▪ په‌یامی رێزدار کاک “نێچیرڤان بارزانی” بۆ یادی ٧٠ساڵەی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان….

هەڤاڵان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان

لە حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستاندا، به‌ گەرمى پیرۆزبایی لە خۆتان و كادیر و ئەندامانی ڕێكخراوەكەتان و سەرجەم لاوانی كوردستان دەكەم، هيوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێزتان بێت بۆ بەردەوامبوون لە کار و خەباتی زیاتر بۆ بەرگریکردن و خزمەتکردنی خواستەکانی لاوانی کوردستان.

ڕێكخراوه‌كه‌تان خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خەباتێکی مەدەنیی نیشتمانییە. هەمیشە کۆکەرەوەی توانا و بەهرەکانی لاوانی کوردستان بووە، جگە لە بەخشینی چەندین شەهیدی قارەمان، چەندین سەرکردە و تێکۆشەری لێهاتووی بۆ گەلەکەمان پێگه‌ياندووه‌.

کار و خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان بەرز دەنرخێنين و وێڕاى سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نەوەکانی پێش خۆتان، ده‌‌بێ بە دیدێکی نوێخواز و داهێنەرانە و میکانیزمی سەردەمیانەوە، خەباتی ڕێکخراوەییتان ئاراستە بکەن. ڕۆڵی کاریگەرتان هەبێت لە هاندان و پشتیوانیکردنى لاوانی بەهرەدار و لێهاتوو، پتەوکردنی هەستی بەرپرسیاریەتی، بڕوابەخۆبوون، گیانی هاوکاری و نیشتمانپەروەری لەنێو لاواندا.

ئەرک و ڕۆڵتان بەتایبەتى لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان، بەرپرسیاریەتييه‌کی نیشتمانیی گرنگە. یەکێتییە تێکۆشەرەکەشتان هەمیشە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی و چاوەڕوانییە نیشتمانییەکانی گەلی کوردستاندا بووە و لەم لایەنەوە گەشبینین بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکەتان و پشتیوانتان دەبین.

هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاكى شەهیدانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و هەموو شه‌هيدانى کوردستان.

نێچيرڤان بارزانى
١٨/٢/٢٠٢٣

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.