هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو، رایگەیاندووە، هەڵوێستی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە دژ بە دوژمنکارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر جێگەی رێزو پێشکەوتنە.
هەر لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، بە بەدواداچوونی هەوڵ و رێکارەکان، دەتوانرێت سنوورێک لەبەردەم هەژموون و دەستێوەردانەکانی ئێران و لایەنە نا عێراقییەکان دابنرێت، ئەمەش پێویستی بە چەترێکی سیاسیی هەمەلایەنە هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، لە رێگەی نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ تۆمارکردنی سکاڵا دژ بە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، هاوکات دوو پەیام ئاراستەی هەر یەک لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، تیایدا جەختکراوەتەوە، ئەو کردەوە دوژمنکارییەی ئێران پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراقە، کە شوێنی سڤیل نشینی کردووەتە ئامانج و جیا لە گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، زیانی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیاندووە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.