▪ هزری ڕوناك و بیری گەشاوە

هێشو دارا سەلیم

بیر و هزر وەك داینەمۆی ئاراستەکاری مرۆڤن، ئەوان خولقێنەری ڕەفتارەکانی مرۆڤن، کردەوە و کاردانەوەکانی ڕۆژانەمان بەرهەمی بیر وهزرمانن، مامەڵەی باش و توانای گونجان و ڕەتکردنەوەکانمان هەموویان بەرەنجامی بیکردنەوەکانمانن، مرۆڤی گەشبیر و ڕوناك هزر هەمیشە چاوەڕوانی باشەی لێ دەکرێت و وەك سەرچاوەی چاکی گشتی تەماشای دەکرێت.

لێرەوەیە بیری روناك هەرخۆی دەبێتە ڕۆشنایی کۆمەڵگە و وەك تروسکاییەکی ڕێنیشاندەر کۆمەڵگە بەدوای خۆیدا کێش دەکات، بۆیە ئەو جۆرە مرۆڤانە بۆ کۆمەڵگە پێویستیەکی حەتمین لەچەشنی هەوا بۆ ژیان و هەر کۆمەڵگایەك لە خاوەن بیرە ڕۆشنەکان بەهرەمەند نەبوو ئەوا لە تاریکایی ژیاندا دەمێنێتەوە و سەرگەردانی دوای ئایدیا پوچەکان دەبێت، ناتوانێت ڕاستیەکان بکاتە شاڕێگەی ژیان و بگات بەژیاری هەرە باڵا، بەردەوامیش گیرۆدەی دواکەوتووی بیر وهز دەبێت، پێشکەوتن تیایدا گەشەناکات و مرۆڤی داهێنەر تیایدا پێناگات.

ڕۆشنبیرییش وەك هەرکایەیەکی تر دەکرێ ڕەسەن و ساختەی هەبیت، ئەوەی لەپێشەوە باسمان کرد رۆشنبیرە ڕەسەنەکانن کە لە سایەی مەعیریفە و زانستی کەڵەکەبوویان دەنبە پێشەوای ڕاستەقینە، بەڵام لەبەرانبەر ئەماندا جۆرێکی تر هەن کە دەشێ بە ڕۆشنبیری ساختە یان پێنەگەیشتوو ناویان ببەین، ئەمانەیان سەرەڕای ئەوەی خۆیان وەك خاوەنی بیری ڕۆشن و هزری هۆشیار دەناسێنن و هەرچی گەورەیی هەیە دەیدەنە پاڵ خۆیان، کەچی لە ڕاستیدا لە ڕوی کردەییەوە ناتوانن پانتاییەکی فراوان و دیار داگیربکەن لە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە، بەڵکو ناتوانن ببنە جێ متمانەی کۆمەڵگایش، چونکە نە قورسایی زانست و مەعریفەیان لەو ئاستەیە سەنگیان پێ ببەخشێ و نە ئاستی بیرکردنەوەیشیان هێند قوڵە بتوانن دیاردە باو و ئاساییەکانی کۆمەڵگە تێپەڕێنن، ئەم تایپە لەوانە خۆیان ناوناوە ڕوناکبیر بەوە دەناسرێنەوە کە مەعریفەیەکی ڕوکەشیان هەیە و لەبری هاندانی تواناکان و دەستگرتنی کەسە لێهایووەکان دێن دەیانشکێن و دەبنە کۆسپ لەبەردەمیان، لەبری ئاراستەکردنی کۆمەڵگا لەسەربنەمای چاکەی گشتی کەچی دێن جنێو و سوکایەتی بڵاودەکەنەوە، لەبری بڵاوکردنەوەی گیانی تەبایی و لێبوردەیی دێن تۆوی ڕق و ڕەتکردنەوەی یەکتر دەچێنن، بۆیە لەبری ببنە ڕوناکی کۆمەلگا خۆیان دەبنە مایەی ڕێگری لەهەر تروسکاییەکی ڕوناك کە لەکۆمەڵگادا سەرهەڵبدات.

بەمجۆرە دەتوانین بڵێین بیری ڕوناك فریادڕەسی کۆمەڵگایە و هەموان لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە، ئەگەر لە قۆناغێکیشدا دژایەتی بکرێت ڕەنگە لاوازببێت بەڵام هەرگیز نامرێت و لە زوترین دەرفەت دەگەشێتەوە، بەپێچەوانەوە بیری ساختە با ڕوناکیش خۆی نیشانبدات بەڵام ناتوانێت ڕۆشنایی ببەخشێت و خۆیشی لەبنەڕەتدا تاریك و دواکەوتووە، ئەو ڕەفتارانەی لێی دەکەوێتەوە توندوتیژ و برندارکەر و بێزراون، نایشتوانێت بەرهەمێکی باشی بۆ کۆمەڵگا هەبێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.