پێگەی (کۆڵبەر نیوز) راپۆرتی یەک ساڵی ئامارەکانی کوژران و برینداربونی کۆڵبەرانی خستوەتەڕو و ئاماژەی بەوە کردوە؛ کۆڵبەرەکان جگە لەوەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی سنوری ئێران دەکرێنە ئامانج، بەهۆی سەختی سنورەکان و سەرما و گەرماوە دەبنە قوربانیی.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە 21 ئازاری ساڵی رابردو تا 21ی ئازاری ئەمساڵ؛ 39 کۆڵبەر کوژراون و 195 کۆڵبەریش برینداربون و بە گشتی لەو ساڵەدا 172 کۆڵبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی سنوری ئێران تەقەیان لێکراوە کە ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیشیان برینداربون.
کۆڵبەرنیوز رونی کردوەتەوە لەو ساڵەدا 27 کەس بە گوللـە کوژراون و هاوکات کۆڵبەرێکیش لە لایەن سوپای تورکیا لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و باکوری کوردستان کوژراە.
لەو ساڵەدا چوار کۆڵبەر بەهۆی سەرماوە و کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شاخ و پێنج کۆڵبەر لە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش بەهۆی فشار و سەختیی رێگاوە دڵی لە لێدان کەوتوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەو پێگەیە کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ئاماری کۆڵبەران ئاماژەی بەوە کردوە زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە رۆژهەڵاتی لە سنوری پارێزگاکانی کرماشان و سنە و ورمێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بونەتە قوربانیی و ژمارەی کوژراوان و بریندارانی کرماشان بەراورد بەو دوو پارێزگایەی دیکەی رۆژهەڵات زیاتر و تەنها لەو پارێزگایەدا 128 کۆڵبەر بونەتە قوربانیی و ژمارەیەکیشیان گیانیان لەدەستداوە
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.