▪ لە شکست هیچى تر لە عێراقى شڵەژاوى میلیشیایی درۆنهاوێژ چاوەروان ناکرێ
رێبوار حەمەلاو شوانى
بەدرێژایی مێژووى دروستکردنى دەوڵەتى عێراق نەک هەر هۆکار نەبووە بۆ سەقامگیرى و ئاشتى لە ناوخۆ و بۆ دراوسێی کانى بەڵکو بە ئێستاشەوە هەمیشە ویستى شەڕانگێزى و خۆسەپاندن و بیرى تاکڕەویی ودیکتاتۆرى و فاشیزمى وشۆڤێنى بەسەریدا زاڵبووە ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى کە دەوڵەتێک دوور لە ویستى نەتەوە و پێکهاتەکانى دامەزرابێ و هەرگیز بۆنى دیموکراسى و هاوبەشى و پێکەوەژیانى نەکرد بێت ئەستە چیتر چارەسەرى ئەو نەخۆشییە بۆماوەیەی بکرێت و تەنها لێکترازان دەتوانێت ئاشتى و ئاڕامى فەراهەم بکات و لە شەڕانگێرى ودیکتاتۆرى و خۆسەپاندن و ئازاردانى دەوروبەرى دووریبخاتەوە کە ئێستا گەیشتۆتە لووتکە .
عێراق دواى 19 ساڵ لە ڕزگاربوونى لە خراپترین دەسەڵاتى تاکڕەوى لە ناوچەکەدا، بەڵام هێشتاش ئایندەى عێراق و گەلانى عێراق ڕوون نیە، نەک هەر ڕوون نیە بەڵکو ئایندەشى بەرەو تاریکتر هەنگاو دەنێت لەسایەى عەقلێەتێکى دواکەوتو و قەتیس ودۆگماى تایەفى و ئاینى زۆرینەى شیعە مەزهەبەوە، کە بەبەردەوامى لەهەوڵى خۆسەپاندن و زیاتر چەسپاندنى زۆرینەى دەسەڵاتى مەزهەبى خۆیان دەدەن،ئەوەى لە حکوومڕانى ئێستاى عێراق بەکردەوە دەبینرێت ، دیموکراسى نییە بەڵکو دیکتاتۆرى و تاکڕەویی فاشیزمانەیە ، هەروەها گەندەڵى وقۆرخکارى و تاڵانکارییە ، سێیەم بێ سەرەوەرى و نەبوونى یاسا و حکوومەتە ، تەنها بڕیارى میلیشیایی و مەزهەبییە کە فەرمانى دەرەوەى سنوورەکان پەیرەو جێبەجێ دەکرێت ، ئەوەش بۆتە گرفت و کێشەیەکى گەورە بۆ کورد وقەوارەى کوردستان کە هەموو هیوایەکى لە سەر عێراقى فیدڕاڵى و دەستوورى ودیموکراسى وهاوبەشى هەڵچنیبوو .
بۆیە، ئەوەى ئێستە دەسەڵاتدانى فاشیزمى عێراق بەرانبەر کوردستان ئەنجامى دەدەن چ لە رووى سیاسى و ئابوورى و سەربازییەوە و بەکارهێنانى دادگەوە نەک هیچ دادوەرى و بنەمایەکى نییە ، بەڵکو لێدانى جومگە سەرەکییەکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت کە لەماوەى رابردوو ، چەندین بڕیارى توند بەرامبەر بە پەرلەمان و ئینجا یاسایی نەوت و غاز و لەبارەى پرسى نەناردنى مووچە و بودجەى کوردستان وەک مافێکى دەستوورى کە هەموو ئەو بریارانە ئاماژەیەکى روونن بۆ لێدانى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان کە لە دەرەوەى سنوورەکانى عێراقەوە بریارى لە سەردراوە ، بە پێچەوانەوە هەرێمى کوردستان تا ئێستا جگە لەپابەند بوون و جێبەجێکردنى دەستوور هیچ کاردانەوەیەکى نەبووە لە بەرامبەر دا ئەو میلیشیا و گروپە فاشیزمانە هێرش وپەڵاماردانە مووشەکى و درۆنییەکانیان بۆ سەر شوێنە هەستیار و ئابوورییەکان کە مەرامەکەى دیارە چڕتر کردۆتەوە ،چونکە ئەوان نایانەوێت هەرێمى کوردستان سەقامگیر و پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت و هاوشێوەى ناوچەکانى باشوورو ناوەڕاست کاوڵ و وێران و ناسەقامگیر بێت .
ئەو عەرەبە شیعانەى کە پێش رووخانى ڕژێمى بەعس خۆیان بە ستەملێکراو دەزانى و ئێستا خۆیان بوونە بە شێک لە ستەمکارى و زۆردارى و چەسپاندنى دیکتاتورى و هەر ئەوانیش کە ئێستا دژى گەلى کورد و مافەرەوا دەستوورییەکانى وەستاونەتەوە و مووچەى خەڵکى کوردستان دەبڕن ، گەلى کورد و هەرێمى کوردستان مووشەکباران و درۆنباران دەکرێن ، بۆیە، عێراق چیتر جێگەى متمانە و خاوەن سەروەرى و یاسا و سوپا نییە ، بەڵکو دەوڵەتێکى لاواز و کۆنتڕۆڵکراویی دەستى وڵاتانى هەرێمى و میلیشیا نایاساییەکان و تیرۆرە کە فەرهەمان لە تاران و قوم و نەجەف وەڕدەگڕن بە ڕاشکاویی لە چەنگى میلیشیاکان و حەشدى تاکڕەو و فاشیزمى شیعى مەزهەبییە کە بەدڵنییاییەوە عێراق بەرەو شەڕوناکۆکیی قوڵترى ناوخۆیی ودەرەکیی دەبەن و چارەنووسى لە حەماس و غەززە باشتر نابێت و عێراقى لە ژێر هەژموونى ئێران و بەردەوامى دروستکردنى شەڕانگێزى وپەڵاماردانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان و هەرێمى کوردستان جگە لە شکست ووێرانکارى هیچى ترى لە داهاتووى عێراق چاوەروان ناکرێت و ئەستەمە حکوومەتەکەى محەمەدشیاع سوودانیش بتوانێت رووبەڕووى ئەو تاقم و گروپە میلیشیا نایاسایی و بەکردەوە تیرۆریستانە کە فەرمان لەدەرەوەى سنوورەکان وەردەگرن بۆتێکدانى سەقامگیرى ولەبابردنى فیدڕاڵى و دەستوور ودیموکراسى و هابەشى کۆنتڕۆڵ بکات .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.