▪ هه‌ڵبژاردن واتا خۆشه‌ویستی نیشتیمان و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین و پیلانی دوژمنانی كوردستانه‌


رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌مهه‌وێت بڵێم ، دوژمنان و نه‌یارانی كوردوكوردستان هه‌رگیز چاویان به‌وه‌ هه‌ڵنایه‌ت تا گه‌لی كورد خاوه‌ن كیان و خاك و ئیداره‌دانی خۆی بێت ، هه‌ر بۆیه‌، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌خه‌وێنی ده‌یان هه‌زار شه‌هید و ئینجا شۆڕش و خه‌بات بێ وچان گه‌یشتۆونه‌ته‌ قۆناغی ئه‌مڕۆیی به‌ ئازادی ژین و حكوومرانی گه‌لی كورد . هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای گه‌لی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ ڕه‌وایدانێكی به‌هێز ده‌به‌خشێت هه‌ر سیسته‌م و حكوومڕانییه‌ك و هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه‌ لاوه‌كییه‌كان شكست پێده‌نێت كه‌ كار بۆ ده‌ستوه‌ردان و لاوازكردنی سه‌نگ و پێگه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌رهه‌م خه‌بات و قوربانیدانی ده‌یان ساڵه‌ گه‌له‌مانه‌ .

هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ له‌ دوای راپه‌ڕینه‌ شكۆمه‌نده‌كه‌ی به‌هاری 1991 سه‌رۆك بارزانی له‌ شاری كۆیه‌ بانگ و داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی داموده‌زگه‌كانی كرد چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ زێهنیه‌تی دوژمنان وداگیركه‌ران هه‌بوو و ده‌یزانی كه‌ ته‌نها به‌ یاسایی بوون و دامه‌زراوه‌یی بوون ده‌توانێت گه‌لی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ و شارستانیانه‌ بگه‌ێنێته‌ ئامانجه‌ ره‌واكانی بۆیه‌، زۆرگرنگه‌ و به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا له‌ قۆناغێكی هه‌ستیار و چاره‌نووسسازداین و هه‌نگاویی گرنگ وستراتیژیمان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ناوه‌ و له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌مووان په‌رۆشیی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ن و دوژمنانیش خه‌ونی لاوازكردن و ناشیرینكردنی ده‌ده‌ن و ده‌خوازێت به‌ رۆحێكی كوردایه‌تیی و دیموكراسیخوازانه‌ و شارستانیخوازانه‌ خه‌ونی نه‌یاران پووچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌ویش به‌ ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گرنگیه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ له ستراتیژیه‌تی ئاسایشی نیشتیمانی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.
له‌ ئاستی ناوه‌خۆ بوونی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ تێك بشكێنێت كه‌ ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریه‌كی نێگه‌تیفیان له‌ سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه‌. هەروەها ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌رفه‌تێكه‌ كه‌‌ هێزی زیاتر به‌ دامه‌زراوه‌كان دەبەخشێت و حوکمڕانیه‌كی گشتگیر دەچەسپێنێت و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری زیاتر به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌مه‌ش فاکتەری سەرەکین بۆ دڵنیابوون لە به‌هێزیی ئاسایشی نیشتیمانی، چونكه‌ ژینگەیەکی له‌م جۆره‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان و دڵنیابوون لە ڕێوشوێنێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شه‌رعیه‌تێكی زیاتر به‌ حكوومه‌ت ده‌به‌خشێت و فەرمانی خەڵک هەڵدەگرێت و ڕەوایەتیی خۆی لە چاوی هاوڵاتیاندا بەهێز دەکات و توانای حکومەت بەهێزتر دەکات به‌ تایبه‌ت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان و بنیاتنانی دامەزراوەی جێگیر کە بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەكان بکەن، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ به‌هێزی و مانه‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی ئاسایشی نیشتیمانی كۆلكه‌یه‌كی گرنگه‌، چونکە پشتیوانی و هاوکاریی گشتی دڵنیا دەکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی به‌رده‌م ئاسایشی نه‌ته‌وەیی و نیشتمانی ببینه‌وه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كه‌مان و قه‌واره‌كه‌مان به‌هێزتر بكه‌ین و وه‌ك هه‌میشه‌ بیسه‌لمێنن كه‌ كورد وكوردستان مان له‌ هه‌موو به‌رژوه‌ندییه‌كی شه‌خسی و حیزبی زیاتر خۆش ده‌وێت به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر و كوردستانێكی به‌هێزتر و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین و خه‌ونی ناحه‌زانمان ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.