▪ لۆژیكی بایكۆت، خۆشاردنەوە لە بەرپرسیاریەتی نهیتوانی حكوومەتی كوردستان لاواز بكات
رێبوار حەمەلاو شوانی
لە سەرەتا دەمهەوێت ئاماژە بەو راستییە بكەم كە ،لە دوای راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991 هەرێمی كوردستان بڕیارێكی قورسیدا ، بە پەیڕەوكردنی سیستمی دیموكراسی، لەبەرئەوەی ناوچەكە و دراوسێیانی هەرێم، ئەو كات نامۆ بوون بە دیموكراسییەت!پارتی و یەكێتی وەكو دوو هێزی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ئەزموونی هەرێمی كوردستان تا ئێستا، بەشێوەی سازان دەستەڵاتیان هەبووە، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو قۆناغەكان پارتی هێزی زیاتر و لە هەموو هەڵبژاردنێك ژمارەی كورسی زۆر لە یەكێتی زیاتر بووە، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان سازشی لەسەر زۆر لە مافەكانی هەڵبژاردنی خۆی كردووە.
لەماوەی چوار ساڵی رابردوو، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان زۆر ژیرانە و بوێرانە توانی رووبەڕووی ئاستەنگ و كێشەكانی بەردەمی ببێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە جیاتی ئەوەی هەندێك لایەن كە خۆیان بە هاوبەش دەزانی پشتیوانی بكەین وباری سووك بكەن ئەوا تا بە ئێستاشەوە وەك بڵێی بێگانەن و كوردستانی نین بەردەوامن لە بایكۆت ودژایەتیكردنی حكوومەت وگەلەكەیان چونكە ئەم حكوومەتە تەنها حكوومەتی حیزب ولایەنێك نییە بەڵكو حكوومەتی هەموو كوردستانیانە.
بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەو راستییەیە كە ، هەندێك حیزب ولایەن بەهۆی لاوازی و نەبوونی هیچ پلان وستراتیژی لە نێو حیزبەكەیان بۆ خزمەتكردنی بەرژوەندییە باڵاكانی گەل ونیشتمان بە رێگەی سەیروسەمەرە و سیناریۆی جۆراجۆرەوە ململانێیەكی ناتەندروست و ڕكابەرییەكیان دەستپێكردووە بەناوی بایكۆتكردن و ناوی تر كە مەرام تێیدا خۆدزینەوەیە لە هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی و ئینجا بەرژوەندی تایبەتی شەخسی و حیزبی یان .
دەمهەوێت ئاماژە بەو راستییە بكەم كە،لەهەموو وڵاتانی دیموكراسی كێشە وملمڵانێی سیاسی و بیروبۆچوونی جیاواز كارێكی ئاساییە ، بەڵام هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستەی كە زیان بە بەرژوەندییە باڵاكانی نەتەوە ونیشتمان بگەێنرێت و ڕێگری بكات لە كاروهەنگاوەكانی حكوومەت بۆ پێشخستنی نیشتمان و خزمەتگوزاری و ئاوەردانی ، بەتایبەت بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە سەرەتایی دەستبەكاربوونییەوە تا بە ئەمڕۆ بە بێ جیاوازی كاری كردووە و بۆ خزمەتكردنی هەموو كوردستان و كوردستانیان و لە زۆرێك لە قۆناغە سەختەكاندیشدا كە بەرۆكی حكوومەتی هەرێمی گڕتۆتەوە زۆر بەرپرسیارانە و وردبینانە مامەڵەی كردووە و هەرگیز شانی خاڵی نەكردووە لە ئەركەكانی ، بەڵام بە پێچەوانەوە ، هەندێك حیزب ولایەن چ وەك هاوبەش و چ وەك ئۆپۆزسیۆن نەك هەر هاوكار نەبووە بەڵكو كاریان كردووە بۆ لێدانی سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان .
ئەگەر بەوردی هەڵوەستە لە سەر یەكێتی بكەین كە بە پێی ڕێكەوتن لەگەڵ پارتی هاوبەش بووە لە حكوومەتەكانی پێشوو و ئێستاشدا ، هەمووكات لە سەركەوتنەكاندا خۆی بە هاوبەش و لەكاتە سەخت و هەستیارەكاندا خۆی لە ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكانی شاردۆتەوە و هەرگیز هەستی بە بەرپرسیاریەتی نەكردووە، بەتایبەت لەو سنوورەكەی كە زیاتر لە سێ دەیە خۆیان باڵا دەستن لە حكوومڕانی ، ئەوەدی دەبینرێت كاری قۆرخكاری لە سەر داهاتی ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری سلێمانی و دەستبەسەرداگرتنی پارەی بانكەكان و لەم لاشەوە خەڵكی ناوچەكە بەشێوەی چەواشە دەكەن گوایە هەموو ئەو كەمكورتییانە بە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە ، هەروەها بە شێوەیەكی زۆر بەرنامە دارێژراو وپیلان دارێژراو ، كار بۆ لێدانی سەنگ و پێگەی حكوومەتی كوردستان دەكەن بەشێوەیەك ئەوەی كە دوژمن بوێری ئەوەی نەكردبێت ، ئەوا یەكێتی و كڵكەكانی دەكەن ، هەرگیز بیری لەوە نەكردۆتەوە كە كوردستانیان چاویان لە حكوومەتی كوردستانە لە رووی دابینكردنی مووچە و ئاوەدانی و خزمەتگۆزاریەوە، هەر بارودوخێكی حكوومەت راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر گۆزەرانی خەڵك، بەمەش دەریان خست ئەوان هەمیشە بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتی بە پێش بەرژەوەندی گشتی دەخەن.
بۆیە، ئیتر دەگەینە ئەو ئەنجامە كە ئەم لایەنانە چەمك و تێگەیشتنیان بۆ حیزب و حكوومەت تێكەڵ كردووە، ئەمەش كارەساتە، هەڵبەت حكوومەت بریتییە لە كارگێڕییەكی سیاسی بۆ بەرژەوندی گشتی لە نیشتماندا، هەر بۆیە هەندێك كات دەكرێت لایەنەكان لەناوخۆیان رقیان هەبێت و دژ بەیەك بن، بەڵام مافی ئەوەیان نییە بەلۆژیكی ڕق و حكوومەت و نیشتمان بێتەوە دەرئەنجام ئەم هەڵوێستانەش باش نابێت هەر لەبەر ئەوەیە كە ململانێیەكان دژ حكوومەت دەبێت كە گوایە تۆڵە لە حكوومەت دەكەنەوە كە بەشێوەیەك وا نیشان دەدەن حكوومەت تەنیا پەیوەستە بە حیزبێكەوە .
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی ، درێژەپێدەری كارنامەی كابینەكانی پێش خۆیەتی و بەكۆمەڵێك بەرنامەی تۆكمە ئامانجیەتی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە تەواوی سێكتەرەكان بكات، لێ هەر زوو یەكێتی لە رێككەوتنەكە پاشگەز بووەوە و پشتی لە كابینەكە كرد، لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدەن كێشە و ناكۆكیەكان بەشێوەی گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بكەن، لەسەرێك بەشداری حكوومەت و لەسەرێك هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆن دژایەتی حكوومەت دەكات، ئەمەش پێچەوانەی هەموو بنەما سیاسی و یاسایی و ئەخلاقیەكانە، ئەمەش كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتداری لە كوردستان هەبووە، بۆیە پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان ئاگاداربن پارتی بۆ سازان سازشی لەسەر زۆر مافی خۆی كردووە، كەچی یەكێتی هەر ڕۆژە و بیانوێك دەدۆزێتەوە بۆ ڕاكردن لە بەرپرسیاریەتی و شاردنەوەی كەمكورتییەكانی دەڤەری سلێمانی و كێشە ناوخۆییەكانی. هەروەها یەكێك لە بنەماكانی دیموكراسیەت هەڵبژاردنە، كە تێدا خەڵك پاداشت و سزای پارتە سیاسییەكان دەداتەوە، بۆیە پارتی وەكو گەورەترین پارتی سیاسی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی خەڵك بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، وەلێ دیسان سەرەڕای بڕینی هەموو بیانووەكانی یەكێتی تا هەنوكە ئامادەنییە بۆ هەڵبژاردن و گەر بشتوانێ بەردەوام دەبێت لە ڕێگری كردنی، لەبەرئەوەی ئەنجامەكەی لای روون و ئاشكرایە.بۆیە، بە لۆژیكی بایكۆت و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و ڕقهەڵگرتن نەتانتوانیی حكوومەتی كوردستان لاواز بكەن ..
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.