▪ پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە
فرسەت سەید شکور
پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە (Nation Building) یەكێكە لەو پرۆسانەی، كە بە قۆناغێکی دژوار بۆ نەتەوە دادەنرێت، لە ڕاستیدا ئەمە بەو واتایە نایەت، کە لەپێشدا ئەم پرۆسەیە نەتەوە نەبووە، بەڵكوو لە زانستی سیاسەت بەو مانایە بەكار هاتووە، كە پێویستە فاکتەر و کارتێکەرە گرنگەکانی نەتەوە بۆ پاڵپشتیكردن و چەسپاندنی دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات بەکار بخرێن، هەروەها بۆ ئەوەی هاوئاهەنگییەکی دروست لەنێوان وڵات و كۆمەڵگەدا هەبێت و دەوڵەت و كۆمەڵگە پێكەوە هاوكار بن لە ڕەتكردنەوەی دەستێوەردانی دەرەكی و هەڕەشەی دەرەكی بۆ سەر دەوڵەت.
بنیاتی نەتەوە (Nation Building) جیاوازە لە زاراوەی بنیاتی دەوڵەت (State Building)، لەبەر ئەوەی زۆر لە نەتەوەكان سەدان ساڵ خاوەنی دەوڵەت بوون، بەڵام لە یەكێك لە قۆناغەكانی نەتەوەدا، پێویستیان بە پرۆسەی بنیاتی نەتەوە بووەتەوە، كەواتە لێرەوە دەكرێت بڵێین، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە، پرۆسەی دووبارە پێناسەكردنەوەی ئەو دەوڵەتەیە، كە هەیكەل و ناسنامەی نەتەوە بە شایستەی شكۆی نەتەوە پیشان دەداتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەگەر نەتەوەیەك خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، دەتوانێت پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە چوارچێوەی كیانێكی بێ سەروەریی دەست پێبكات؟ بێ گومان مێژووی پرۆسەكانی بنیاتنانەوەی نەتەوە پێمان دەڵێت، بەڵێ هەیە، هەر بۆ نموونە، تایوان ئەو هەرێمەیە كە خاوەنی پڕۆژەی بنیاتنانەوەی نەتەوەیی خۆی بووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستاش ئەو مەسەلەیە لەئارادایە، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان تێكەڵاوی چین بێتەوە.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایا دەكرێت نەتەوەیەك پارچە پارچە كرابێت و لە بەشێكەوە دەست بە پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە بكرێت؟ ڕەنگە ئەڵمانیای دوای شەڕی دووەمی جیهان و كۆریای دوای شەڕی ساڵی 1953 پێمان بڵێن؛ بەڵێ دەكرێت، هەروەك چۆن ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ لەدوای دووەم شەڕی جیهان و لە چوارچێوەی پڕۆژەی مارشاڵدا دەستی پێكرد و دواتر دوای ڕووخانی دیواری بەرلین ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەڵمانیای ڕۆژئاوا یەكی گرتەوە و پرۆسەكە بوو بە پرۆسەیەكی سەرتاسەری، هەروەها بۆ ئێستای كۆریای باشووریش دەبینین.
كۆریای باشوور لەدوای ساڵی 1953 دەستی بە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە كردووە، بەڵام هێشتا بەشێكی گەلی كۆریا لە باكوور دەستیان پێنەكردووە، ئەم ئاراستەیە پێمان دەڵێت، پرۆسەی بنیاتی نەتەوە، واتە پرۆسەی بنیاتی دەوڵەتی دامەزراوەیی، كە دەبێتە سەرەتا بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەروەریی یاسا و دەوڵەتی دیموكراتی، كەواتە كاتێك دێین باسی ئەم پرۆسە گرنگە دەكەین، گرنگە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی، بەوەی هەموو نەتەوەیەك مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی بێت، ئەمەش ئەو مانایەی لێ دەخوێنرێتەوە، كە دەوڵەت نابێتە ڕێكخەری هەیكەل و ناسنامەی نەتەوە، ئەگەر ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێكی دامەزراوەیی نەبێت، ئەمانە پێمان دەڵێن پرۆسەی بنیاتی نەتەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بوونی دەوڵەت وەك مەرجی پێشوەختە نییە و لە هەمان كاتدا پێمان دەڵێت، پرۆسەی بنیاتی نەتەوە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە.
پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە وڵاتانی دوای شەڕ، یان تازە سەربەخۆ
عێراق لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا (1920- 1958) هەم ئەندامی كۆمەڵەی گەلان بووە و هەمیش ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە، بەڵام كاتێك لە ساڵی 1958 ڕژێمی پاشایەتی ڕووخا، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە عێراقدا دەستی پێكرد، بەو مانایەی عێراق ببێتە ئەو وڵاتەی كە هاووڵاتییانی خۆیان بە هاووڵاتیی عێراق بزانن، هەر بۆیە دوای نووسینەوەی دەستووری كاتی و دانانی بەندی 3 لەو دەستوورە كاتییە، بەوەی عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەبە، گەلی كورد پشتگیریی لەم دەستوورە كرد و ئامادە بوو بەرگری لە كۆماری عێراقیش بكات، بەڵام دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم لەو بەڵێنانەی پاشگەز بووەوە، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە عێراقدا هەرەسی هێنا، كورد نەك ئامادە نەبوو بەرگری لە كۆماری عێراق بكات، بەڵكوو لە بەرامبەر هەموو حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق شۆڕشی بەرپا كرد، بۆ ئەوەی پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە عێراقدا بخاتەوە سەر ڕێچكەی خۆی و كورد و عەرەب و توركمان و كلدان و ئاشووری و سریانی و ئێزدی بە مافە نەتەوەیی و ئایینەكانی خۆیان شاد بن.
بەڵام ئەم هەوڵە هەتا ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003 بێ ئاكام بوو، بۆیە جەنابی بارزانیی نەمر لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوەی كوردستانی دەست پێكرد، ئەمەش بەو مانایەی، هەموو نەتەوەكانی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و زمانەوە، وەك یەك نەتەوە یەكسانن لە مافی هاووڵاتیبوون و جیاوازیشن لە زمان و ئاییندا، ئەم پرۆسەیەی بارزانیی نەمر لە شۆڕشدا پیادەی دەكرد، توانا و ئیرادەی نەتەوەی كوردستانی یەك خستبوو، نەك بۆ بنیاتی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بەڵكوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق ئەو توانایەی بۆ دروست بێتەوە، كە بتوانێت ئاشتی دروست بكات و توانا و ئیرادەی عێراقییەكان بەو ئاراستەیە هەڵبسووڕێنێت كە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان وەك یەك نەتەوە، مافی هاووڵاتیبوونیان هەبێت و پارێزگاری بە جیاوازیی ئایین و زمان و بیروبۆچوونی هەر یەكەشیان بگرێتەوە.
ئەمە دروست بەو مانایەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، تاكێكی كوردستانی (كورد بێت، یان توركمان، یان كلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن)، (موسڵمان بێت، یان كریستیان، یان ئێزدی، یان كاكەیی، یان زەردەشتی، یاخود سابئە)، ئەمانە هەموویان وەك تاكی گەلی كوردستان یەكسانن لە مافی هاووڵاتیبوون و ناسنامەی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئایینی نە هیچ شتێك لەو مافە زیاد دەكات، نە هیچ شتێكیش لەو مافە كەم دەكاتەوە.
ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك هەوڵێكی سەركەتوو لە پرۆسەی بنیاتی نەتەوەدا
پێش ئەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان هەبێت، گەلی كوردستان هەبووە، بەڵام ئەم بوونە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەسەلمێنراو و نەناسراو بووە، بەڵام بە رێكخستنی هەیكەل و ناسنامەی ئەم گەلە لەمیانەی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، ئێستا وەك دەبینین نەك هەر ئیرادەی ئەم گەلە دانی پێدا نراوە، بەڵكوو هەموو جیهان ئامادەیە مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەم هەرێمەدا هەبێت و ئامادەن كونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی خۆیان لەم هەرێمە بكەنەوە، ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوەستەكردنە، هەموو جیهان دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاستی دامەزراوەی دەوڵەتانی هاوچەرخ هەڵدەسەنگێنن، بەڵام ئامادەش نین وەك دامەزراوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دانی پێدا بنێن.
لێرەدا ناكرێت گلەیی ئەوە لە دەوڵەتانی جیهان بكرێت كە كوردستان وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری ناناسن، چونكە، یەكەم: بزووتنەوەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان خۆی یەكێك لە ئامانجەكانی فیدراڵی و دیموكراتییە لە عێراقدا و داوای جیابوونەوەی نەكردووە، دووەم: هەم دەوڵەتانی جیهانیش ئومێدی ئەوەیان بە هەرێمی كوردستانە، كە پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە عێراقیش هاوشێوەی هەرێمی كوردستان سەركەتوو بێت، بەڵام ئەگەر لە لایەكی دیكەوە سەیری پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە هەرێمی كوردستان بكەین و بپرسین، كە ئێمە هەوڵەكانمان بۆ بنیاتی دەوڵەتی سەربەخۆیی خاوەن سەروەری نییە، بۆچی دەستمان بەم پرۆسەیە كردووە؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، پرۆفیسۆر ئەنتۆنیۆ داماتۆ، ڕاوێژكاری یاسایی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كۆسۆڤۆ، دەڵێت؛ كە پێویستە پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەت زەمینەی یاسایی بۆ دەوڵەتی كوردستان بڕەخسێنن، ئەمە مانا ئەوەیە، پرۆفیسۆر داماتۆ داوای ئەوەمان لێ دەكات، كە پێویستە هەرێمی كوردستان لە ڕووی یاساییەوە مەرجەكانی دەوڵەتی تێدابێت، پێش ئەوەی بیر لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بكرێتەوە، واتە كیانێكی سیاسی، كە مەرجە یاساییەكانی دەوڵەتی تێدابوو، ئەگەر نەبێتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و ئەندامیش لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوا جیهان وەك دەوڵەتی دیفاكتۆ ڕێزی لێ دەگرێت و ئامادەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكات و وەك ئەندام لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە وەری بگرێت.
هەروەك چۆن ئێستا تایوان دەوڵەتێكی خاوەن سەروەرییش نییە، بەڵام ئەندامی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO)یە، هەرێمی كوردستانیش كە ناكرێت لە هەندێك ڕووەوە بە تایوان بەراورد بكرێت، چونكە لانی كەم تایوان تا ساڵی 1971 دەوڵەتێكی سەربەخۆ بووە و نەك هەر نوێنەرایەتیی تایوان، بەڵكوو نوێنەرایەتیی چینیشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، بەڵام لە ڕووی هەنگاوهەڵگرتن بۆ بنیاتی دامەزراوەكان و كرانەوەی ئابووری و هەنگاوی خێرا بۆ پەرەپێدان، لە زۆر ڕووەوە نەك هەر كوردستان لە تایوان دەچێت، بەڵكوو لە زۆر لایەنەوە، بەتایبەتی لەلایەنی دیموكراتی و ژیانی فرەیی سیاسی و ئازادیی ڕادەبڕینەوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كوردستان زۆر لە تایوان پێشكەوتووترە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.