▪ هاندان بۆ عێراقچێتی…….

ئەنوەر سەید عومەر

هاندان بۆ گەیشتنن بە ئامانجێکی دیاری کراو یاخود بۆ دروست کردنی ڕای گشتی پێویستی بە کات و بە دەزگا و دامەزراوەی گەورەی راگەیاندن هەیە. پڕوپاگەندە لەلایەن دەوڵەتان و دامەزراوە تایبەتەکان و بەتایبەت لە ڕێگای راگەیاندنەوە بۆ ئەوەی رای گشتی پێ ئاڕاستە بکرێت یەکێکە لە چەکە بەهێزەکانی سەردەم، یەکەم کردەی پڕوپاگەندەی حکومی لەسەردەمی نوێ، لەکاتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی بیست و هەشتەمین سەرۆکی ئەمریکا (ودرۆ ویڵسن)دا لەساڵی ١٩١٦ و لەژێر دروشمی بانگەوازی هەڵبژاردنەکەی( ئاشتی بەبێ سەرکەوتن) کە بەسەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا. ئەو هەڵبژاردنە دەکەوێتە ناوەڕاستی جەنگی جیهانی یەکەمەوە، خەڵکی ئەمەریکا لەو کاتەدا ئەوپەڕی ئاشتیخواز بوون و هیچ هۆکارێکیان نەدەبینی بۆ ئەوەی خۆیان لە شەڕێکی ئەوروپایی هەڵقورتێنن، بەڵام ئیدارەی ویڵسن پابەند بوو بە چوونە ناو شەڕەکە و پێویست بوو شتێک بۆ داخڵبوونی جەنگەکە بکات. بۆ ئەو مەبەستە کۆمیسیۆنێکی پڕوپاگەندەی حکومیان دامەزراند لە ژێر ناوی( کۆمیسیۆنی کریل؛ کە ئاژانسێکی سەربەخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو لە ساڵی ١٩١٧ تاکو ٢١ی ئابی ١٩١٩).
ئەو کۆمیسیۆنە لە ماوەی شەش مانگدا سەرکەوتوو بوو لە وەرچەرخاندنی جەماوەرێکی ئاشتیخواز بۆ جەماوەرێکی هستریاگرتوو بۆ شەڕخوازی، کە داوایان دەکرد ئەڵمانیا خاپور بکەن و ئەڵمانەکان هەنجن هەنجن بکەن و بچنە ناو جەنگەکەوە و جیهان لە مەترسیەکانی نازییەت رزگار بکەن.
لەناو ئەوانەی زۆر چالاکانە بەشداری شەڕی ویڵسنیان کرد بیرمەند و پێشکەوتنخوازەکان بوون کە لەبازنەی فەیلەسوف و سایکۆلۆجیست و ریفۆرمکاری ئەمەریکی جۆن دوێی(١٨٥٩-١٩٥٢ز) بوو کە رای گشتی گرێدەدا و بۆچوونی تایبەتی بۆ دیموکراسی هەبوو.
ئەوان شانازییان بەوە دەکرد کە لەناو کۆمەڵگای ئەمەریکی ئەو کەسانەیان دۆزیەوە و هێنایاننە پێشەوە کە پێیان دەگوترا ( ئەندامە خوێندەوارەکانی کۆمەڵگا) کە دەتوانن جەماوەری دوودڵ بەرەو شەڕ ئاڕاستە بکەن، ئەویش بەهۆی دروستکردنی ترسی گەورە و جۆشدانی هەستی نەتەوایەتی بە کەرەستە لەبن نەهاتووەکانی بەردەستیان. کاری لەپێشینەی ئەوان ئەوەبوو کە هزر و بیری ئەندامە خوێندەوارەکانی کۆمەڵگا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستەمۆ بکەن، لە ڕێگای ئەو پلانەی دایاننابوو و بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەکان لە وەرچەرخاندنی ووڵاتێکی ئاشتیخوازەوە بۆ ووڵاتێکی شەڕخواز سەرکەوتووبون و ئامانجەکەیان پێکا، ئەوە وانەیەکە بۆ ئەوەی بزانرێ پڕوپاگەندەی حکومی ئەگەر لەلایەن چینی بەئاگا و خوێندەوار پاڵپشتی بکرێت ئەگەر سنورداریش کرابێت کاریگەری زۆری دەبێت.
ئەو نموونەیەی سەرەوە گرێدەدەمەوە بە بابەتێکی هەستیاری کۆمەڵگای کوردستان کە ساڵانێکە بە چڕی بەرۆک و یەخەی گرتووین، ئەویش بە چەند ئاڕاستەیەک کارکردنە لەسەر ناشیرین کردنی ئەزموونی حکومڕانی کوردی و ماکیاژکردنێکی ساختە بۆ جوان نیشاندانی دەسەڵاتی داگیرکەر. ئێمە وەکو گەلێکی بەزۆر لکێنراو بەعێراقەوە، لەماوەی سەد ساڵی دروست بوونی ئەم دەوڵەتە رووبەڕووی دەیان جینۆسایدی ترسناک و تراژیدیاهێن بووینەتەوە کە لەمێژووی سەدەی بیستەمدا هاوشێوەیان کەم بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کەچی لەدوای دامەزراندنی ئەزموونی حکومڕانی کوردستان، بەردەوام هێزگەلێک بە پاڵپشتی چینی خوێندەوار و دامەزراوەی راگەیاندنی زەبەلاح کە سەرچاوەی فەندەکانیان نادیار بووە ! کار لەسەر داڕووخانی ئینتیما و بیری نەتەوایەتی دەکەن و بگرە بە چڕی کار لەسەر نابووت کردنی نەتەوەی کوردیش دەکەن.
ئەگەر ورد و ژیرانە بەراوردی مێژووی پلانەکانی پڕوپاگەندە بە دۆخی ئێستای ئێمە بکرێت، بەسانایی تێدەگەی کە هەوڵگەلێکی چڕ و پڕ بە پاڵپشتی چەندین ماکینەی راگەیاندنی گەورە لەپشت بەنابووت نیشاندانی ئەزموونی بەخوێن خوڵقاوی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. ئەم هەرێمەی ئەگەر بەراورد بەقوربانیەکانی بکرێت نەک مستەحەقی دەوڵەتە بەڵکو هێندەی دروستکردنی دوو بۆ سێ دەوڵەت زیاتر قوربانی دراوە.
ئەو پڕوپاگەندانەی کە بەمەبەست ئاڕاستە دەکرێن لەبری ئەوەی رووە و دوژمن و نەیار ئاڕاستە بکرێن بەپێچەوانەوە رێک دەخرێنە ئەستۆی حکومەتە خۆماڵیەکەی خۆمان، بۆ نموونە لە بابەتی جینۆسایدی ئەنفال ئەوەندەی بۆ ڕەخنە تەرکیز لە سەر حکومەتی هەرێمە نیو هێندە تەرکیز لەسەر جەلادەکانی زەمەنی بەعس نییە و بگرە زۆرجار پاساو بۆ جەللاد دەهێنرێتەوە بەوەی خەتاباری گەورە لەو پرسەدا کورد خۆیەتی نەک لایەنی تاوانبار کە جینۆسایدی کردووین.
لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵی پڕوپاگەندانە کە لەدژی نەتەوە و نیشتمان کاری بۆ کراوە و کاری بۆ دەکرێت، لەبری ئەوەی بە پلانێکی تۆکمەوە رووبەڕووی ئەو ئەجێندا ترسناکە ببینەوە، بەڵام بەداخەوە گەندەڵی و بردنەپێشەوەی خەڵکی نادڵسۆز و گەندەخۆر ژینگەیەکی لەباریان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایە لەدژی خاک و ئاڵا و نیشتمان و نەتەوە رەخساندووە( بۆ ئەمەیان خۆمان خەتابارین).
لەماوەی رابردوودا هەوڵی چڕ و پڕ بە ئاڕاستەی عێراقچێتی و کاڵکردنەوەی گیانی سەربەخۆخوازی و لاوازکردنی ئینتیما لەبیرکردنەوەی تاکی کورددا هەبووە، لەکاتێکدا عێراق ووڵاتێکە لە ریزی هەرە پێشەوەی هەموو ریزبەندییە خراپییەکانی جیهاندایە، بەمانایەکی تر عێراق لە ریزبەندی هەموو خراپییەکاندا لە دە یەکەمەکان نایاتە خوارێ، کەچی بەمەبەست عێراق بەجوان و ووڵاتێکی خۆشگوزەران نیشان دەدرێت. سەرەڕای ئەوەی لێرە بێخەوش و کەمووکوڕی نین بەڵام تاکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی لە زۆر روەوە خۆزگە بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەخوازن و هەزاران هاووڵاتی عەرەب روویان لە شارەکانی هەرێم کردووە( کە لەئایندەدا دەبنە مەترسی گەورە بۆ تەعریب) کەچی بەداخەوە لەلایەن ئەو هێز و گروپانەوە هێشتا بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ عێراق دەکرێت و هزری عێراقچێتی لە بیرکردنەوەی تاکی کوردا دەچێنن!!
خۆ ئەگەر ژیانی هاووڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان باشتر بوایە بێگومان کۆچی پێچەوانەمان دەبینی، هەر ئەمە بۆخۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لەزۆربەی رووەکانەوە لە عێراق باشترە و کەس ناتوانێت نکوڵی لەم حەقیقەتە بکات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.