▪ نە پەند لە ڕابردوو وەردەگرن و نە سوود لە دەرفەت!
نووسین: زانا عبدالباقی
پەرلەمانی عيراقی شکستخواردوو شتێکی ئامادە کردووە گوایە ڕەشنووسی بوودجەیە بەڵام بوودجە چ بوودجە وەک بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی یە پڕاو پڕە لە دژایەتی کردنی هەرێم! تەواو نادەستووری و پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو.
-سەبارەت بە ماددەی ١٣ خاڵی دووەم (أ): هەرێم پابەند کراوە بەوەی ٤٠٠هەزار بەرمیل ڕادەستی حکومەتی فیدرالی بکات بە پێچەوانەوە شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێن، کەچی لە ماددەی ١٤ خاڵی دەیەمدا هاتووە نابێت حکومەتی هەرێم نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوک و نەینەوا دەربهێنێت واتە ڕادەست کردنەوەی کێڵگەکانی خۆرماڵە و شێخان کە بەبێ ئەو دوو کێڵگەیەش کوردستان ناتوانێت ٤٠٠هەزار بەرمیل دابین بکات، کەواتە ئەوە ڕێک چاڵێکە بۆ هەرێم لێدراوە!
-سەبارەت بە ماددەی ١٣ خاڵی دووەم (ب): حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنەوەی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان، ئەو شتە هەرگیز نابێت ڕووبدات چونکە ئەوە تەواو لاوازکردنی حکومەتی هەرێم و بێ دەسهەڵاتکردنییەتی، بەغدا پشکی هەرێمی کوردستانی لە ٪١٧.٥ کەم کردەوە بۆ ٪١٢، کەواتە داهاتە نانەوتییەکان دەکرێ قەرەبووی ئەو ڕێژەیە بێت.
-سەبارەت بە ماددەی ١٤ خاڵی یەکەم: دەڵێت وەزارەتی دارایی سەرپەرشتیی هەژماری بانکیی تایبەت بە داهاتەکانی نەوتی کوردستان بکات و دوای رەزامەندیی وەزارەتی دارایی ئینجا هەرێمی کوردستان دەتوانێت پارەی لێ خەرجبکات، ئاخر ئێمە هەژمارە بانکییەکەمان وەک دڵنیاییەک دەویست ئەگەر سبەی هەر پێشێلکارییەک لە قوت و بژێوی خەڵکی کوردستان بکرێت ئێمە بتوانین ئەو هەژمارە بەکار بهێنین بەڵام ئەگەر لە دەستی وەزیری دارایی عێراقدا بێت چ قیمەتێکی هەیە؟
-سەبارەت بە ماددەی ١٤ خاڵی نۆیەم: دەڵێت هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان سکاڵای هەبێت بەشەکەی لە حکومەتی هەرێم دەبڕدرێت و ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دەنێردرێت بۆ پارێزگاکە، ئەوە تەواو گەمژەییە هەنگاوێکی ئاشکرا و نادەستوورییە بۆ نەهێڵانی قەوارە دەستوورییەکەی هەرێم، ئەرێ ئەگەر بەسڕا و نەینەوا هەمان سکاڵایان هەبوو بۆ ئەوانیش هەمان شێوەیە؟ ئەگەر وابێت ئێمەش پابەند دەبین!
-سەبارەت بە ماددەی ١٤ خاڵی دوانزەیەم: حکومەتی هەرێم پابەند دەکات مانگانە ٪١٠ مووچە پاشەکەوتکراوەکان بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران لەسەر پشکی خۆی! ئەوەش یەکێتی و نەوەی نوێ و فڵان و فیسار دەیکەن بە دەستکەوت بۆخۆیان و خۆیان کردووە بە پاڵەوان لەسەر ئەم خەڵکە داماوە، ئاخر نەفامینە ئەو قەرزە دەبێت حکومەتی عێراق پێیەوە پابەند بێت و بەدەر لە پشکی هەرێم مانگانە ئەو بڕە پارە زیادەیە بنێرێت تا بخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەران وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو زوڵمەی چەندین ساڵە لە فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن، تەنانەت ئەگەر پارتیش لەگەڵ ئەم خاڵە بێت من پێم وایە هەڵەن چونکە ئەوە ئەرکی حکومەتی فیدڕالییە لەبەرامبەر ئەو ١٠ ساڵەی کە مافی ئێمەی خواردووە بەشێکی بۆمان بگەڕێنێتەوە!
-وە جگە لەمانە چەندین خالی تر لە ماددەی ١٣ و ١٤ هەن کە تەواو نادەستووری و نا ماقولن و دژی هەرێمی کوردستانن.
-لەکۆتاییدا هەڕەشەشمان لێ دەکەن ئەگەر ئێمە بەوە ڕازی نەبین کە لەسەرمان دەسەپێنن بوودجەی هەرێم ڕادەگیرێت و بڕیاری دادگای فیدراڵی کارا دەکرێتەوە، ئەمەیە شەراکەتی عێراق؟
تێبینی: ئەوەی سەیرە لەم بابەتەدا تەنیا پارتی و یەکگرتوو ناڕازی بوون و کوردە جاشەکانی تر هیچ لاریان نەبوو!
میدیا جاشەکانی ناوخۆ تەنیا تیشکیان خستووەتە سەر ئەو خاڵەی کە باس لە گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان دەکات بە زیادکرنی مانگانە ٪١٠ی مووچەی هەر فەرمانبەرێک، ئەوەش بۆ چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان و لابردنی چاوەکانە لەسەر ئەسڵی مەسەلەکە، بەڵام دەبێت خەڵک بزانێت کێشەکە زۆڕ گەورەترە. ئەم ڕەشنووسەی بوودجە خیانەتێکی ترە لە گەلی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان و نیازپاکی حکومەتی هەرێم دەکرێت. لە کاتێکدا کە نزیکەی ١٠ ساڵە ماف و بژێوی ئەم خەڵکەیان بڕیوە، سەرەڕای ئەوەش پشکی هەرێمیان لە ٪١٧.٥وە کەم کردەوە بۆ ٪١٢ و داهاتی نەوتیشمان ڕادەستکردەوە کەچی هێشتا دڵیان مورتاح نەبووە و دەیانەوێت زیاتر ئازاری ئەم میلەتە بدەن و ئەو قەوارەیەی کە بە خوێن دروستکراوە هەڵی بوەشێننەوە، پێم وایە ئەمە دەرفەتێکی تری گەورە بوو بۆ حکومەتی فیدڕالی بۆ چارەسەری کێشەکان و گەڕاندنەوەی شەراکەتی ڕاستەقینەی لایەنەکان بەڵام وا دیارە عێراق دەوڵەتی کۆمەڵە نەزانێکە کە نە پەند لە ڕابردوو وەردەگرن و نە سوود لە دەرفەت، بۆیە هەرگیز هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.