▪ میوزیک لە کوێوە هاتووە؟
هەڵکەوت محەمەد پشدەری
میوزیک بەرهەمی مرۆڤایەتییە و لە هونەرە هەرە نایابەکانی شارستانییەتی مرۆڤیشە. هونەری ڕێکخستنی دەنگەکانە تا تێکەڵەیەکی دیکەی دەنگ و ئاواز و هەست دروست بکات. هەموو کەلتوور و ڕۆشنبیریی گەلان میوزیکی تیدایە، هەرەیەک و بە پێی خۆی هەموو نەتەوەیەکیش میوزیکی خۆی هەیە. زۆر جار لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕێوڕەسمی ئایینی و کەلتوورییەکاندا، ڕۆلی سەرەکیی دەگیڕێت. وەکو ئاخاوتن، تەنیا مرۆڤ ئەو هونەرەی هەیە. لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە بۆ ماوەی هەزاران سال گولی نوێی لی پشکوتووە و سەمفۆنیای جیهانیی هەمەچەشنە و سەرسووڕهێنەری لێ بەرهەم هاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەکەی یان بنەچەکەی، وەک نهێنییەکی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە.
کۆنترین ئامێری میوزیک لێدان ئامیرێکی شیێوە شمشاڵە تەمەنەکەی ٤٢٠٠٠ ساڵە و لە ئەشکەوتێکی ئەڵمانیا دۆزراوەتەوە. بێگومان جۆرێک لە میوزیک بە دەم و دەنگ و ئاوازی مرڤ خۆی، پێش دروستکردنی ئەو ئامیرانە، هەر هەبووە. لەبەر ئەوەی شوێنەواری میوزیک نییە، بۆ زانایان قورسە بتوانن بیسەلمێنن لەبەر کام هۆکاری کرداری پەرەسەندن و خۆگونجاندن، میوزیک دەرکەوتووە. دەرکەوتنی میوزیک تا ئێستە جێگەی مشتومڕێکی گەرمە. بە ڕای چارلس داروین، مەبەست لە دەرکەوتنی مویزیک پاڵنەر و هۆکاری سەرنجراکێشانی ڕەگەزی مێ یان نێر بووە. وەکە لە بالندەکاندا تا ئیستە هەیە، خوێندنی باڵندە بانگکردنی ڕاگەزی جیاوازە بۆ جووتبوون.
لە جیهانی نوێدا، وێناکردنی میوزیک وەکو ئامرازی بانگکردن و پێوەندی سۆزداریی هێندە بەهەند وەرناگێرێ. کۆمەڵێک بیرۆکەی نوێ بۆ دەرکەوتنی میوزیک، لە لایەن مرۆڤناسان، دەروونناسان و زانایانی درککردن، خراونەتە بەردەست. بۆ دەیان ساڵ زانایان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووبوون، هەبوو پێی وابوو لەگەڵ پەرەسەندن دەرکەوتووە، ئەوانی دیکە پێیان وابوو ئەفراندنی کەلتووری بووە. هەیە دەڵێ ئەو ڕیتم، ئاواز و هارمۆنیایەی بەنرخیان دادەنێین، زیادەیە و تەواو پێویستییەکی پەرەسەندن بووە. ئەگەر سەرتاپا نەمێنێ، هیچ لە ژیانی مرۆڤ ناگۆڕێ. بەڵام ئەو ڕایە مایەی گاڵتەجاڕیی هێندێکی دیکە بوو. تەنانەت مرۆڤە هەرە ئاساییەکان کەمێک شارەزاییان لە پێکهاتەی میوزیکی نەتەوەی خۆیان، هەیە. لەوانەیە نۆتە نازانن، بەڵام لەگەڵ بەرزونزمیی میوزیکی خۆیان، هەرنەبێ دەلەنگێن.
لە توێژینەوەکانی پێوەندی میوزیک و منداڵ، دەردەکەوێ منداڵ وەکو گەورە بەرزونزمیی دەنگو ئاواز دەناسێت و تەنانەت جار هەیە دوای چەند مانگێکیش ئاوازێکی لە بیر دەمێنێ، ئەوە پێمان دەڵێ بنچینەیەکی بایۆلۆجی هەیە. زانای دیکە پیێان وایە میوزیک سرێشی پیکەوەگرێدانی تاکەکانی ناو کۆمەڵە مرۆڤەکان بووە، تا بە ئارامیی و شانبەشانی یەکتری بژین. چەندان ملیۆن ساڵ باب و باپیرانی مرۆڤ بەتەنگ یەکترییەوە بوون، تا ئێستە پاککردنەوە و دەرکردنی مێرووەکان لە لەشی یەکتریدا لە ناو چەندان جۆری مەیموون هەیە. لەو کردارەدا ئیندۆرفین دەڕژێتە ناو لەشیان و هەست بە خۆشیی دەکەن. بۆ کەلتووری مرۆڤی پێشکەوتوو ئەوەندە پێوەندی کۆمەڵایەتیی تێر نەدەکرد. بەڵام میوزیک و سەمای بە کۆمەڵ هەمەان مەبەستی دەپێکا.
ئەگەریش هەیە بناغەی میوزیک و دەنگ لە دایکەوە بۆ لاواندنەوەی کۆرپەلە بووبێ. ئەگەر ئەو گریمانەیە دروست بێ و پێوەندی نیوان باوان و کۆرپەلەیان توند کردبێ، کەواتە دەستی لە کۆی کرداری پەرەسەند و خۆگونجاندنیشدا، هەیە. لە پێناو گەیشتن بە بیردۆزێکی گونجاو بۆ دەرکەوتنی میوزیک، میوزیکناس پاتریک سافاج لە زانکۆی کیۆی ژاپۆن لەگەڵ تیمێک بیردۆزێکی گشتگیرییان پێشنیازکردووە، تێیدا دەڵین هەردوو لایەنی کەلتووری و بایۆلۆجی کە وادەکات بتوانین میوزیک دروست بکەین و هەستی پێبکەین، پێکەوە پێشکەوتنیان بەخۆوە دیوە و یەکتریان تەواو کردووە.
لە بواری جینناسییدا، دۆزینەوەی جینێک بەرپرس بێت لە دەرکەوتن و هەستپێکردنی میوزیک لە مرۆڤدا کارێکی یەکجار قورسە و نابێ ئەوەندە گەشبین بین. نەک لەبەرئەوەی جینی ئاوا نییە، بەڵکو ئەو جۆرە کارانە و ئەوەی لە کرداری پەرەسەندن و خۆگونجاندن فێری بووین ئەوەیە ئەو جۆرە کارانە و هەموو هەستی درککردن لە مرۆڤدا کاری تاکە جینێک نییە، کۆمەڵێک جین پێکەوە ئەو جۆرە کارانە ئەنجام دەدەن و دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی هەموویان کارێکی یەکجار قورسە و کاتی زۆری دەوێ ئەنجامێکی لەو جۆرە بەدەست بێنین.
سەرچاوە: https://www.discovermagazine.com/planet-earth/where-did-music-come-from-here-are-the-leading-theories?utm_campaign=organicsocial&utm_content=%F0%9F%94%84from_the_archive%3A_did_hu&utm_medium=social&utm_source=facebook&fbclid=IwAR20xFM0AqDl90RZza_ZfquiEmlc04X7rhqTk15L7z_E8zydXU0lNDk4VFY
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.