▪ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە تورکیا 12 کەس گیانیان لەدەستدا


لە پارێزگای ھاتای تورکیا، بەھۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی لێخوڕین، بارھەڵگرێک خۆی بە 11 ئۆتۆمبێل کێشا لە ئەنجامدا 12 کەس گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسیی هەواڵی فەرمی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی بارھەڵگرێک لە رێگای نێوان ئەسکەندەرون – ئەنتاکیا، کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا، خۆی بە 11 ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشا و بەم ھۆیەوەش ژمارەیەک لە سەرنشینان بوونە قوربانی.

فه‌خره‌ددین كۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “له‌ ئه‌نجامی رووداوێكی زنجیره‌یی هاتووچۆدا له‌ شارۆچكه‌ی ئانتاكیا كه‌ بارهه‌ڵگرێك و پاسێك گڕیان گرتووه‌، 12 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 31 كه‌سی دیکەش برینداربوون، كه‌ برینی سێیان سه‌خته‌. 22 ئامبوڵانس و سێ تیمی رزگاریی پزیشكیی نیشتمانیی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كراون”.

ئه‌و ئاگره‌ی كه‌ دوای رووداوەکە له‌ بارهەڵگرەکە و مینی پاسێک به‌رببوو، لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوه‌ کوژێنرانەوە.

شایەتحاڵێک بەناوی، عەلی ساڕاج بە رۆژنامه‌وانانی راگەیاند، بەشێک لەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، سووتاون.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.