▪ عەقلیەتی ئێستای بەغدا هەمان عەقلیەتی پێش سەرهەڵدانە
نەوزاد محەمەد
ئەو عەقلیەتەی ئێستا لە بەغدا و لەسەر دەمی عیراقێکی فیدرال دا هەیە لە دژایەتی کردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەو عەقلیەتەیە کە لە پێش سەرهەڵدان لە عیراق دا هەبووە.
ئەوەی گۆڕاوە لەم دژایەتی کردنە، تەنها شێوازەکەیەتی، ئەوەش بە پێی ئەو واقعەی کە ئێستا هەیە لە هەرێمێک کە بە پێی دستوری دەولەتی عیراقی فیدڕال چەسپاوە و مافەکانی دەستهەڵات و مافەکانی دیار کراون.
ئەگەر پێشتر و لەسەر دەمی پاشایەتی و کۆماری عیراق و حکومەتە جیاوازەکانی و هەبوونی ئەو رژێمە دیکتاتۆری شۆفینیانە و خاوەن دەستهەڵاتی رەها، لە توانایان دا هەبووە بە هەموو شێوازێک مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکەن و لە دژی بوەستنەوە و ئینکاری مافە ڕەواکانی بکەن.
ئەوە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لە دایک بوونی عیراقێکی فیدڕالی دیموکراسی و دستورێکی نوێ و قەوارەی هەرێمی کوردستان، بە پێی ئەو هەڵسوکەوتەی لە کابینە یەک لە دوایەکەکانی حکومەتی عیراق و پەرلەمانی عیراقی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کراوە و دەکرێت، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە ئەو عەقیلەتەی ئێستا لە بەغدا هەیە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ عەقلیەتی پێشوتر نیە لە دژایەتی کردنی پرسی کورد و مافە ڕەواکانی، بەڵکو عەقلیەتی ئێستا جگە لەو بەگڕەوەندە شۆفینیەی بۆی ماوەتەوە، عەقلیەتی مەزهەبیشی هاتۆتە سەر، کە زۆر مەترسیدارە و بەگرەوەندێکی مێژوویی ئاڵۆزی بەدواوەیە.
ئەوەی گۆڕاوە تەنها شێوازی دژایەتی و ئینکار کردنەکەیە، رژێمەکانی پێشوتر کە دەستهەڵاتی رەها و هێزی وڵاتیان بە دەستەوە بووە، کە دۆخی سیاسی ناوچەکە و ڕای گشتی جیهانی ئەکات هاوکار بووە، بە ئاگر و ئاسن و جینوساید و ئەنفال و کیمیا باران و ڕاگواستن و تەعریب مامەڵەیان لەگەڵ پڕسی کورد کردووە.
ئێستا و لەسەر دەمی عیراقێکی فیدڕال و هەبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەیشتنی پرسی کورد بە کەناڵە دیبلوماسیە جیهانیەکان، وە بە پێی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی روویان لە ناوچەکە کردووە لە ململانێ و ئەجندای جیاواز و پێگەی بە هێزی هەرێمی کوردستان لە ستراتیجیەتی جیهانی دا، لە توانای بەغدا دا نیە بە هەمان شێوازی پێشوتر لەگەڵ کورد بدوێ.
بەڵکو ئێستا هەوڵ دەدرێ لە رووی سیاسی یەوە تێگهەڵ بە هەندی کار و سیناریۆی ئیستیفزازی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی لاواز کردن و ئینگاری مافەکانی بکرێت.
ئەوەی زیاتر دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، لە لایەک هەبوونی میلیشیای بەستراو بە ئەجندای دەرەکی، لە لایەکیش هەندێک لایەنی کوردستانی کە ئیرادەی خۆیان ڕادەستی ئەو میلیشیانە کردوە و هاوکارن لەگەڵ یان.
کار و ئەرکی ئەو لایەنانەش دژایەتی کردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و هەوڵی گەرانەوەیە بۆ خالی سفر.
ئەوەی روون و ئاشکرایە، بە پێی ئەو واقعەی بەردەستمانە، هیچ کات عیراق نابێتە خاوەن حکومەتێکی بەهێز کە پابەند بێت بە رێکەوتنەکانی و ئەرک و بەرپرسیارەتیەکانی بەرامبەر بە گەلانی عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.
وە هەتا لە پەرلەمانی عیراقی فیدڕال گروپە میلیشیای مەزهەبی خاوەن کوتلەی زۆرینە بن، ئەم پەرلەمانە پەککەتوو دەبێت و ڕێگا نادرێت هیچ بڕگە یاسایەک پەسەند بکرێت کە لە بەرژەوەندی گەلانی عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دا بێت.
بگرە لە تەواوی پڕسە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەم گڕوپانە لە دژی مافە دستوریەکانی هەرێمی کوردستان وەستاون و بەردەوام لە هەوڵی پیلان گێڕی و خۆ دزینەوە دان، بگرە لە مادەی ١٤٠ و هێزی پێشمەرگە و پشکی هەرێم لە بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پرسی نەوت و گاز و دەروازەکان و تا دەگاتە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
کۆتا پیلان و دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان، ئەو هەوڵەیانە بۆ لەبار بردنی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە و شایستە داراییەکان و پەسند کردنی بودجە یە، کە بە دەستێوەردان لە خاڵەکانی ڕێکەوتن دەیانەوێ فشاری زیاتر بکەنە سەر هەرێمی کوردستان و وەکو ئەوان خەیاڵی بۆ دەبەن لاواز کردن و بێ دەستهەڵات کردنی هەرێمی کوردستانە و لە کۆتایی دا سڕینەوەی قەوارەیە.
پەیدا کردنی گەشێکی تەندروست لەگەڵ ئەم جۆرە عەقلیەتە ئاسان نیە، کە دان بە هیچ پڕەنسیبێک نانێن، ئەوەی ئێستا پێویستە و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، یەک بوونی بڕیاری سیاسی ناوخۆیی یە، لە حزبە سیاسی و پەرلەمانی کوردستان، تا بتوانرێ وەکو هێزیکی یەکگرتووی کوردستانی وەڵامی گونجاوی میلیشیاکان بدڕێتەوە و ناچار بکڕێن کە پایەند بن بە رێکەوتن و بڕگە یاسایی و دستوریەکان کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا دیارن و پارێزراو بن.
ئەوەی زۆر پێویست و گرنگیشە، دەبێ بە چاودێری کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بێت، تا بتوانرێ بە روونی ئەو غەدر و ناحەقیەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت دیاری بکرێت و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لێی ئاگادار بێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.