▪ قەزای خورماتوو،منداڵێك له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی باوكیدا گیانی له‌ده‌ستدا

له‌ ناحیه‌ی ئامرلی له‌ سنووری قه‌زای خورماتوو، منداڵێك له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی باوكیدا گیانی له‌ده‌ستدا و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زاكه‌ش رایگه‌یاند، باوكی منداڵه‌كه‌ ئالووده‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌.

حوسێن عەلی، بەڕێوه‌بەری پۆلیسی قه‌زای خورماتوو بە کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو مێردمنداڵێک بەناوی (سجاد زەینلعابدین)ـی تەمەن 15 ساڵ، له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی باوكیدا گیانی له‌ده‌ستدا.

به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خورماتوو، “باوكه‌كه‌ بە کێبڵ و بۆکس له‌ منداڵه‌كه‌ی داوه‌ و پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یه‌ندرێته‌ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە”. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، باوکەکە لەبازگەی ئامرلی لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، باوکەکە ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر و خواردنەوە کحولییەکان بووە و ماوەیەک بووە لەگەڵ خێزانەکەی کێشەی ھەبووە و لەکاتی رووداوەکە دایکی لەماڵ نەبووە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.