▪ پارتی و کەرکوک دووانەی دانەبڕاو

فرسەت سەید شکور

بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و شۆڕش و بەرخۆدانە یەک لە دوای یەکەکانی، کەرکوک و کەرکوکییەکان ھەردەم کۆڵەکە و ڕاگری شۆڕش و جووڵانەوە سیاسیی و سەربازییەکانی بوون, لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان جوگرافیا و پرسی نەتەوە، گرفتی ھەڵپەسێردراوی بەردەوامن، بە ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی سەدان ساڵی پێشووی کەرکوک بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کەرکوک شارێکی کوردستانیی ڕەسەنە و دانیشتوانی دێرزەمانی ئەم جوگرافیایە ھەر نەتەوەی کورد بووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەرسێ ناوی (باباگوڕگوڕ) و (کورکوا) و (کارکوک) ھەر کوردییە و بەڵگەی کوردستانی بوونی کەرکووکە لە چەند ھەزار ساڵ لەمەوبەرەوە. بەڵام گرنگی جیۆپۆلیتیکی و سنووری کەرکوک وایکردووە ھەمیشە جێگە تەماحی وڵاتانی ناوچەیی و ھەتا دەرەکیش بێت، (تەعریب، ڕاگواستن، ململان سیاسیی و مەزھەبییەکان) لە گرفتە سەرەکییەکانی کەرکوکن. دەسەڵاتی عێراق بە ھەموو جۆرەکانییەوە ھەر خەریکی ھێنانی عەرەب بوون لە باشوورەوە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی حەویجە.

لە دوای دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کوردستان) دروست بە بڵاوبوونەوەی بیری پارتایەتی و ڕێبازی بارزانی وەک ڕێبازێکی نەتەوەیی خاکپارێز، ھەمیشە ھەوڵی ئەوەیداوە کە ڕەسەنایەتی بۆ ھەموو شوێننانە بگەڕێنێتەوە، کە نەیارانی کورد بە زوڵم و ستەم زەوتیان کردووە، ڕەنگە مساوەمە نەکردنی پارتی و بە دیاریکراویی (مەلا مستەفا بارزانی/بارزانی نەمر) لە ناوەڕاستی حەفتاکان، باشترین نموونە و بەڵگەی بەھا و بایەخی کەرکوک بێت لەلای پارتی و تاک بە تاکی ئەندامانی ئەم حیزبە، خۆ ئەگەر لە دوای ھاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سنووری شاری کەرکوک و دەوروبەری بڕوانین ئەوەش نادیدە نییە کە پارتی بە خوێن لەماوەی شەڕی داعشدا ئەو خاکەی بە خوێنی پێشمەرگەکانی پاراست لە کاتێکدا؛ سەرۆک بارزانی لەنزیکەوە چاودێری پاراستنی کەرکوکی دەکرد و بەردەوام ڕێنمایی دەدایە ھێزەکانی پێشمەرگە و بەرپرسانی ئیداریی شارەکە، و دەیان شەھیدیش لەو پێناوە چوونە ڕێزەی خەباتگێڕانی مێژووییەوە.

پارتی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کەرکوک بە ھەموو دونیای گووت؛ کە کەرکوک شارێکی کوردستانییە، ئەگەر ئەمە دروشم بێت خۆ دەنگدان و سندووقەکانی ھەڵبژاردن سەنگی مەحەکن، کە سەروی سەدا نەوەدی ئەم (کەرکوک-خانەقین-دووز) و تەواوی گوند و قەزا و ناحییەکانی دەنگیان {بـەڵێ} بوو سەربەخۆی کەرکوک.

“ھەڵوێستی مەلا مستەفا بارزانی لەبارەی کەرکوک”

کاتێک وەفدی عێراقی سەردانی مەلا مستەفایان کرد بەمەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستان، وەفدی عێراقی هەوڵی زۆری دەدا کەرکوک لە کوردستان داببرێت و مۆرکێکی عێراقی پێ ببەخشێت، یەکێک لە ئەندامانی وەفدەکەی عێراق بە بارزانی دەڵێت: بەرێزتان لە ئێمە باشتر دەزانن، کەرکوک تەنها کوردی تێدا ناژی هەریەکە لە عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشورییەکانیشی تێدا دەژین ناکرێت بە تەنها بۆ کورد بێت،
لەو کاتەدا بارزانی ھیچ قسەیەکی نەکرد و داوای کرد سینییەکی بۆ بێنن، کاتێک بۆیان هێنا لە بەردەم وەفدەکەی دانا داوای لێکردن: هەریەکە و شتێکی تایبەتی خۆی بکاتە ناو سینییەکە، وەفدەکە سەریان سوورما و گوتیان بۆ دەبێت ئەم کارە بکەین؟ مەلا مستەفا بارزانی، دووبارە داوای لێکردنەوە ئەوانیش هەریەکەو شتێکیان کردە ناو سینییەکە،
بارزانی سینییەکەی هەڵگرت و گووتی: ئەوشتانەی ناو سینییەکە هی کێیە؟ ئەوانیش گوتیان؛ هی ئێمەیە
بارزانی دووبارە پرسیاری کرد ئەی سینییەکە هی کێیە ئەوانیش گوتیان گومانی تیانییە کە هی ئێوەیە،
بارزانی گووتی: ئێستا هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم سینییەکە سەرەو خوار بکەمەوە و هەرچی لە ناو سینییەکەدایە فرێی بدەم، چونکە سینییەکە هی خۆمە ناتوانن نکوڵی لەو راستییە بکەن؟
وەفدەکە گووتیان بەڵێ حەق بە تۆیە،
مەلا مستەفا لەو کاتەدا زۆر بە ڕاشکاوانە پێی گووتن:
ئێستا کەرکوکیش وەک ئەم سینییە وایە خاکی خۆمانە ئەگەر هەر کاتێک ئارەزوومان لێ بێت ڕێگە نادەین، جگە لە کورد کەسی تری تێدا بژیت،
بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز مەیلمان لە شەرو ئاژاوە نەبووە، بەردەوام وەک برا لەگەڵ نەتەوەکانی کەرکوکادا ژیاوین، بەڵام دەبێت ھەمیشە ئەو راستییەتان لە بەرچاو بێت کە کەرکوک خاکی کوردستانە و ھیچ کەسێک ناتوانێت (کەرکوک) لە کوردستان دابرێت.

ئەگەرچی پارتی لە ئێستادا بارەگاکانی لە شاری کەرکوک کراوە نییە و دۆخی داسەپێنراوی سەربازی بەسەر شارەکەدا پێ قبوڵ ناکرێت، بەڵام دواین ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە کەرکوک ئەوەیان بۆ ھەموولایەک سەلماندا کە پارتی لە ڕووح و دڵی کەرکوکییەکاندا ڕەگی داکووتیووە و دووانەیەکی دانەبڕاون، لە ئێستاشدا خەڵکی کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان چاویان لە گەڕانەوەی پارتییە بۆ شارەکە، چونکە دڵنیان لە مساوەمە نەکردن و پارێزبەندیان لەمەڕ ھەموو ئەو زوڵم و ستەم و نایەکسانییەی لەنێوان ھاونیشتمانیانی شارەکەدا دەکرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەماوەی ڕابردوو و ئێستاشە پرسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی کردۆتە بنەمای یەکەمین و سەرەکی گفتوگۆکان، گرنگترین ئەو پایە بنەڕەتیانەی کە پارتی وەک ھەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ماددەی 140 و کارپێکردنی خستنیە گەڕ پەیوەستن بە رێزگرتنی بڕی ئازادیەكانی خەڵك‌ و مافەكانی هاوڵاتیان، کە ئەو ماددەیە لەسەر شاڕێگەی دیموكراسی، رادەی گەشەكردنی سیاسی‌ و ئاشتی نێوان ئاین‌و ئاینزاكان‌ و گروپە جیاوازە كۆمەڵایەتیەكان بەرز دەكاتەوە‌و زەمینەی كۆمەڵگایەكی پێشکەوتوو پێگەشتوو لە شاری کەرکوک دەڕەخسێنێت کە تا ئێستا بەھۆی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کورد لە شارەکە کە زۆرینەیە، ئەم ئامانجانە نەھاتوونە دی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.