▪ نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر ئاشکرا کرا

نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی پێشوو، لە نێوان 12 هەزار بۆ 18 هەزار و 500 دینار بووە، بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.

ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 1ی ساڵی 2023 بۆ هەر ئەمپێرێك لەنێوان 12 هەزار و 750 دینار بۆ 18 هەزار و 500 دینارە.”

دوێنێ ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئاشکرای کرد، کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بۆ مانگی 1ی 2023 لە سلێمانی لە نێوانی 17 هەزار و 750دینار بۆ 19هەزار و 250 دینارە.

نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 12ی ساڵی 2022 بۆ هەر ئەمپێرێك لەنێوان 13 بۆ 19 هەزار و 500 دینار بوو.

لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، گوتیشی: ”گازوایل هەر گرانە و کارەبای نیشتمانی كەم بووە و كارەبای مۆلیدەش زیاتر دراوە.”

پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: “یەك لیژنە بۆ دیاركردنی پارەی كارەبای مۆلیدە هەیە، مانگانە بە هەڵسەنگاندن كرێی كارەبای شارەكان دیار دەكرێت.”

لەناو شاری هەولێر، زیاتر لە هەزار مۆلیدە و لە دەوروبەریش 900 مۆلیدەی ئەهلی هەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.