▪ هەرێمی کوردستان و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان

فرسەت سەید شکور

لە دەمی ڕاپەڕین و هاتنە کایەی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ھەمیشە ئەو ھەرێمە لەژێر کاریگەری و فشاری وڵاتان و چاوتێبڕینی دەوڵەتانی زلھێزی ناوچەکەدا بووە، خۆڕاگرتن بەرامبەر ئەو ھەموو ئاڵنگارییانە بە بارتەقای شۆڕش و جووڵانەوە سیاسییەکان، ئاستەنگ بووە. کورد بەدرێژایی مێژوو ھەمیشە گلەیی و گازاندەی لە زلھێزان ھەبووە لەوەی کە لە چوارچێوەی عێراقدا بە ئامانجە نەتەوەیی و مافە سەرەتاییەکانی خۆی نەگەیشتووە واتا هەمیشە دووبەرەکی نێوخۆی و تەسلیم بوونی لایەک بە نەیار بووەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم بەرەوپێشچوونی دۆزی کورد.

لەدوای شەڕی براکوژی و ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری (سەدام حوسێن) و دواتر نووسینەوەی دەستووری عێراق و ڕۆڵ و کاریگەری و پێگەی کورد لە بەغداد بە شێوەیەک بوو کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش چاوەڕوانی بڕیار، یان لێدوانێکی سەرکردە کوردەکان بوون، بەتایبەتیش سەرۆک بارزانی کە لە (ئەنجوومەنی حوکم)یش ڕۆڵی باڵای ھەبوو.
یەکگرتنەوەی ئیدارە و خوێندنەوەی ھەڵەی ھەندێک لایەنی سیاسی
لەدوای یەکگرتنەوەی ئیدارە لە ساڵی 2005 و پێکھێنانی حکوومەتی ھاوبەش لە ساڵی 2007، دەرچەیەکی ڕوون بۆ ئیدارەیەکی سیاسیی، حوکم، ھاوبەشی، یەکگرتوو، ھاتە پێشەوە، بەڵام کاریگەریی دەوڵەتانی ناوچەکە و ملكەچبوونی سیاسیی ھەندێک لەلایەنی سیاسی بە ئەجێنداکان، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم یەکگرتوویی و یەکبوونییەی کاڵ كردەوە. ڕەنگبێ ئەمە ھۆکار بێت کە ھەندێک ھێزی سیاسی، بەھۆی ترسیان لە کەمکردنی دەنگەکانی ھەڵبژاردن هەموو ڕێگە و هەنگاوێک بگرنە بەر دژی هەرێم، لەکاتێکدا گەورەترین ئاستەنگ لە ماوەی ڕابردوودا ئەو دژایەتییە بە ڕکانە بووە بە هاوکاری کۆمەڵێک لایەنی دەروون نەخۆشی عێراقی بەرامبەر کورد.

ئێستا، کە کورد لە قۆناغێكی سەختی بەڕێوەبردن و ڕووبەڕوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی و هەرێمییەکاندایە، ھەندێک لەلایەنە سیاسییەکان بە ڕاستەوخۆ خزمەت بەو ئەجێندا دەرەکییە دەکەن، نوێترین نموونەش پاڵپشتی و خۆڕادەستکردنی لایەنێکی سیاسییە لە هەرێم بە پەسەندکردنی ئەو بڕگە و ماددانەی کە لیژنەی دارایی دژی پێگەی هەرێمی کوردستانە و لەڕاستیدا ھۆكارە بۆ لاوازبوونی پێگەی ھەرێم، لەکاتێکدا بەھۆی ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) لە ماوەی ڕابردوودا، ئەزموونی ئاوەدانی و ئارامیی ھەرێمی كوردستان وەک نموونەیەک لە ناوچەکە، پێگەیەکی نێودەوڵەتیی گرنگی بۆ خۆی دروست کردووە.

وا دەردەکەوێت دوای بڕینی ھەموو ئەو ئاستەنگییانە، بەشێک لەو لایەنە سیاسییانە، بەھۆی کورتبینی و خوێندنەوەی ھەڵەیان بۆ ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی كوردستان، لە ناوچەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستەنگ بۆ بەرەوپێشچوونەکان و باشترکردنی ژیانی خەڵک دروست دەکەن، بێشک کاریگەریی ئەم خوێندنەوە خراپە، کاردانەوەی نەرێنیی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا دەبێت.

لەڕاستیدا ئەگەر بۆ مێژووییەکی نزیک بگەڕێینەوە ھەر لە دوای ساڵی 2014 لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش و گەرمەی شکاندنی ئەفسانەی داعش و دواتریش لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕووبەڕوونەوەی گەلی کوردستان بەرامبەر ھەموو ئەو ئاڵنگارییانە بێ ووچان ئەم تاقمانە لە جووڵەدا بوون، جووڵەی ناشەریفانە بە ئاراستەی چوونە (بەرەی داگیرکار) و نەیارانی میللەتی کوردەوە، ھەر ڕۆژە و بە تۆمەت و بوختانی جیاجیا پەلاماری ئەزموونی ھەرێمیان دەدا، بەڵام قۆناغی ڕابردوو و ئێستاشەوە؛ بەردەوام لە شکست و دۆراندا بوون، چونکە ھەرێمی کوردستان بەردەوام و ھەمیشە پشتی بە پایە بەھێزەکانی ئیرادە بەستوون کە ئەوانیش لە (سەرۆک بارزانی) و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئیرادەی بەھێزی گەلی کوردستاندا دەبیندرێنەوە، بەڵام ئەمانە بە مەبەستی سیاسیی بە لێدوان و گوتاری جوودا دەکەونە لێکدانەوەی ڕەشبینانەی بێ ناوەڕۆک و نادروست،
قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق قەوارەیەکی یاساییی و دەستوورییەو لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتییەکان و ڕێساکانی دەوڵەتی عێراق یەکدەگرێتەوەو ڕێکخراوە، هەڵپەی نایاسایی و نادەستوورییانەی هەندێک لایەنی سیاسیی کوردی و عێراقی هەر زوو پووچەڵ دەبێت، چونکە مەسرور بارزانی هەروەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە؛ کە حکوومەتی هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکەی خۆیەتی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەموو هەنگاوێکی نادەستورییانە دژی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە.

ڕوونتر و درووست خوێندنەوەکە وایە؛ ھەموو ئەوانەی کە ڕۆژانە بـە لێدوانی جیاواز باسی ئەو مەترسییانە دەکەن کە لەسەر قەوارەی ھەرێم ھەیە، ئاراستەکراون بەمەبەست بەکاردەھێنرێن، چونکە گەیشتنووتە ئەو بڕوایەی کە دەنگی ھەڵبژاردن و ھێزی جەماوەر، ناتوانن گۆڕانکاریی بکەن، پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ھوتافاتی، بێ بناغە، دەبەن کە وا دەردەکەوێت، لەبنەڕەتدا بۆیان نووسراوە و ئەوان گوێزەرەوەین.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.