▪  فیدرالییەتە گەنجەکەی عێراق لە دەستوورەوە بۆ ئینعاش

“زانا عبدالباقی”

لە دوای ساڵی ١٩٩٠ عێراق چووە نێو قوناغێکی نوێ کە هەمووان هیوایان لەسەر هەڵچنی کە ئەویش دروستبوونی هەرێمی کوردستان بوو و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هیواکان زیاتر بوون دەسهەڵاتی عێراق بەتەواوەتی گۆڕاو و لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕێککەوتنی کورد و شیعە و سونە سیستەمی فیدرالی هاتە بوون.

دەسهەڵاتی عێراق دابەشکرا و دەستوورێکی نوێیان بۆ عێراق دانا، بەڵام فیدرالییەتی عێراق زۆڕ لەسەر پێ نەمایەوە و هەر زوو لەساڵی ٢٠٠٩ کاتێک مالکی سەرۆک وەزیران بوو بە هێزێکی سەربازی هاتە نزیک کەرکوک و ویستی دەست بۆ خاکی هەرێمی کوردستان درێژبکات کە قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری عێراقە.

دواتریش لەساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ بوودجەی هەرێمی کوردستان بەبڕیارێکی سیاسی نایاسایی و نادەستووری بڕدرا کە لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکانئ عێراقی نوێ بوودجەی هەرێم دیاریکرابوو و بریتی بوو لە ٪١٧،٥ی بوودجەی گشتی عێراق.

فیدرالییەتەکەی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکەی زیاتر تێکچوو تاوەکو یەکەم لێدانی کۆشندەی لێدرا کە لە ئەیلۆلی ساڵی ٢٠١٧ خەڵکی کوردستان بەزۆڕینەی ڕەها ویستی جیابوونەوەیان ڕاگەیاند و وتیان ئەوانەی پابەندی دەستوور نابن و شەراکەت قبول ناکەن ئێمە لەگەلیان ناژین.

هەر لە ئینعاشدا حکومەتی عێراقی زیاتر وەزعی فیدرالییەتەکەیان تێکدا کاتێک هێرشیانکردە سەر خاکی کوردستان و بەشێکی خاکی هەرێمیان داگیرکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ فیدرالییەتەکەی عێراق زیاتر پوکایەوە، شیعەکان گوێیان بە شەراکەت و تەوافق نەدا.
بەبێ کورد بڕیار لە یاسای هەڵبژاردن درا، بەبێ کورد و سونە پەرلەمان بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دا، لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە پایتەختی هەرێمە دەستوورییەکە مووشەکباران کرا، دادگای بە ناو فیدرالی دژی دەستووری عێراق بڕیارێکی دا کە ڕێ لە فرۆشتنی نەوت و گازی کوردستان بگرێت، کێڵگە نەوتییەکان کەوتنە بەر هێرشی میلیشیاکان و دەیان شتی تر.

فیدرالییەتە گەنجەکەی عێراق ئێستاش لە ئینعاش دایە، و دادگای فیدڕالی لە جیاتی ئەوەی چارەسەری دۆخە خراپەکەی عێراق بکات ڕۆژ بە ڕۆژ بە بڕیارە یەک بەدوای یەکە هەڵە و پڕ لە دژایەتییەکانی زیاتر عێراقی فیدراڵ بەرەو لێواری گۆڕ دەبات.

هەر هەڵەیەکی لایەنە شیعەکان ئەو فیدرالییەتە زیاتر لە مردن نزیک دەکاتەوە.

جا یان کۆنفیدرالی برای جێگای دەگرێتەوە، یانیش پارچەبوونی ئامۆزای!

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.