▪ وەلید ئەحمەد: پێویستمان بە پشتگیریی خێزان و حكومەت هەیە، تا بتوانین كار و پڕۆژەكانمان برەو پێ بدەین

زۆرن ئەوانەی سەختیی ژیان و تاڵی و سوێری ڕۆژگار لە هەوڵ و تێكۆشان ساردی نەكردوونەتەوە، تەنانەت لەدەستدانی بەشێكی جەستە و كەمئەندامبوونیشیان، نەیتوانیوە هەرەس بە خەونەكانیان بهێنێت، بەڵكو بە ئومێدەوە لە داهاتوویان دەڕوانن و كۆمەڵێ خەونی گەورەیان هەیە. وەلید ئەحمەد یەكێكە لەو كەسانەی خاوەن ئیرادەیە بەم شێوەیە باسی ژیانی تایبەتیی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

وەلید ئەحمەد عەبدولڕەزاق، لە ٥/١/١٩٨٩ لە شاری ئاكرێ لەدایك بووە. وەك خۆی باسی كرد، لە تەمەنی دوو ساڵییەوە بە هۆی هەڵەیەكی پزیشكی قاچەكانی لەدەست داوە و هەر لەو كاتەوە ئاریشەكانی ژیانی بەرۆكی گرتوون.

وەلید بەمجۆرە باسی هاتونەهاتی ژیان و گرفتەكانی بەردەمی و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەریاندا دەكات:

«لە تەمەنی دوو ساڵی نەخۆش كەوتم، ئەو كات ماڵمان لە مووسڵ بوو، بردیانم بو دكتۆر و دەرزی بۆ دانام، بە هۆی هەڵەی دكتۆرەكەوە، ئیتر لەو كاتەوە هەر دوو قاچم لە دەست دا و شەلەل بووم. دوای گەورەبوونم لە تەمەنی دە ساڵان و بێ توانای لەسەر پێ وەستان، چوومە بەر خوێندن و تا سێی ناوەندیم خوێند، لەوە زیاتر توانام نەما، نەمتوانی لە خوێندن بەردەوام بم. بیرم لەوە كردەوە كارێك بكەم، پشت بە خۆم ببەستم و دەست لە كەس پان نەكەمەوە. بۆیە چوومە خولێكی دروومانی جلوبەرگ كە تایبەت بوو بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، خولەكەم بە سەركەوتوویی تەواو كرد و دووكانی خۆم دانا و تا ئێستا بەردەوامم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا بۆ ڕاییكردنی ژیانی ڕۆژانەت، بەو تایبەتمەندییانە و گرفتەكانی ڕۆژانەت، كێ هاریكار و پشتیوانت بوو؟ دەڵێت: «ڕاستییەكەی دایك و باوكم پشتیوانم بوون، هەندێك جاریش هاوڕێم هەبووە، بۆ هەندێك شت یارمەتییان داوم، بەڵام هەمیشە و بۆ هەموو شتێك هەر پەنام بۆ ئیرادەی خۆم بردووە».

سەبارەت بە دژوارییەكانی ڕۆژانی خوێندنیشی گوتی: «لە قۆناغەكانی خوێندن لە قوتابخانە، ناڕەحەتیی زۆرم دیت، گەرما و سەرما، قوڕ و لیتە، بێ هێزی ڕۆیشتن، بەڵام برایەكم زۆربەی كات لەگەڵم بوو. هاتوچووم زۆر سەخت بوو، ڕێگای قوتابخانەم دوور بوو، جاری وابوو كەس نەبوو لەگەڵی بچم، ئەو ڕۆژە ناچار لە خوێندن بێبەش دەببوم. بەڵام هاوڕێ و مامۆستاكانم هاندەر و یارمەتیدەرێكی زۆر باش بوون، بەردەوام هانیان دەدام، بەردەوام بم».

“وەلید ئەحمەد: پێویستمان بە پشتگیریی خێزان و حكومەت هەیە، تا بتوانین كار و پڕۆژەكانمان برەو پێ بدەین”

وەلید، بە حەسرەتە لەوەی نەیتوانیوە وەك كەسانی ئاسایی لە خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامە خاوەن بەش بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نائومێدی بەرۆكی نەگرتووە، ماوەی نزیكە دە ساڵە خاوەن كارە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دوای ئەوە وازم لە خوێندن هێنا و چوومە خولێكی دروومانی جلوبەرگ، توانیم لەسەر پێی خۆم بوەستم، هەڵبەت وەك خاوەن داهات، نەك وەك كەسێك كە بە پێیەكانی بتوانێت هەنگاو بنێت».

كاتێك پەیامنێری گۆڤاری گوڵان، پرسیار لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە سەركەوتووە دەكات، كە پەیامت بۆ كەسانی وەك خۆت چییە؟ دەڵێت: «خاوەن پێداویستیی تایبەتیش وەك مرۆڤی ئاسایی خەون و ئاواتی هەیە، گرینگ ئەوەیە خۆڕاگر و كوڵنەدەر بێت. من لە ساڵی ٢٠١٤وە دووكانم هەیە، بێگومان ماندووبوونی هەیە، بەڵام هەر ئاسوودەم، چونكە نیازمەندی دەستی كەس نابم و یارمەتیی دایك و باوكیشم دەدەم. بۆیە داواكارم هەر بەڕێزێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت، پشت بە ئیرادە و توانای خۆی ببەستێت».

وەلید ئەحمەد، هاوكات داوا لە خاوەن پێداویستییانی تایبەت دەكات كە لە وەرزش غافڵ نەبن، ئەوەتا دەڵێت: «ماوەی ١٤ ساڵە وەرزشی سەر كورسیی باسكەی كەمئەندامان دەكەم لە یانەی ڕۆژ لە سلێمانی و ئەو هەموو ماوەیەش بە تەكسی هاتوچووم كردووە. بەڵام وەرزش شتێكە لە كەسی ئاسایی زیاتر بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت پێویستە كە لێیی غافڵ نەبێت».

ئەو كەسە خاوەن ئیرادەیە كە گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ساز كرد، بەوانەشەوە ڕاناوەستێ و داوا لە هاوحاڵەتەكانی خۆی دەكات، تێكەڵی بازاڕی كار بن، خۆیشی بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: «ماوەی دووساڵە وەكیلی كۆمپانیایەكی سویدیم بۆ فرۆشتنی كورسیی كەمئەندامان كە كورسیی هەرە پێشكەوتووی سەردەمن».

لە وەڵامی دوا پرسیاریشدا كە بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت چ داواكارییەكتان هەیە؟ گوتی: «ئێمە پێویستمان بە پشتگیریی خێزان و حكومەت هەیە، تا بتوانین كار و پڕۆژەكانمان برەو پێ بدەین و تێیدا سەركەوتوو بین. كێ لەم ڕۆژگار و سەردەمەدا بە ١٥٠ هەزار دەژیت؟ ئەی ئەگەر كرێچی بێت و لە ناو خانووی بەكرێدا بژی؟ ئایا خاوەن ماڵ نایخاتە سەر شەقام؟

وەلید ئەحمەد، هێشتا ژیانی هاوسەریی پێكنەهێناوە، بۆیە بە نیگەرانییەوە وەك دواوتەی گوتی: «من سەرەڕای هەموو هەوڵەكانم بۆ خۆپێگەیاندن، نەمتوانیوە ژیانی هاوسەری پێك بهێنم، چونكە داهاتێكی وام نییە، ئەمەش عەیبە نییە..بەڵام لایەنێك هاوكارم بێت، دەتوانم  هەم كارەكەم گەورەتر و باشتر بكەم، هەم ژیانی هاوسەری پێك بهێنم».

.

… گولان میدیا.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.