▪ لە یادی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و پێشمەرگەکانی لە رووباری ئاراس

نەجمەدین محەمەد قەراجی

ڕێڕۆیشتنە مێژوویی و پڕشـــکۆكەی ژەنەراڵ بارزانیی نەمر و پێشـــمەرگە دڵسۆز و بەوەفاکانی و پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس، كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی رەوای گەلی كورد بوو، ئەو داستانە بوو بۆ رەتكردنەوەی داگیركاری و ژێردەستی، ئومێدی مانەوە و خەباتی گەلی كورد بوو لە گۆڕەپانی کوردایەتیدا.

ژەنەراڵی مەزن بۆ ئەوەی خۆی و پێشمەرگە قارەمان و دڵسۆزەكانی، لە بندەستیی داگیرکەردا ژیان نەباتە سەر و رادەست بە داگیرکەر نەبێت، چیاکانی کوردستانی هەڵبژارد، ئەو ویستی بزاڤ و دۆزی رەوای گەلی كوردستان بمێنێتەوە، نەک دەست لەسەر سینگ بێت بۆ دوژمن، بۆیە بەناچاری شەڕی هەڵبژارد، خۆبەدەستەوەدانی ڕەت کردەوە، ئەو ڕابەرە مەزنە خۆی و زیاتر لە ٥٠٠ پێشمەرگە، لە داستانێكی سەختدا شەڕی مان و نەمانیان دژ بە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کرد، زیاتر لە دوو مانگ، بە چەكی سادە و ساكار و بە پیادەڕەو، گەورەترین داستانی خۆڕاگری و نەبەردییان تۆمار کرد.

بە درێژایی ساڵانی شۆڕش، پێشمەرگەكانی كوردستان، هەر بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر پەرەیان بە کاروانەکەیان دا، دەیان داستانی بەرگرییان تۆمار کرد. یەكێك لەو داستانانە پەڕینەوەیە لە رووباری ئاراس، كە بووەتە داستانێک، وەک مێژوویەکی پڕ سەروەری لە کۆڕی خەباتی شۆڕشی كوردستاندا، بۆ هەمیشە لە هزر و بیری نەتەوەکەماندا دەمێنێتەوە، وانەیەکیش ئەبێت، نەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆی باس دەكات، بۆ ئەوەی هەرگیز ئەو داستانە گرنگە لەبیر نەکرێت.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی بارزانیی نەمر و یاوەرانی…

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.