▪ كەسایەتی ئافرەت و ڕۆشنبیریی ساختە
هێشو دارا
هۆشیاری و ئاگایی بۆ هەموو تاكێك پیویست و گرنگە، چونكە بەشێك لە كەسایەتی مرۆڤ بەندە بەو هۆشیاریەوە كەهەیەتی شتەكان وڕوداوەكان و كایە جیاوازەكانی كۆمەڵگا، ئەمە بۆ هەموو تاكێك هەر گرنگە بەبێ جیاوازیی ڕەگەز ئافرەت بێت یان پیاو.
بەڵام بۆ بایەخ و گرنگی هۆشیاریی و بەئاگابوون بۆ ئافرەت زۆر زیاترە لەچاو پیاو، ئافرەت بە هۆی ڕادەی هۆشیاری وبەئاگابوونیەوە دەتوانێت خێزانێكی سەراپا هۆشیار وخودان ئاگایی دروست بكات وبەمەیش بناغەیەكی پتەوی كۆمەڵگای هۆشیار دادەنێت.
هۆشیاری لە ڕۆشنبیری وبیری ڕوناكەوە سەرچاوەدەگرێت، هەر ئافرەتێكی هۆشیار بێگومان پاشخانێكی ڕۆشنبیریی باش لەپشتیەوەیە و بەردەوام بەهێزی دەكات وبە ئاراستەی سەركەوتن هانی دەدات.
كە دەڵێین ڕۆشنبیریی مەبەستمان ڕۆشنبیری ڕاستەقینە،
سەرچاوەگرتووە لە مەعریفەیەكی سەنگین وقوڵەوە كە ئافرەت بەهۆیەوە دەتوانێت كایەكانی كۆمەڵگا بخوێنێتەوە وچارەسەر بۆ گرفتەكان بدۆزێتەوە وخۆی لە خراپیەكان بپارێزێت و ڕێنماییكارێكی بەتوانایش بێت بۆ دەوروبەرەكەی بۆ ئەوەی مرۆڤی بەسودبن وخشتی پێكهێنەری بینای كۆمەڵگایەكی پتەو ویەكگرتوو بن، نەهێڵن كۆمەڵگا پەرتەوازە ببێت و پەیوەندیە كۆمەڵیەتیەكان شیرازەیان تێكبچێت.
ئەو ڕۆشنبیرییەی لەو پاشخانە مەعریفیە دەوڵەمەندەوە سەرچاوە بگرێت، هەرگیز نالەرزێت وهەمیشە گەشەدەكات، نە لە ڕەخنە دەترسێت و نە لە بینینی كەموكورتیەكان خۆی دەبوێرێت، بەڵكو هەمیشە بەوپەڕی هێزەوە دەردەكەوێت، هێزی خۆی لە توانای خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوەی دەیزانێت ڕەزیلی لە بەخشینی ناكات و ئەوەیشی نایزانێت ماندوو نابێت بۆ ئەوەی فێری ببێت.
فێربوون دەبێتە ڕێچكەی ژیانی، ئەمە بۆ ئافرەت ئەوەندە گرنگ وپربایەخە وادەكات ببێتە سەركردەی سنوری كارەكەی، ئیتر ئەگەر ماڵێك بێت یان فەرمانگەیەك و یانیش كۆمپانێایەك و یان هەر جێگەیەك كە شوێنی كاری ئەوە، چونكە لەبری دڕدۆنگی وخۆدزینەوە هەمیشە لە هەڵپەی فێربوون وفێركردندا دەبێت و كاتی ئەوەی نامێنێ بۆ كاری بێ بەرهەم خەرجی بكات.
لەبەرامبەر ئەم جۆرەی ڕۆشنبیریی ڕاستەقینە و ڕەسەندا جۆرێكی تری ڕۆشنبیریی هەیە كە ڕوكەش وڕواڵەتیە، لەم جۆرەدا ڕۆشنبیی ڕوكەش دێتە بوون كە هیچ پاشخانی قوڵی نیە، ئەمە بۆ هەموو تاكێك مەترسیدارە چونكە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی هۆشیاریی ڕواڵەتی و ساختە، كە مرۆڤ وا وێنا دەكرێت شارەزا وخاوەن مەعریفەیە بەڵام لەڕاستیدا وانیە، ئەمە بۆ ئافرەت مەترسیەكەی زیاترە بەتایبەتی لەكۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتدا.
چونكە كەسایەتیەكی لەرزۆك بۆ ئافرەت دروستدەكات و وادەكات كەسایەتیەكی ڕواڵەتی وساختە بە ئافرەت ببەخشێت، كە تەنها لەڕواڵەتدا وەك خاوەن ئاگایی وهۆشیاریی دەركەوێت وزۆرجاریش ئەمە بەقسە وگوفتار دەرببرێت، بەڵام لە پراكتیك وكرداردا توانای مامەڵەكردنی هۆشیارانەی نەبێت ولەئاست ئاڵنگاریەكانی كۆمەڵگا وشوێنی كاردا بڕوخێت.
یان توانای گەشەكردن وپێشكەوتنی نەمێنێت و بەمەیش توانای داهێنان و پەرەپێدانی نامێنێت، لەكۆتاییشدا دەبێتە تاكێكی بێ گیان لەبەر ئەوەی پاشخانی مەعریفی قوڵی نیە یارمەتیدەری بێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پێشهاتە جیاوازانەدا، ئیدی بێ ئومێدی دەبەخشێتە پرۆسەی تواناسازیی ئافرەت وپێگەیاندنی ئافرەتی لێهاتوو وخاوەن پێگە.
بۆیە گرنگە بۆ تاك بەگشتی وئافرەت بەتایبەتی هەمیشە لەهەوڵی بەئاگاهێنانەوەی خۆیدابێت پێش هەمووكەس بۆ ئەوەی ئاستی ڕۆشنربیرییەكەی زیاتر زیاتر گەشە بكات و باشتر بنج دابكوتێت وكەسایەتیەكی ڕاوەستاو وبەهێزی بۆ فەراهەم بكات.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.