▪ هه‌موو جیهان قه‌رزداری قه‌واره‌یی پێشمه‌رگه‌یه
رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی
كوردوكوردستان ئهوجوگرافیا ونه‌ته‌وه‌یه كه هیچ كه‌س ناتوانێت نكۆڵی له بوونی بكات ، چونكه ڕه‌گ و ڕیشه و مێژوویی ڕه‌سه‌نی له ژێر دۆڵ وده‌شت وچیا سه‌ركه‌شه‌كانی داكووتاوه به شێوه‌یه‌ك كه هیچ گه‌رده‌لوول وزریانێك وهیچ ئاگرێك نه‌توانێت ڕیشه‌كێشی بكات و بیسرێته‌وه و هیچ ڕووهكێی بێگانهوغهیره شوێنی بگه‌ڕێته‌وه ، مرۆڤ دۆستی و حه‌ز بۆ ژیان و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان یه‌كێكه له‌و خه‌سڵه‌ته جوان و پڕبههایانهی كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن هه‌میشه به بهرۆكییهوه بووه ، ده‌وڵه‌مه‌ندی له سروشت وكانزا و به‌خشنده‌یی و جوانی سروشتی وایكردووه كه هه‌میشه دوژمنان و داگیركه‌ران چاویان له سه‌ر بێت و هه‌رده‌م به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا گهرابێتن تا ده‌ستبه‌سه‌ر و داگیری بكه‌ن و یانیش هه‌وڵی شێواندنی مێژوو و نه‌ته‌وه وجواگرافیاكهی له ڕێگه‌ی له‌ت له‌ت كردن و ئینجا دابه‌شكردنی به‌سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تر بدرێت ، به‌و كار قێزهوهنانهشهوه نه‌وه‌ستاون هه‌رچی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ و وێرانكه‌ر و پیلانی قڕكردن نه‌ما بۆ بێده‌نگ كردن و خامۆشكردنی به‌كاری نه‌هێنن ، پاساویی بێ بنه‌ما و سیناریۆ و گه‌له‌كۆمه‌كی و دروستكردنی ناكۆكیی و جاش و بهكرێگیراوو تیرۆر نه‌ما ده‌رهێنانی ڕیشه‌ی دار به‌ڕووه‌كه‌ی نهیگرنهبهڕ، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر خۆیاندا گه‌ل و سه‌ركرده‌یه‌كی بههێزوفیداكارو خۆڕاگر ومرۆڤ دۆست وئاشیتخواز بینیووه كه سه‌ڕه‌رایی هه‌موو ئه‌و تاوان و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ،به‌ڵام كورد وكوردستان و مێژوو و كهلتووروزمان و بوونی خۆی هێشتنه‌وه و بووه ره‌مزی به‌رخودان ، بووه سیمبولی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و بووه هێمای ئاوه‌دانی و گه‌شه‌سه‌ندن و ژیانه‌وه و بووه نموونه‌ی دیموكراسی و یه‌كتر قبووڵكردن و بووه نیشانه‌ی ئازایه‌تی وقاره‌مانێتی به‌رامبه‌ر به تۆپ و فڕۆكه و ته‌كنۆلۆژیا ومه‌ترسیدارترین جۆری تیرۆریزم .
گه‌لی كوردوشۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی زیاتر یه‌ك سه‌ده‌ی رابردوو، به جۆرها سیناریۆ پیلانگێری هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی مه‌شخه‌ڵی كوردایه‌تیی و خه‌باتی دراوه و هه‌موو جۆره پاساوێكی بۆ ئاماده و هێنراوه‌ته‌وه ، زۆرێك له سه‌ركرده مێژووییه‌كانی شه‌هید و تیرۆركران به‌ڵام كاروانه به‌رده‌وام بوو و مهشخهلهكهش به‌رووناكی مایه‌وه .
گه‌لی كورد ، به‌هۆی پێداگری و ڕژدبوونی له سه‌ر به‌ده‌سهێنانه‌وه‌ی ئازادی وڕه‌تكردنه‌وه‌ی ژێر ده‌ستی كورد وكوردستان له هیچ قۆناغ و زه‌مه‌نێكدا نه‌بووه كه رووبه‌ڕووی پیلانگێری و گه‌له‌كۆمه‌كی و هه‌وڵی له ناوبردن وخامۆشكردنی نه‌درابێت ،به‌ڵام هه‌میشه به رۆحی به‌رگریكردن و خۆڕاگری و باوه‌ر به‌خۆبوون خه‌ونی نه‌یارانی له گؤڕنا و پایه‌دار مایه‌وه .
گه‌لی كورد ،سه‌ره‌رایی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری رووبه‌ڕووی هێرش وپه‌ڵاماردان و دڕنده‌ترین شێوازی نامڕۆڤانه و داگیركاری بووه به‌ڵام هه‌رگیز به رۆحیی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و ڕه‌گه‌زپه‌رستی مامه‌ڵه‌ی نه‌كرد وئه‌وه‌ش وایكرد كه رۆژ به رۆژ كورد وكوردستان و خهسڵهتهجوانهكانی بوونه نموونه‌ی هه‌ره جوانی نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و هه‌موو جیهان .
گه‌لی كورد ، به ئازایه‌تی و قاره‌مانی و فیداكاری خۆی سه‌ڵماندی كه هه‌رگیز رازی نابێت به ژێرده‌ستی وپاشكۆی هیچ داگیركه‌ر و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر خاك و نیشتمانی ڕه‌سه‌نی خۆی و هه‌موو كاتێك ئاماده‌یه له‌و پێناوه‌شدا گیان و خوێنی خۆی ببه‌خشێت ، شۆڕش وراپهڕینهكانی گه‌لی كورد تا به ئێستا نموونه‌یه‌كی به‌رچاون هه‌موو بۆ داگیركه‌ران و هه‌میش بۆ هه‌موو جیهان .
گه‌لی كورد، هه‌میشه له پێناو ئازادی و ئاشتی و ژیانی سه‌ربڵندی خوێن وگیانی به‌خشیووه ، ئه‌وه‌ش وایكردووه نه‌ك ته‌نها بۆ خۆی به‌ڵكو ببێته مایه‌ی سه‌قامگیری و ئاسووده‌یی بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه ئازادیخواز و ئاشتیخوازه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان ،ئه‌گه‌ر ئاماژه به شه‌ڕی جیهانی دڕنده‌ترین ده‌وله‌تی تیرۆریستی بكه‌ین ، بینمان كه چۆن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له جیاتی هه‌موو مرۆڤایه‌تی جه‌نگی دژ به تیرۆریستان كرد، نه‌ك ته‌نها كوردستان به‌ڵكو هه‌موو مرۆڤایه‌تی له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر وتۆقاندن پاراست ،بۆیه هه‌موو جیهان قه‌رزداری كوردستان وپێشمهرگهیه .
“گه‌لی كورد ، به ئازایه‌تی و قاره‌مانی و فیداكاری خۆی سه‌ڵماندی كه هه‌رگیز رازی نابێت به ژێرده‌ستی وپاشكۆی هیچ داگیركه‌ر و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر”
گه‌لی كورد ، خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كه كه به خه‌بات وخوێنی هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م كوردستانه هاتووته به‌رهه‌م ، هه‌رگیز هیچ زڵهێز و داگیركه‌ر و دۆستێك وه‌ك دیاری پێشكهشكهشی نهكردوویین ، به‌ڵكو به هه‌وڵ و تێكۆشانی سه‌ركردایه‌تییه‌كی ژیر و فیداكارهكهی و وگشت دڵسۆزانی توانیی نیشتمانێكی وێران و دواكه‌وتوو بگه‌ێنێته قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندوو و پێشكه‌توو له هه‌موو بوارێكدا ، به‌شێوه‌یه‌ك كه دوژمنان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا به ئه‌مڕۆ سه‌ره‌رایی سوودمه‌ندبوونیان له گشت روویه‌كه‌وه به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه هه‌وڵی لاوازكردنی و نه‌هێشتنیان داوه .
ئێستا كه كه قه‌واره‌ی پێشمه‌رگه ، هه‌م یاسایی و هه‌میش ده‌ستوورییه ، گه‌یشتۆته قۆناغێكی پێشكه‌وتوو له رووی ئاوه‌دانی و سیاسی ودیپلۆماسی و ئابوورییه‌وه ، و ڕكابه‌ری له‌گه‌ڵ زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان ده‌كات و له زۆر رووه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و هه‌تا چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه جیاوازی هه‌یه ، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه له دژی ده‌بینرێت هه‌موویان له پێناو ڕاگرتنی پێشكه‌وتن و گهشهسهندنهكانێتی و گۆشهگیركردنێتی به شێوه‌یه‌ك تا كوردستان و گه‌له‌كه‌ی به جۆرێك له جۆره‌كان ژێرده‌ست وپاشكۆ بكرێن ، ئه‌ویش له لایه‌ن ئه‌و زێهنیه‌ته شۆڤێنی و داگیركهرانهیه كه هه‌میشه ترسیان له بوونی كوردستان و حكومرانییهكهی هه‌بووه ، چونكه كاتێك به‌راوه‌ردی وڵاته‌كه‌ی خۆیان و كوردستان ده‌كه‌ن له گشت روویه‌كه‌وه ، له جیاتی ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵه‌كانیاندا بچنه‌وه ،ئه‌وا كار بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن چ له سه‌رئاستی ناوخۆ و چ ده‌ره‌وه و هه‌میشه بیانو وپاساوهكانیان و سیناریۆكانیان ئاماده‌یه .
لێره‌دا ،گرنگه بزانرێت ، ئه‌م قه‌واره‌ی هه‌رێمه ، كه قه‌واره‌یی پێشمه‌رگه‌یه ئومێدی نه‌ته‌وه‌یه‌كی له سه‌ر هه‌ڵچنراوه ، به سوود وقازانجی هیچ زڵهێز و داگیركه‌رێك نییه بیر له ده‌ستوه‌ردان و هه‌وڵی ناسه‌قامگیركردنی بدات به ڕێگه و سیناریۆی جیاوازه‌وه ، ئاشتی و ئاڕامی وناوچه‌كه و جیهانیش به‌نده به ئاشتی و سه‌قامگیری قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ، چونكه له رابردوو زۆر هه‌وڵی گۆشه‌گیركردن ، گه‌مارۆدان و په‌ڵاماردانی كوردوركوردستان درا ، باشتر وایه له جیاتی خه‌ونی نه‌زۆك و پیلانگێری ئه‌وا پشتیوانی گه‌لی كورد وقهوارهكهی بن ، چونكه هه‌موو جیهان قه‌رزدای قه‌واره‌یی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.