▪ پارتی، پیلان شكێن ، دوژمن به‌رزێن و جاش به‌زێنه‌


رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

لاپه‌ره‌كانی مێژوویی دوێنی و ئێستامان گه‌واهیده‌رن كه‌ ، كاتێك نه‌ته‌وه‌یی كورد زۆر نائومێد ببوو له‌ ئاكامی شكست و دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشه‌كانی كورد له ‌هه‌موو ناوچه‌ و پارچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان كه‌ زۆرینه‌یان به‌ ئاگر و ئاسن دامركێندرابوونه‌وه‌، بۆیه‌ خەڵك پێی وابوو پێویستە له‌ پاڵ شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری ڕێكخستنێكی حزبی پته‌و و تۆكمه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌موو هێز و تواناكانی گه‌ل ڕێكبخات و له ‌خزمه‌ت بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان بەكاری بهێنێت

هه‌روه‌ها له‌ بیرمان نه‌چێت كه‌ داگیركه‌ران و دووژمنان نه‌ته‌وه‌یی كورد ، چه‌ك و پیلانگێری و گه‌له‌كۆمه‌كی هه‌ڕێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی و ناخۆیی نه‌ما دژی پارتی و بارزانی به‌كاری نه‌هێنن ، به‌ڵام پارتی و رێبازی بارزانی رۆژ به‌ رۆژ هه‌ر وه‌ك دار به‌رووكه‌ به‌هێزتر له‌ جاران بوونه‌ چه‌قڵی چاویی دوژمنان وناحه‌زان و هه‌رگیز مه‌یدانی خه‌بات و كوردایه‌تیی یان به‌جێنهێشت و ده‌ستبه‌رداری دۆزی ره‌وایی كورد وكوردستان نه‌بوون .

پارتی له‌ خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی له‌ رابردوویی رژێمه‌كانی پێشوویی عێراق تا له ‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس، پارتی رۆڵی هه‌بوو له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق كه‌ تێیدا سیسته‌می فیدراڵی بۆ عێراق چەسپێندرا و زۆرینه‌ی مافه‌كانی كوردی تێیدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌. هه‌ر پارتی بوو هه‌مووكاتێك له ‌به‌رپرسیارێتی ڕاینه‌كردووه‌ و گه‌لی كوردستانی جێنه‌هێشتووه‌ و له‌گه‌ڵ ئێشوئازاره‌كان بووه‌ و به‌رگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی گرتووه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م هەڵوێستانەشی باجی زۆری دابێت. مێژوو گه‌واهیده‌ره‌ كه‌ پارتی به ‌هه‌موو توانای شه‌ڕی تیرۆرستانی داعشی كردووه‌ و ئەفسانەی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمەرگە و بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی تێكشكا.

هه‌روه‌ها پارتی خاوه‌نی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ركه‌وتنی ده‌نگی 93%ی به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانە له‌ 25ی 9ی 2017.پارتی خاوه‌نی داستانی پردێ و سحێلا و مه‌حموودیه‌ كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ پیلانگێری فاشیزمی شیعه‌ ونۆكه‌رانیان پاراست. هه‌ر پارتییه‌ كه‌ خاوه‌ن هێڵێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ كه‌ له مێژووی خۆیدا زۆرترین هاوكاری پێشكه‌ش بزاڤی رزگاریخوازی كورد له ‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان كردووە.

بۆیه‌ ،پارتی وه‌كو پرەنسیپێكی چه‌سپاو له ‌مێژووی خۆیدا، هه‌رگیز سازشی له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان و خاكی كوردستان نه‌كردووه‌. ئێستاش پارتی به‌هێزتر و به‌ ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین رووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌وڵێكی دوژمنان وناحه‌زانی گه‌لی كورد ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ رابردوو و ئێستا وداهاتووش خه‌ونی له‌باربردنی ئه‌زموون و ده‌ستكه‌وته‌كانی و شكاندنی شكۆ و ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌بینن و هه‌رگیز ڕێگه‌نادات جارێكی تر خاك و گه‌لی كورد بكه‌وێته‌ ژێر پۆستاڵی دوژمنان و به‌كرێگیراوانیان .

پارتی هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رگریكردن و داكۆكیكردن بووه‌ له‌ مافه‌ره‌واكانی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی و له‌و پێناوشدا قوربانیی گه‌وره‌ و باجی قورسی داوه‌ به‌ڵام هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بووه‌ كه‌ سازش له‌ سه‌ر بچووكترین و یه‌ك بست خاكی كوردستان بكات . بۆیه‌، پارتی هەر سەردەكەوێت چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دایكە و یەكەم پارتی نەتەوەییە، پارتی شكستی بەپیلانگیرانی نەیارانمان هێنا ، پارتی دوژمن به‌زێن و پیلان تێكشكێنه‌ ، پارتی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و هێزه‌ و پارتی دوژمن به‌زێن و پیلان شكێن و جاش به‌زێنه‌ و شكست بە پیلانگیرانی دوێنی و ئه‌مڕۆ و سبه‌یش دێنێت ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.