▪ فاشیزمەكانی بەغدا بەكردەوە سەلماندیان گەلی كورد بەخەونیش عێراقی نییە


رێبوار حەمەلاو شوانی

شۆڕش و سەرهەڵدان و مافخوازییەکانی گەلی کورد، لە ماوەی زیاتر لە یەك سەدەی رابردوو و هەر لەدوای پێکەوەنانی ناڕاست و نابەرپرسانەی عێراق تا ئێستا، دەتوانێ هەم پێوەر و هەمیش شایانی باس و گفتوگۆکردن بێت.هەموو ئەو دەوڵەتانەی دوای سایکس بیکۆ بەپێی بەرژەوەندیی زڵهێزان و داگیركه ران بە شێوەیەکی ستەمکارانە پێکەوە لکێنران، بەتایبەت ئەو چوار دەوڵەتەی نەتەوە و خاک و جوگرافیای کوردیان بەسەردا دابەش کرا، گرفتاری قەیران و سەرئێشەی هەمیشەیی ئاسایشی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون، کە چاوەڕوان دەکرێ لە سەردەمی جیهانگیری و خێرایی و سنووربڕیی گەیاندن و ئێنتەرنێتدا، کە ئیدی هیچ سنوورێک بەربەست ناکرێ و هیچ سانسۆرێکی هزری و کولتووری کاریگەریی نامێنێ، قەیرانی ناسنامە زیاتر لە هەمیشە ببێتە مایەی دەردەسەری و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و هەڕەشەیەکی جدی، بۆ سەر دەسەڵاتی فاشیزمی و دیكتاتۆریی.هەر لەو كاتەوە عێراقی ساختە دروستكراوە بەئێستاشەوە، حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا , گەلی كوردیان بە هاووڵاتیی عێراقی نەزانیووە و مامەڵەی پلەدوو و ژێردەستیان لەگەڵی كردووە و ھەرچی لەدەستیان ھاتووە بۆ لەناوبردنی كوردوکوردستان کردوویانە، بۆیە دەبێ گەل بەتەواوی پێکھاتەکانییەوە ڕووبەڕووی ستەمکارانی بەغدا ببێتەوە. باشتر وایە ،بڕۆن سەیری مێژوو بکەن، نە پاشاکانی عێراق و نە شورتە ئینقیلابچییەکان و نە ئیشتراکییەکان و نە بەعسییەکان نەیانتوانی گەلی کوردستان قڕ بکەن، سەرەڕای ھەموو ھێز و توانا و چەکە زەبەلاح و کۆکوژەکانیان، ئێوەش نە بەو چەکانەی دەستتان و نە بە ئابلووقە ئابوورییەکانیان ناتوانن ئێمە قڕ بکەن، بیرتانە کاتێک ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس دەیویست دوای شکستی ئەنجامی شاڵاوی ئەنفال، کوردستان بە ئابلووقەی ئابووری لەناو ببات،بەڵام لەوەشدا نەیتوانی و ئیرادەی كورد سەركەوت و ئێستاش دوای 11 ساڵ لە گەمارۆدانی دەسەڵاتدارانی فاشیزمی شیعی لە بەغدا ، پیلانگێری و چەك و درۆن و مووشەك و دادگا و هەموو جۆرە میلیشا و جاشوڵكەكیان نەمان دژی كورد وكوردستان بەكاری نەهێنن بەڵام گەلی كورد توانیوێتی رووبەڕووی ئاستەنگ و ئابڵوقەكان ببێتەوە و بەرگریی لە قەوارە و لەو دەستكەوتانە بكات كە بەرهەمی دەیان ساڵە خەبات و شۆڕش و بەرخودان و قوربانیدانە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.