▪ نه ڕێكهوتننامهی سایكس پیكۆ،نه پهیماننامهی لۆزان وپیلانگێری دیكه نهیانتوانی چۆك بە كوردستان دابنێن
رێبوار حهمهلاو شوانی
ئەگەر چی پەیماننامەی لۆزان کە لە 24ی 7ی 1923 گوایە ، پەیماننامەیەك بوو بۆ ئاشتی ، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەكانی بۆ نەتەوەیی کورد پێچەوانە بوو، چونکە نەک ھەر کوردی خستەناو گێژاوی شەرەوە بەڵکو جەنگ و پێشێلکاری مافەکانی گەیشتنە جێنۆساید و سرینەوەی شوناسی نەتەوەیی و نکۆڵیکردن لەبوونیشی، ئەمەش هەم ئارومەندی بۆ واژۆکارانی نەھێشتەوە و هەم ئەو دەوڵەتە داگیركەرانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا.لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەلی كوردی لەگەڵ هەوڵی ڕیشەكێشكردنی مۆركی نەتەوایەتیمان و تواندنەوەیمان لە نێو گەل ونەتەوەكانی ناوچەكە و نكۆڵی كردن لە ناسنامەی نەتەوەیی ڕووبەڕوو كرد. ئێستاش گەلی كورد باجی ئەم سنوورە دەستكردانە دەدا، كە بە پێچەوانەی ویستی خۆی كێشراوە و خاكی وڵاتەكەی بەش بەش كردووە. بۆیە هێشتا سنوورەكە وەكوو خۆی ماوە و بوون و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی كورد لە نێو ئەو وڵاتانە قبووڵ نەكراوە. لە پاش 100 ساڵ كورد لە نێو تەلیسمی پەیمانی لۆزاندا ژیان بەڕێ دەكات، هێشتا شەڕی مان و ماف و ئازادی دەكات، هێشتا كورد قوربانی ئەو سیاسەتە داگیركاریەیە، كە لە سۆنگەی پەیمانی لۆزان بە سەریدا سەپاوە.بۆیە، ئەوەی دەبینرێت ، ئەو راستییەیە كە ، هێشتا گەلی كورد لەسەر خاكی نیشتمانی خۆی، هاوتای نەتەوەكانی دیكەی هەرێمەكە خاوەن ماف نییە، سەرەڕای ئەوەی چۆكی دانەداوە، لەسەر پێی خۆی وەستاوە و لە ڕووداوەكانی سێ دەیەی ڕابردووی ناوچەكەدا سەنگ و قورسایی خۆی نیشانی دۆست دوژمنانی داوە، بەڵام بۆ ئەوەی رۆژ بە رۆژ خەباتەكەی بباتە پێشەوە، ئەگەر لە ئێستادا دەرفەتی سەربەخۆیی و هەڵوەشانەوەی ئەو سنوورە دەستكردانەی بۆ نەرەخسا بێ، دەبێ لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانە مافەكانی مسۆگەر بكات، بۆیە پێویستە گەلی كورد و بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان خاوەنێتی لە ستراتیژێكی كوردستانی ڕوون و راشكاو بكات و هەم لەسەر ئاستی بەشەكانی و هەم لەسەر ئاستی كوردستانی بۆ ئەو ئامانجە یەكێتی و یەكڕیزی خۆی پێك بهێنێ.ئەگەر سەدەی رابردوو ، گوزەری ژمارەكان بێت ،بۆ دوژمنان و داگیركەرانی بەڵام بۆ گەلی کوردی خۆراگر و تێكۆشەر و نەبەزیوو ، سەرەتایەکی گرنگی هەڵگەڕانەوەیە دژی داگیركەران و ستەمكاران و تێكۆشانە بۆ ئازادبوون و خاوەندارێتی لە خۆی و لەخاک و نیشتیمانەكەی.بۆیە، پەیمانی شوومی لۆزان نەخشەیەکی نێودەوڵەتی بوو بۆ لەت لەت كردن نەتەوەیی كورد و خاكەكەی بە سەر چوار وڵاتدا ،كاتی ئەوەیە و پێویستە کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وڵامی بۆ ئەو نەخشەیە ھەبێت.کارکردن لە ئاستی نێودەوڵەتی و لۆبی کردن سەرەتای سەدەیەکی ئاسۆدار ئەبێت بۆ کۆتایی ھێنان بە بەشمەینەتی و بێمافی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.بۆیە، دەڵێم ، سەدەی رابردوو شەرمەزاریی بۆ داگیرکەران دروست کرد و مانەوە بۆ کورد. ئەم سەدەیەش سەدەی راستکردنەوەی هەڵەی پەیماننامەی لۆزان دەبێت.ئەگەر لە سەدەی ڕابردوودا فاكتەری دەرەكی بەربەستی سەرەكی بووبێ لە پێش خەباتی گەلی كورد، نابێ چیتر نەبوونی یەكڕیزی كورد خۆی ئاستەنگ و بەربەستی بەردەم بەدیهاتنی ئامانجە بەرزەكانی گەلەكەمان بێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.