▪ لەناوچۆنی نەتەوەکان و ئاکاری نەتەوەیی…..

نوسینی ـ عبدالرزاق مهدی

ئاکاری نەتەوەی پێکهاتەیەکی مەعنەوی هزری گشتگیرە کە تاکەکانی نەتەوە پێکەوە پەیوەست دەکاتن و بنەمایان بەسەردا دەسەپێنێت ، نەتەوەکانیش یان بە خوێن و مێژوو پێکەوە گرێدراون وەک قوتابخانەی ئەلمانی یان بە هاوڵاتیبوون و ئینتیمان وەک قوتابخانەی فەرەنسی .
ئێمە بە گەرانەوە بۆ درێژای مێژوو ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە لەناوچۆنی نەتەوەکان تەنها یەک هۆکاری هەبووە ئەو هۆکارەش لەناوچۆنی ئاکاری نەتەوەی بووە ، کە پێکهاتەکەی ئێرادەی بەهێز و ویست و یەکگرتووی و ئەخلاقیاتەکانە .
کەواتە بە وەرگرتنی ئەم پێشەکیە ئێمە دەگەین بەو خالەی کە نەتەوەکان بە رێگەی هێرشی سەربازی لەناوناچن یان بە ڕێگەی داگیرکاری ، بەڵکو نەتەوەکان ئەو کاتە لەناودەچن کە ئاکاری نەتەوەی توشی داروخان و لەناوچۆن دەبێتەوە ، نەتەوەکان ئەو کاتە لەناودەچن کە ویست و ئیرادەیان نامێنێت بۆ بەرگری کردن لە ئازادی و سەروەری خۆیان ، نەتەوەکان ئەوکاتە لەناودەچن کە ناتوانن یەکگرتووی نەتەوەی بەرکار بکەن بەهۆی لەناوچۆنی ئاکاری نەتەوەی ، نەتەوەکان ئەوکاتە لەناودەچن کە ئەخلاقیاتەکان لەناو ناخ و کۆمەڵدا توشی دارزان و لەناوچۆن دەبنەوە ، هەریەک لە دەوڵەتەکانی ڕۆمی گەورە و عوسمانی بەهەمان هۆکاری مێژووی لەناوچۆن ، کاتێک ئەوەندە بەهێز بوون ئیتر گەندەلی و دەسەڵاتی رەها و پاشاگەردانی و باج کوکردنەوەی زۆرەملێ و ستەمکاری لە ئاستی مەترسیدار و لەهەمان کاتدا خۆشگوزەرانی چینە بالاکان و پارە بە فیرودان ، هەموو ئەوانە وایان کرد دەوڵەت لاواز ببێت و تاک یاخیببێت و کۆمەڵگە توشی کێشە جدی بێت ، بەمجۆرە کوتای هەردوو دەوڵەت بە لاوازییەکی ترسناک هات و دوای وڵاتانی تر هێرشی کوتاییان کرد و هەردوو دەوڵەت لەناوچۆن ، یەکیان بە دەستی هۆزە یاخیەکانی ئەلمانی ئەوەی تری بە داگیرکاری راستەوخۆی هێزە دەرەکییەکان و هەستانی نەتەوەکانی وەک یونانی و عەرەب و ئەرمەن لەناوچۆن .
بەلام ئەگەر ئەو ئەرگومەنتە وردتر بکری و قوڵتر چاوێک بە کێشەی کورد بخشینین ئەبینین هەمان هۆکار بەلام بە ئاستی بچوک لای کوردیش بەرکارە ، کورد ئاکاری نەتەوەی روخاوە لە سەردەمی ساسانیەکان و پێش ئەویش ، ئەمەش وای کردووە نە ویست نە ئیرادە نە یەکگرتووی و ئەخلاقیاتی بالا لە کومەڵگەی کوردی بەرکار نەبن ، ئەمەش سەری کێشاوە بۆ ئەوەی کە کورد ئازادی و سەروەری و مێژوو و کەرامەت و خاکی خۆی لە دەست بداتن ، بەلام ئەوەی دیارە کورد بە کۆمەڵە فاکتەری نەستی و جیوپۆلێتیکی لەناونەچۆ کە ئەبێت بە فاکتەری لەناوچۆنی ئاکار دەبا لەناوچۆبا ، ئەمەش پیشانمان دەدات ئاکاری نەتەوەی فاکتەری سەرەکی و یەکلاکەرەوە دەبێت کە ئەو توانایا بە تاک و نەتەوە دەدات توانایان بەرکار بکەن و ئەخلاقیاتی بەهێز لە چوارچێوەی ئاکاری نەتەوەیدا کورد توانادار دەکاتن تا ئازادی و سەروەری خۆی وەک ئەولەویەت بپارێزێت ، ئاکاری نەتەوەی نوێ ویست و ئیرادە بە تاک و نەتەوە دەدات کە یەکگرتووبن و بەهێز و راوەستاو لە دژی هەموو دوژمنەکان بجەنگن و پێشکەوتن و بالادەستی نەتەوەی دروست بکەن ، هەر ئەم ئەرگومەنتە ئەوەمان پێ دەلێت کە کورد ئاکاری نەتەوەی شکاوە بەلام لەناونەچۆە ، ئەمەش بووتە هۆکار تا ئێستە کورد نەتوانێت نە سەربەخۆ بێت نە ئازاد بێت نە پاریزگاری لە خۆی بکاتن و یەکێەتی نەتەوەی دروست بکاتن ، ئیمەش لە کوتایدا دەلێن تەنها بە کارکردن لەسەر ئاستی کلتوور و ئەقڵی نەتەوەی ئەتوانین ئاکاری نەتەوەی زیندوو و نوێ بکەیەوە و توانا نەتەوەییەکان بەرکار بکەین ، ئێمە میراتی باپیرانمان لە سومەری و گود و میتانی و لۆلۆ و مادەکان بەدەست دەهێنینەوە و پێشرەوی جیهان و رۆژهەڵات دەکەین .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.