▪ ١٩ پرسیار بۆ هەڤاڵانی یەكێتی!
ئەسرین عاسی شوانی
من جگە لەوەی هاووڵاتییەکی ئەم کوردستانەم، لە هەمان کاتدا بەوردی چاودێریی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەکەم، لە ناخەوە پەرۆشم بۆ ئایندەی، بۆیە ڕێگەم بدە چەند پرسیارێکت لێ بکەم:
١ – پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی دەرگاکانی کردووەتەوە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی هەڵبژاردن، ئێوە بۆچی دایدەخەن؟
٢ – رێگەی مەرگی سلێمانی – کەلار بۆچی تەواو ناکرێ؟
٣ – شەقامی ١٠٠ مەتریی پشتێنەی سلێمانی بە کوێ گەیشت؟
٤ – داهاتی ناوخۆ (ئاو و کارەبا و باج و هاتوچۆ و شارەوانی و تاپۆ و …..) چییان بەسەر دێ؟
٥ – جار جار پارەی بانكەكانی سلێمانی نەدەما و خانەنشینان لەجیاتی ڕێز، لە ڕیزی مووچەدا دەبوورانەوە و دەمردن، بەڕاست ئەو پاراناتان بۆ كوێ برد؟
٦ – بۆچی هیچ خزمەتگوزارییەکی گشتی لە سلێمانیدا بەدی ناکرێ؟
٧ – بە سەربازگەکردن و بەحزبیكردنی دەسەڵات لە زۆنی سەوز لەپای چی و کێ لێی بەرپرسیارە؟
٨ – تیرۆری هاوکار جاف و موراد کانی کوردەیی بۆچی؟ ئاخۆ كەیسی تیرۆركردنی فەرماندە ئاکام بە كوێ گەیشتبێت؟
٩- ئەی پرسی ژەهرخواردكردنی ئەو هەموو سەركردەیەتان، چی لێ هات؟ بۆچی قڕوقەپی لێ كرا؟
١٠ – دەست بەسەرداگرتنی زەویی سلێمانی و گردەکانی ناوشار و تاپۆکردنی (گردی ئەندازیاران و گردی زەرگەتە و گردی باخی بەختیاری) لە بەرژەوەندیی گشتیدایە، یا هەڵقرچاندنی شارە بە گەندەڵی؟
١١- ئەو هەموو دارستانی سنەوبەرە بۆچی سووتا؟ كێ سووتاندنی؟ ئەی كی دەستی گرت بەسەر زەوزیی دارستانەكاندا؟
١٢ – دابەشکردنی زەوی بە هەڕەمەکی و پێدانی بە کۆمپانیا و کەسایەتی و هەوادارانی حزبتان مانای چی دەبەخشێ؟
١٣ – دزینی داهاتی زۆروزەوەندی خاڵە گومرگییە سنوورییەکان و مەرزەکان کێ دەیكا، کە بە دانپێدانانی لاهوور جەنگی، هەم ئامۆزا و هەم هاوسەرۆک و مەلا بەختیاری هەم خەزوور و هەم ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندیی حزبەکەت، تەنیا لە مەرزی باشماخدا، شەوانە ملیۆنان دۆلار دیار نامینێ؟
١٤ – دۆستایەتیی ئێوە لەگەڵ قەیس خەزعەلی و رەییان کلدانی خزمەت بە پرسی نەتەوەیی دەکا، یا ئاشتەوایی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان؟
١٥ – کێ بوو؟ بۆچی و هۆی چی بوو؟ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەنجام درا و تا چەند زەبری لە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دا و ئەو لێژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە داتاننابوو کارەکەیان چی بەسەر هات؟ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی بوو، یان بەڕاستتان بوو؟
١٦- بۆچی لێناگەڕێن حكوومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتی ناوچەكانی بن دەست هێزە ئەمنییەكانتان بكات؟
١٧ – بەرنامەی ئێستاتان بەردەوامبوونە لەسەر ڕەفتارە دزێو و قێزەونەکان، یا نیازتان وایە بەخۆتاندا بچنەوە؟
١٨- لە ناوچەكانی بن دەست هێزە ئەمنیەكانی ئێوە، ماوەیەكە هەفتانە كادیر و سەركردەی پەكەكە دەكوژرێن و هەروەها كادیر و پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش تیرۆر دەكرێن، ئەرێ ئێوە خەبەریان لێ دەدەن، یان رووداوەكان قەزاوقەدەرن؟
١٩ – دوایین پرسیارم ئەوەیە: ئەمەی دەیكەن پەیڕەوكردنی رێبازی مام جەلالە وەك خۆتان بانگەشەی دەكەن، یان لە رێبازەكەی مام لاتانداوە؟
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.