▪ هیچ دوژمنێک ناتوانێ هەستى نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرى لاواز بکات
رێبوار حەمەلاو شوانى
مێژووى خەبات و بەرخودانى زیاتر لە یەک سەدەى رابردووى گەلى کورد بەرامبەر داگیرکەران و دوژمنانى و بەکارهێنانى جۆرها چەک و پیلان و سیناریۆ و خۆڕاگرى و قوربانیدانى هەموویان ئاماژەیەکى روونن بەوە کە کورد هەردەم خاوەن هەستێکى بەرزى کوردپەوەریی بووە ، هەموو شۆڕش و راپەڕینەکانى کوردستان لە پێناو سەربەستى و ئازادى خاک و ڕەتکردنەوەى ژێردەستى و ستەمکاریی بووە ، ئەگەر کورد باوەرى بە دۆزە رەواکەى نەبووایە و تەنها بۆ بابەتى شەخسى وماددى بووایە ، هەرگیز ئامادە نەبوو خوێن وگیانى لە پێناو کورد وکوردستان و سەربڵندژینى ببەخشێت ، بەخشینى زیاتر لە 500 هەزار شەهید و 182 هەزار ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکارى بێ شومار و تیرۆر و خاپوورکردنى گوند و دارستان و لادێ ئاماژەن بەو هێڵە سوورانەى کە گەلى کورد بۆ دوژمنان و داگیرکەرانى دیارکردووە بەوەى لە ژێر هیچ گوشارى و گەمارۆدانێک و سیناریۆیەک دەستبەردارى پیرۆزییەکانى نەتەوە و نیشتیمانەکەى نابێت .
ئەوەى ماوەى رابردوو بەتایبەت لە ئێستادا ، هەندێک کەس ولایەنى کوردى ئیتر چ لە رووى بەرژوەندى شەخسى و بەرتەسکى حیزبى بێت یانیش ئاڕاستەکراوە و پرؤگرامکراویی دوژمنان بێت دژى بەرژوەندییە باڵاکان و حکوومەت و قەوارەکەیان ئەنجامى دەدەن ، هیچ پەیوەندیی نییە بە پیرۆزى هەستى نەتەوەپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى لە نێو گەلى کورددا ، چونکە کاتێک کوردوکوردستان ژێر دەست بێت هیچ شتێک مانا وواتاى نامێنێت ، ئەوەى دەمێنێتەوە تەنها ژێردەستى و کۆێلە بوون و ستەمکارى داگیرکەر و دوژمنان دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە هەموو لایەک بە ئاگایانە و وردبینانە مامەڵە لەگەڵ دۆزى رەوایی نەتەوە و نیشتیمانەکەیان بکەن و نەکەونە ناو داویی فێڵبازى دوژمنان و ناحەزانەوە ، نەکەونە ژێر کاریگەرى هێرش وچەواشەکارى میدیایی و تابوورى پێنجەمى نەیاران و دوژمنانەوە ، پێوستە هەمووان بە یەکدەنگ و یەکهەوڵوێست لە پێناو پارێزگاریکردن لە دەستکەوت و مافەرەواکان لەلایەن و لەلایەکى تریش هەوڵەکان لە پێناو بەدەسهێنانى هەموو ئەو مافانە بێت کە ئێستا دەسەڵاتدارانى فاشیزم و ڕق ئەستوورى عێراق بەرامبەر بە کورد وکوردستان بەکردەوە و بێ شەڕمانە و ستەمکارانە ئەنجامى دەدەن .
کاتى ئەوەیە کە خۆشەویستى گەل و نیشتیمان و مێژوو و خەباتى دەیان ساڵەمان پێش هەموو بەرژوەندییەکى تر بخەین چونکە ئەوەى دەبینرێت ، دوژمنان بە هێزێکى نەرم بەڵام کوشندە شەڕى جینۆسایدکردن و ژێردەستکردنێکى تر و نەهێشتنى هەموو ئەو دەستکەوتانە دەدرێت کە بەرهەم خەبات و قوربانیدان پێشمەرگە و هەموو شەهیدانى کورد وکوردستان دەدرێت ، مەرامیانە هەنگاو بەهەنگاو کەسایەتیی و سەنگ و پێگەمان بچووک بکەنەوە و دواتر شتێک بەناوى سەروەرى و قەوارەى هەرێمى کوردستان بوونى نەمێنێت ، هۆکارەسەرکێیەکەش لێکترزان و پەرتەوازەیی نێوماڵى کوردستانیی کە دوژمنان و ناحەزان لە مێژە کارى لە سەردەکەن ، روون و ئاشکرایە ، کە گەلى کورد خاوەن دوژمنێکى بێ شوومارە ، کاتى ئەوەیە چیتر خۆمان سەرقاڵى بابەتى بێ بایەخ نەکەین و هەموو هەنگاوەکان بە ئاڕاستەى بەرزکردنەوەى هەستى کوردایەتیی و نیشتیمانپەوەرى بێت ، پێوستە کار لە سەر دەستنیشانکردنى گشت خاڵە لاوازەکان بکرێت ، پێگەى کوردستان لە رووى خۆشەویستى بۆ خاک و پارێزگاریکردن دەستکەوتەکان و پەروەدەى نەتەوەیی بەهێزتر بکرێت لە پێناو بەهێزکردنى زیاتر پێگەى کوردوکوردستان لە سەر ئاستى ناوخۆ و ناوچەکە و هەموو جیهاندا .بەم شێوەیە هیچ دوژمنێک ناتوانێت هەستى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەریمان لاواز بکات .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.