▪ عیشقی من بۆ کەرکوک

ئازاد نەسرەت

بۆنی خاک و شێی بەڵەک وبسکی چڵی زەردی درەخت .تەمی سەر بەخەمی وڵاتێکی ئۆقرە نەدیوو، گەڵاڕێزانی باقە بیری خەڵوە نشینی هەموو یادگاریەکان کەم ڕەنگ بوونە هەرگیز بیرنەکراوەکانی ڕۆژگاری منداڵی ومێر منداڵیان هێور هیور لادایە لاوە و ڕوژانیان ۰
منداڵیکی بزێو ولاسار، دارلاستیکێکی چەڵمە شکاو ، و هەرای ڕاوەسەگ وقوتابخانە وشەڕ و میراتە بە جێماوەکانی مێژوو ، جەژن و عەرەبانە و جەژنانەو کارێز وجۆلانە . هەڵکشان وچاو باشقەڵی منداڵانە ، کەڵەگەت بوون وشای بە خۆ هاتن و چرۆی ئەدەب و کەم کەم ژاوەژاوی سیاسەت ، بۆنی هەناسەی پڕلەبوێری مامۆستایەکی باریکەڵە و لاوێکی تازە خەڵفی لێوڕێژ لە کارەسات وسیاسەتی کارەسات . مامۆستایەکی گەنم ڕەنگی لە هەودای نیشتمان و ئازادی ، دەڵێی هەر نەبوون و ئەم خاک وهەواو ئاسمان و شارە لە ڕەنگ ودەنگ وئاکاریان خاڵی ، خاڵی وەک دڵ و ئەندێشەی باخێکی سەرمابردوو و باخەوانێکی دێرینە ساڵی زەمەن بەجێی هێشتوو . بۆنی دەکەم ، وەک بەژنی کیژە گوندنیشینێکی سەروێن شیواو بێ تریقە و کەوەسوارێکی بێ ناز بەساردی خۆی دەنووینێ . کەرکوک بەهەموو ساردی وبێ نازیەوە لەدوورەوە وەک سۆزی دایک ودەستی گەرمی باوک و هەناسە هەڵپروکاوەکانی پۆلە خۆشکێ کڕومات پڕ پڕ لە حەسرەت ودیدە کەیلی مەینەت ، سارد وەک دەمی مەرگ ، خاڵی لە قریوە و زڵەی زایڵەی ئەم شارە بێ نازە و قرمەی شۆرش وچڕینی خاکی پۆشی پێشمەرگەکانی، بەسیمایەوە هیچ لەو هەموو ساتە هەڵفڕیوانەی ژین بەدی ناکرێت . تۆزی تەمی تەمەنێکی لە دەست چوو دوور دوور لە ڕابردویەکی نەگێڕاوەدا دەنوێنێ . کوڕ وکچانێ کە سەرباشقەی ژین و بوون بوون ، ئێستا ئیترپیرە کچان وکەنفتە مێردان کە بۆکروزی هەناسەی خەمی پەنگخواردوویان شەماڵێکی نەخوازراوە دەتلاوێنێ ، زنجیری سزا گەمارۆی بەژنی تۆیان داوە و شەرای قیامەتی نەهاتوو تاوت دەدا ، چ ڕۆژگارێکە ؟ گوڵ پێکەنین . ماچ ، تریقە ، شیعر ،جوانی، ژن ، دڵداری هەتا کوردبوونیش یاساخە . تامی غوربەت بەچێژترە تا غەریبی دیاری ئاشنا ۰
غەریب غەریب بە باڵای کەرکوکەکەمدا هەڵدەزنم و لاولاوی بیرەوەریەکان لاواز لاواز لەسیرەی چاو خۆ دەدزنەوە . من ڕیبوارێکی نامۆم و شار دڵدارێکی دیلکراو ، چەند بەحەسرەتەوە لە یەکتر دەڕوانین ؟! ئەو چۆلەکەی دڵی ئارامی ڵێبڕاوە و جووکەو سرتەی بەدوای هەواڵی ڕێبوارە ئاشقە نەگەڕاوەکاندا دەگەڕێ و من زمانی گێڕانەوەم گۆناکا . لەئاپوورەی بڵندگۆ و زمانی بێگانەدا دەنگمان بەیەک ناگات ، ئازار لوولی دەداو چریکەیە لە گەروویدا دەشکێ ، دەست دەخەمە باخەڵی دڵ چەند هاواری زەرد هەڵاتوو و خنجەرێکی مشتووشکاو دێن بەڕوومدا . دەنگێکی لێوەدێ زۆر بەئەستەم دەڵێ :
من ئەمجارەش هەر دێمەوەوە! من باڕێزەی هاوارێکی سەرگەردانم . ئەو لەمنداو من لەئەودا ئاوادەبین ، نەمن بین دەنێم بە تاسەکانیەوە ونەئەو مەودایەکی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی عاشقە نەگەڕاوەکان هەیە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.