▪ وەبیرھێنانەوەیەک لە یادی لەدایکبوونی مەسرور بارزانیدا

فەرسەت سەید

لە کاتێکدا جیھان و ناوچەکە بە دۆخێکی ھەستیاری سیاسی، ئابوورییدا تێدەپەڕێت و ململانێ و پاراستنی بەرژەوەندییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ چڕ دەبنەوە، بێ شک ئەو فاکتەرانە دەبنە ھۆکار بۆ دروستبوونی دۆخی سیاسیی ناسەقامگیر، چونکە تا ڕکەبەرییەکان زیاتر بن، ناکۆکی و گرفتەکان قووڵ دەبنەوە. لەنێو ئەو ھەموو کێشمەکێشم و ئاڵنگاری و گۆڕانکارییە بەردەوامانەی لە جیھاندا ڕوو دەدەن، (ھەرێمی کوردستان) ھەمیشە وەک ناوچەیەکی ئارامی سەقامگیر چاوی لێ کراوە، لە وردبوونەوە و تێگەیشتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا ئەوە ساغ بووەتەوە. ئەوەی مەبەستە باس بکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە چالاكیی بەردەوامی خۆی، لە بواری ئاوەدانی و ئارامی و پێشكەوتن و خزمەتكردندا بەردەوامە.

“مەسرور بارزانی” لەسەرەتای کاری سیاسیی و ئەمنی خۆیدا، لەسەر ھەمان ڕێچکەی باب و باپیرانی، دڵسۆزانە بە دەستێکی پاک و ئەمینەوە ھەوڵی چاککردنەوەی خراپییەکانی داوە، لە کەموکوڕییەکانی کۆڵیوەتەوە و چارەسەریی بۆ دۆزیونەتەوە، ئەگەر چاو لە مێژووەکەی بکەین دەبینین؛ کە سەڕەرای باگراوندی خێزانی و نەتەوەیی، پیاوێکی ڕۆشنفکر و ئەکادیمیە و ھوشیاری بەردەوامی لە گۆڕانکارییە جیاوازەکانی دونیا ھەیە و ھەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت، ئەزموونی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دونیای دەرەوە بگونجێنێت.

بە شاھێدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نێردە و نوێنەرایەتی وڵاتانی جیھان (مەسرور بارزانی) ئەو سەرکردە جێگە باوەڕە بووە، کە بەردەوام متمانەی یەکە سەربازی و ھەواڵگرییە ئەمنییەکانی جیھان بووە، پتەوی ئەو پەیوەندییانە بەردەوام ھەرێمی کوردستانی لە ھەڕەشەی بەردەوامی تیرۆریستان پاراستووە، ھەموو ئەمانە درێژکراوەی لە کۆڵ گرتنی ئەرکەکانییەتی لە داستانی خواکوڕکەوە دەستپێدەکات تاوەکو شکاندنی تیرۆریستانی داعش و دواتریش پرۆسەی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان.

“مەسرور بارزانی و حکومڕانی”

ئەگەر شیکردنەوەیەکی (بەڵگەداتایی) بۆ ئەزموونی حکوومڕانی ھەرێمی کوردستان بكەین، بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، دەشێ بمانوەستێنێت لە دەستخستنە سەر کۆمەڵێک خاڵی جەوھەریی زۆر گرنگ، کە کابینەکە بە ئاستەنگی زۆر و سەڕەرای ئالنگارییەکان، ڕووبەڕووی بووەتەوە.

– لە کاتێکدا تەواوی جیھان بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، مەسرور بارزانی و حکوومەتەکەی، زۆر بە بەرپرسیارانە توانی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێریی وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکە.
– سەرەڕای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای حکوومەتی عێراق، کەچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەم کردەوە و داھاتیشی زیاد کرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش، هەزاران ھەلی کار بۆ بێکاران دۆزرانەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی، یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە بووبوون، لەپاڵ ئەوەش، گەورەترین خواستی خەڵک بەدی ھات کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، ڕێکارەکانی بە ئێستاشەوە، بەردەوامن.
– یەکێک لە فەلسەفەکانی حکوومڕانیی مەسرور بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی حکوومەتدا، بەدیاریکراوی بریتیی بووە لە: پاراستنی کولتوور و فەرھەنگ و ئادابە گشتییە جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لەو ڕوانگەیەوە، دانانی سنوور بۆ ھەندێک دیاردەی خراپ، کە دەیانویست کۆمەڵگە بشێوێنن، ئەم كارەش خواستی ھاووڵاتییان بوو بەگشتی، ئەگەر لە یادمان بێت، زۆر شوێنی خراپ، ڕووبەڕووی سزای یاسایی کرانەوە و داخران.
– داخستنی بازاڕی چەکفرۆشی و دانانی سنووری تەواو بۆ بارزگانیکردن بە چەک و دیاردەی چەكداری، بۆ ڕێگەگرتن لە کوشتن و تاوانکاریی زیاتر، لە بڕیارە بوێرانەکانی مەسرور بارزانی بوو، ئەمەی دوایی بەئێستاشەوە بەردەوامە کە داخوازیی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە.
– گوێگرتن لە میدیاکاران لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، میتۆدێکی گرنگە لە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتایبەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات، ھەژمار دەكرێت.
– پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانییدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو پێشوازییانەی لە مەسرور بارزانی لە وڵاتانی ناوچەکە و سەردانەکان بۆ ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەورووپا کران، جیا لەوەی خاڵی ئەرێنیی بەھێز و گرنگ بوون، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکی بوون، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە.

بە دروستی دەگەینە ئەو بڕوایەی، سەرەڕای (ئالنگارییەکان، ناکۆکییەکان، گرفتەکان) مەسرور بارزانی لە پێشخستنی كوردستان بەردەوامە، راستە كە لە ھەندێک بەش و سێکتەری دیکەی حکومڕانی ھێشتا زیاتر پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەسەری گرفتە کەڵەبووەکان ھەیە، بەڵام ڕەنگبێ خوگونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەی جیھان و ناوچەكەی تێ کەوتووە، بەھۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرایناوە، ئاسان نەبێت، لێ كاركردن و هەنگاونان بەردەوامە.
مەسرور بارزانی بەردەوام دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەکەم) مێژووش ئەوەی سەلماندووە، ئەوەی لە بەرپرسیارێتی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لە ئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە.

ئەزموونی تێکەڵبوونی (مەسرور بارزانی) بە دونیای سیاسەت و سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٥ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا وەک بەشێک لە شۆڕشی گوڵان و تۆمارکردنی نەبەردییەکانی داستانی خواکوڕک لە ساڵی ١٩٨٨ دژ بە ڕژێمی بەعس وەک تۆماری فیلمێک تۆمارکرووە.
مەسرور بارزانی لە قۆناغە دژوارەکانی کوردستان ڕۆڵی بەرچاوی لە ھاوکاریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە ھەبووە، لە ڕووی ئەکادیمیشەوە خاوەنی بروانامەی ماستەرە لە وڵاتی ئەمریکا لەبواری زانستە سیاسییەکان و زمانەکانی (کوردی-ئینگیلی-فارسی) بەباشی دەزانێت و یەکێکە لە دیپلۆماتکارە سەرکەوتووەکانی عێراق و ناوچەکە.
مەسرور بارزانی گرنگییەکی زۆر پرۆسەی بەھێزکردنی کاریگەری ناوەندەکانی خوێندن بەسەر کۆمەڵگەی کوردستانەوە دەکات، و دامەزرێنەر و سەرۆکی فەخری بۆردی زانکۆی ئەمریکی کوردستانە لە شاری دھۆک.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.