▪   ٨ مارس ٨ی ژن و ژەنین و ژیانەوە

کەلارا ئەمین

ژن ئەو هێزەیە بەدەستێکی لانک دەهەژێنێت بەدەستێکیشی جیهان
(ناپلیۆن)

٨ی مارس ڕۆژی هەبوونی هەشت مافی ڕەوای ژن

١-مافی فێربوونی زانست و مەعریفە
٢-مافی متمانەکردن بە توانای ژن
٣-مافی سەیر نەکردنی وەک کاڵا و هەڵسەنگاندی بە جوانی عەقڵ
٤-مافی نەمانی هەڕەشەی کوشتن و زەوتکردنی ژیان لە ژێر ناوی شەڕەف
٥-مافی بڕیاڕدان لەسەر داهاتوو لەسەر بنەمای ئازادی نەک دین و کۆمەڵگا
٦-مافی گەیشتن بە هەموو پلەکانی دەسەڵات و زەمینە سازان هەر بە چەشنی پیاوان
٧-مافی وەرگرتنەوەی حەقی ئەو ژنانەی بونە قوربانی لە ڕێگەی ئازادی
٨-مافی هەبوونی ژیانێکی رەها و بەرزنرخاندی ژنان لە لادێکان لە پای ماندوو بوون و هیلاکیان

داواکردنی یەکسانی بۆ ژن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئەفڵاتون کە لە سیستەمی چینایەتی (کاست-ی) کۆنی هیندەکان ژنانیش وەکو پیاوان بۆ خزمەتکردنی گشتی ڕۆڵی تایبەتی خۆیان هەبوە. ئەفڵاتوون لە ساڵانی ٣٤٧ بۆ ٤٢٤ پ.ز ژیاوە لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا خەونی هەبونی دەوڵەتێکی هەبوە کە ژنانیش بتوانن بگەنە پلەی چینی خاوەن دەسەڵاتەکان و بە لێوەشاوەیی خۆیان دەسەڵاتداری بکەن وە دەتواندرێت کەڵک لە ژیری ئافرەت وەربگیردرێ.ئەفڵاتوون پێی وابووە کە ژنانیش خاوەن ئەو هێزە هۆشیەن کە پیاوان هەیانە، بەو مەرجەی ژنانیش وەک پیاوان یەکسان پەروەردە بکرێن و ڕابهێندرێن. ئەفڵاتون قوتابی و پیاڵە هەڵلوشی فەیلەسوفی گەورە سوکرات دەڵێ ژنانیش وەک پیاوان پڕتوانا و وزەن ئەگەر بێت و تەنیا بۆ هەڵسوڕاندنی کار وباری ماڵ و پەرستاری منداڵ تەرخان نەکرێن
لە ڕۆژی ٨ی مارسدا هەزاران سڵاو لە روحی پاکی ژینا و ژیناکان و هەموو ئەو ژنانەی بونە قوربانی لە ڕێگەی ئازادی و درود بۆ گیانی ئەو ژنانەش بە پەتی ئازار هێشتا لەژیاندان و کەچی هەڵواسراون و پەلەقاژەی ژیانیانە.
هەموو شتێک خراپ نیە نا بێگومان جێگەی دەستخۆشیە کە کوردستانەکەمان شان بەشانی وڵاتانی جیهان دەرگانی کرانەوەی بەڕووی خانماندا کردۆتەوە و بەشێکی باشی کۆمەڵگا تونیویەتی لەژێر سایەی حوکمەت بە ئازادانە کار لەسەر بەدیهاتنی خەونەکانی بکات، بەڵام ئەوەش مانای ئەوەنیە کە هەموو ژنانی کۆمەڵگا بە خەونەکانیان گەیشتون چونکە بەداخەوە ئێمە هێشتا لەسەردەمێکین تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆری ژنانیش ناچار دەکرێن بە چەوسانەوە و ڕازیبوون بەو شتانەی کە بڕوایان پێی نیە، هەتا ئێستاش بەشێکی زۆری کۆمەلگا ژن وەک کۆیلە دەبینێت و پێیان وایە ژن و شەڕەف و فیشەک یەکسانن.وە زۆر ژنیشمان ماوە لە ژێر هەڕەشەی کوشتن و خنکان و لێدان و توندوتیژیدان. بەوهیوایەی ڕۆژێک بێت هەموو ژنێکی کورد ئازادانە لەژێر چەتری ئازادی بەخەونەکانمان بگەین. بونی ژن واتا بونی هێز،بونی ئاوەدانی، بوونی جوانی بونی میهرەبانی و بوونی ژیان. هەر بۆیەش لەهەرکوێیەکی دونیا ژن ئازاد بێت لەوێ پێشکەوتن و جوانی ژیان هەستپێکراوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.