی هاوێشت و، ورەیان بە جەماوەری شۆڕشگێڕی كوردستان بەخشییەوە، شۆڕشی گوڵان لە ناوجەرگەی كوردستانی عێراق و لەباوەشی جەماوەری گەلی كوردستانەوە بەرپا كرایەوەو سەرلەنوێ وزەیەكی بەگوڕی بە رێكخستن دایەوە لەناوەو دەروەی ووڵات و زۆر كەسایەتی و فەرماندەو سەركردەی پێشووی شۆڕشی ئەیلوول بە وهۆیەو لە دەرەوەی ولاتەوە گەرانەوەوچالاكی سیاسی و پێشمەرگایەتیان دەست پێكردەوە، بە جۆرێك لەماوەیەكی كورتدا پێشمەرگەكانی لەشكری شۆڕشگێری كوردستان لە ناو شارە گەورەکاندا وەکو جاران لە قەڵاکانی داگیركەرییان دەدایەوە.
لەماوەی بەردەوامی شۆرشی گوڵان، دەیان داستانی مێژوویی لە شکاندنی نەیارانی گەلی کوردستان تۆمارکران، پۆلێک لە خەباتگێڕانی کوردستان و ڕێبازیی بارزانیی چوونە ڕێزەی نەمرانەوە، ئەمە جیالەوەی بە خەباتی شاخ و شار بڵێسەی شۆڕش تەواوی ناوچەکانی کوردستانی گرتبووییەوە، شۆڕشی گوڵان بە ڕابەرایەتی سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، چەندین دەستکەوتی گەورەو مێژووییان لێھاتنە بەرھەم، لەوانەش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاوەدانی و پێشکەوتنەکانی ھەرێم بە نوێنەرایەتی ملیۆنان کورد و کرانەوەی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دوونیای دەرەوە، بەرھەمی شۆڕش گوڵان و بزووتنەوە چەکدارییەکانی دیکەی گەلی کوردستانن.
«شۆڕشی گوڵان» لە ڕوانگەی بیر و باوەڕی كۆمەڵێك حزب و لایەن هاتە كایەوە، لە هەمان كاتیشدا شۆڕشی ئەیلوول، لە قۆناغی بەرگریكردندا بوو و، تاكە حزبێك ڕابەرایەتیی شۆڕشی دەكرد، بەڵام شۆڕشی گوڵان بە شێوەی پارتیزانی هاتە مەیدان، پاشان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵێكی گرینگی بینی، لە هەمان كاتیشدا ڕێكخستەكانی خۆی لەسەر بنەمایی ڕێكخراوەیی دامەزراند”.
لە ئێستاشدا کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی چارەنووسساز و مێژوویدایە، دەبێت ئەوە لە هزردا بێت کە بنەمای سەرەکی و گرنگی دیموکراسیەت ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام جەختی لێدەکەنەوە، هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەلە لەڕێگەی خەڵکەوە، هەر جۆرە خۆدزینەوە و لادانێک لەم ڕاستییە، داهاتوویەکی ناڕوون و تاریک بە ڕووی کوردستاندا دروست دەکات. هەمووان باش دەزانین کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتی سەدان ساڵەی گەلی کوردستانە بە هەموو شەهید و قوربانیی و ماڵوێرانی و دەربەدەری و وێرانکارییەکانی لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرە جیاوازەکانەوە، کاتێکیش ئەم هەرێمە بە ڕاپەڕینی خەڵک و هێزی پێشمەرگە دێتە بەرهەم بێگومان پاراستن و دۆزینەوەی ڕێرەوەکانی پارێزگاری کردنی دەبێت (ئەولەویەت) بێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.