▪ لە دیدگا و تێروانینی یەکسانیخوازەکان…..
لیا سیف الدین
لە دیدگا و تێڕوانینی مرۆڤە یەکسانخوازەکاندا
ئەو مرۆڤانەی کار بۆ یەکسانی ڕەگەزی لە بەشداریی و وەبەرکەوتنی ئەرك و مافەکان دەکەن لەنێوان ئافرەت و پیاودا، ئافرەت بەکامڵ و بێ کەموکورتی دەبینرێت، بەجۆرێك ئافرەتان هاوشانی پیاوان بە شایەنی ئەوە دەزانن کە دەبێت مومارەسەی ئەرك و مافەكانی بكات و سود لە دەرفەتەکان و مافە گشتییەکان وەر بگرێت و وەك تاکێك لەناو کۆمەڵگە دا مافە ڕەگەزیەكانی وەك كۆ و مافە کەسیەکانی خۆی وەك تاکێكی زیندووی پڕ جووڵە و چالاکی پیادە بكات .
لەلایەکی ترەوە ، لێرە و لەوێ لە دیدگا و روانینی مرۆڤە نایەکسانیخوازەکان ،
ئەو مرۆڤانەی بڕوایان بە ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسان و یەکسانی لە ئەرك و مافەكان و مومارەسەکردنیان لەنێوان پیاو و ئافرەتدا نییە ( كە ئەم مرۆڤە نایەکسانخوازانە خۆشبەختانە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵییان لە کۆمەڵگاکاندا ڕو لە كەمبونەوەیە)، ئەمانە ئافرەت بە کەمتر لە پیاو دەبینن و بە شایەنی مومارەسەرکردنی ئەرك و وەرگرتنی مافەکانی نازانن ، لەتێگەشتن و بیرکردنەوەی ئەم جۆرەدا ئافرەت وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ و خاوەن كەسایەتی تواناو لێهاتویی و هەست و خواست و ویستی ژیان و ڕۆڵ بینین لە كۆمەڵگەدا نابینن بەلكو وەك بونەوەرێکی خزمەتکاری لاواز دەیبینن و پێیان وایە تەنها بۆ خزمەتكردن و تێركردنی ویست و خواستەكانی پیاوان دروست كراون و هیچی تر .
یەکسانیخوازەکان کێن؟
ئەو مرۆڤانەن كەلەسەرەنجامی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستیدا گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە ئافرەتانیش وەك پیاوان تواناو لێهاتویی ئەنجامدانی هەمو ئەو كارانەیان كە پیاوان ئەنجامی دەدەن ، لەڕێی توێژینەوە زانستیەكانیانەوە ئەوەیان سەلماندوە كە ئەو بۆچونەی پێی وایە ئافرەتان توانایەكی سنورداریان هەیەو ناتوانن هەمو ئەو كارانە ئەنجامبدەن كە پیاوان ئەنجامی دەدەن بۆچونێكی نازانستی و خێڵەكیانەیەو هیچی تر ، هەر بۆیە ئەمانە داوا دەكەن کە دەبێت جیاوازی ڕەگەزی لە مومارەسەکردنی ئەرك و مافەکان و شێوازی ژیانکردندا نەمێنێت ، بەئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر دەیان ڕێگەی جیاوازی خەباتی مەدەنی کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناهاوسەنگی نێوان ئافرەت و پیاو دەکەن و بۆ یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی تێدەکۆشن .
ڕوون و ئاشکرایە ئافرەت و پیاو هەردووکیان مرۆڤن ، بەهەندێك جیاوازی بایۆلۆجی و تێڕوانینیانەوە بۆ ژیان ، وەكچۆن بەنەبوونی هەرلایەكیان تەرازوی ژیان تێك دەچێت و ڕەچەلەكی مرۆڤ كۆتایی دێت ، ئاواش پێویستە و دەبێت دەرفەتی یەکسان بۆ هەردولایان بڕەخسێنرێت و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت بۆ گەشەپێدانی کەسایەتی خۆیان و ژیان و گوزەرانیان و پێشخستنی کۆمەڵگەكەشیان لە هەمو ڕوەكانەوە .
گرنگە بزانین دۆزی ئافرەت لە مومارەسەکردنی مافەکانیدا تەنھا پەیوەندی بەخودی ئافرەتانەوە نیە ، بەڵکو ئەوە دۆزی ھەمو کۆمەڵگایە بەبێ جیاوازی ، بۆیە گرنگە و دەبێت کار بۆ ئەوەبکرێت هەردوولا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە یاسا دەرفەتی یەکسان و وەك یەکیان بۆ بڕەخسێندرێت،
پێویستە پەروەردەی خێزان و ناوەندەكانی خوێندن و ناوەند و شوێنە ئاینیەكان بەم تێگەیشتنە بۆ هەردو ڕەگەز و یەكسانی لە ئەرك و مافەكانیاندا پەروەردە بكرێن و تێبگەیەنرێن و پابەندیش بكرێن ، سیستمی ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵات و تەواوی ئورگانە جیاجیاكانی كۆمەڵگا لەسەر بیرۆکەی یەکسانی و داد پەروەری دابڕێژرێت و دەرفەتی بەشداریی کرداری لە بەڕیوەبردنی وڵات و هەمو بوارەكانی دیكەشدا بەیەکسانی بۆ ئافرەت و پیاو دابین بکرێت ،تا بەو ڕێگایە بتوانرێت كۆمەڵگایەكی یەكسان و تەندروست بونیاد بنرێت كە لەسەر هەردو پێی خۆی بەبەهێزیەوە بوەستێت …
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.